یادگار ئیسماعیل، توێژەرو چارەسەركاری دەرونی

لە هەموو ساڵێكدا، وەرگرتنەوەی ئەنجامی نمرەی كۆتایی ساڵ، بەتایبەتی بۆ قوتابیانی پۆلی دوانزە، دەتوانێت هەستە جیاوازەكانی وەك دڵخۆشی، نیگەرانی، ترس یان فشارو توڕەیی دروست بكات، ئەو هەستانە بەشێكی سروشتییەو كاردانەوەیە بۆ دۆخەكە، بەڵام گرنگە بزانین كە نمرە تەنها یەك پێوەری هەڵسەنگاندنی ئەنجامی خوێندنە، نەك پێوەری گشتی بۆ بەها و كەسایەتی و زیرەكی یان داهێنان و دەبێت خێزان بەوریاییەوە مامەڵەبكات و ڕێز لە تواناو جیاوازییەكان بگیرێت.
لەڕوی زانستی دەرونزانی توانای مرۆڤەكان جیاوازە پێی دەڵێن جیاوازی تاكایەتی، ناكرێت هەموومان نمرەی بەرز بێنن هەموومان ببین بە پزیشك و ئەندازیارو پارێزەرو ...هتد، هەرگیز بەراوردكاری مەكەن، دایكان و باوكانی ئازیز قوتابیانی سەنگین ڕێز لە ئەنجام و تواناو بەشی خۆت بگرە، هەندێك كەس لە تاقیكردنەوەدا نمرەی بەرز وەردەگرن، بەڵام ڕەنگە لە بوارەكانی تر كەموكوڕیان هەبێت لە بەرامبەردا، زۆر كەس هەن كە لە قوتابخانە نمرەی ناوەند یان نزم دەهێن، بەڵام دواتر لە بوارەكانی بازرگانی، هونەر، زانست یان سیاسەت یان زۆر بواری تر سەركەوتو دەبن.
ئەگەر ئەنجامەكەت وەك ئەوە نەبوو كە چاوەڕوانت دەكرد، ئەوە كۆتایی ڕێگا نییە. ئەنجام تەنها دەرفەتێكە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی لە كوێدا پێویستت بە پەرەپێدان و هەوڵی زیاتر هەیە، كەوتن و نمرەی كەم ئەگەر لێی فێربیت، دەتوانێت ببێتە بناغەی سەركەوتنی داهاتوو پلان و گۆڕانكاری ڕوبدات.
توێژینەوە زانستییەكان دەڵێن كە پەیوەندییەك لەنێوان زیرەكی و ئەنجامی خوێندن هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندییە تەواوو تاكە پێوەر نییە بۆ بڕیاردان لەسەر توانای ڕاستەقینەو هەڵسەنگاندنی ڕەهەندە جیاوازەكانی ژیان و داهاتوو، ژیان زۆر لەوە فراوانترە پێوسیتە لەگەڵ بەرزڕاگرتنی توانای قوتابیە نمرە بەرزەكان، ڕێزو شكۆو توانای قوتابیانی دیكەش لەبەر چاو بگیرێت.
بۆ ئارامی دەرونی خۆت هەوڵبدە بەراوردكاری مەكە و بەها و كەسایەتی تۆلە نمرە زیاترە، بیرلە دەرفەتەكانی داهاتوو بكەرەوەو پەیوەندییەكانت باش بكە لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و دهوروبەر، ڕاستە نمرە گرنگە بەڵام تاكە ناسنامەی تۆ نییە، تۆ هەوڵی خۆت بدەو دەرئەنجام چی بوو قبوڵی بكەو هەوڵی گۆڕانكاری بدەو پلان و زیرەكی خۆت بۆ ئامانجەكانت بخەرەگەڕ..