زامۆئا داراغا
لە ساڵی ( 1919 ) مێجەر سۆن بۆ یەکەمین جار چاپخانەیەکی هێنا بۆ شاری سلێمانی، چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و بەیاننامەی بە زمانی کوردی پێ چاپکرا، ئەمە بووە هۆی وەرچەرخانێکی گەورە لە کایەی چاپ و چاپەمەنی و بڵاو کراوەی کوردیدا، بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی ئەدەب و وێژە و زمانەوانی و نووسینی کوردی گۆڕانکاری گەورەی بە خۆوە بینی، بەڵام تەنیا لەسەر ئاستی ئەدەب و وێژە و زمان کاریگەری نەبوو، بەڵکو گەر سەرنج بدەین لە ڕێگەی ئەم بڵاوکراوەنەوە هونەری شێوەکاری دەبینرا، لە ڕێگەی ئەم چاپەمەنی و بڵاو کراوەانەوە دە بینرێ کە هونەری شوەکاری لە چ ئاستێکدا بووە لەو سەردەمەدا، وە چەند گۆڕان کاری بەسەردا هاتووە، بە تایبەتی لەم سەد ساڵەی دوایەدا، بە شێوەی تابلۆ، هێڵکاری، مۆتیڤ، داڕشتنی وێنەی فێرکاری و فۆتۆگرافی، ئەمانە هەمووی وەک ئەرشیفێک یان وەکو دیکۆمێنتێکی گرنگ بەکار دەهێنرێت بۆ سود وەرگرتن لە خوێندنەوەی مێژووی هونەری شیوەکاری بە گشتی و هونەری شێوەکاری ئەو سەردەم و ئەو چەرخە.
سەرەتای گەشەکردنی هونەری شێوەکاری لە هەرێمی کوردستان، مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەردەی ڕابوردوو، بە تایبەتی دوای کردنەوەی پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە شاری بغداد لە ساڵی ( 1936 ) کە ئەو کاتە ناوی پەیمانگای مۆسیقای وەتەنی بوو، بۆ خوێندنی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی، لە ساڵی ( 1939 ) بەشی وێنەکێشانی تێدا کرایەوە، لە ساڵی ( 1940 ) ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان.
پاشان لە ساڵی ( 1958 ) ئەکادیمی هونەرە جوانەکان لە شاری بغداد دروست کرا وە لە ساڵی خوێندنی ( 1963 بۆ 1964 ) یەکەم خولی دەرچوونی خوێندکارەکان و وەرگرتنی بڕوانامەی ئەکادیمی و گەڕانەوەی ئەم خوێندکارانە بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان وە دامەزراندنیان لە سێکتەری پەروەردە و لە دام و دەسگاکانی حکومی، بووەتە هۆکارێکی گرنگ و بنەڕەتی بۆ دروست بوونی بزوتنەوەیەکی هونەری شێوەکاری نوێ لە هەرێمی کوردستان، کە لەوەو پێش بوونی نەبووە بەم شێوەیە.
لێرەوە هونەری شێوەکاری بوو بە شێوازێکی ئەکادیمی فێرکاری زانستی، وە لە هەمان کاتدا شێوەیەکی پسپۆری وەرگرت لە بواری پەروەردەی هونەری دا، کە ئەمە وای کرد کاریگەری دروست بکات لەسەر هونەری شعبی و و هونەری فۆلکلۆر و کاری دەستی کەلەپووری، کە ئەو کات باوی بوو.
( بە بڕوای من پێشتر هونەری شێوەکاری بوونی هەبووە، واتە پێش دروست بوونی پەیمانگا و ئەکادیمیا، بەڵام بە شێوەیەکی تر و لە ژێر ناوێکی تراد خۆی نمایش کردووە، بە شیوازێک و ستایڵێکی سادە و فطری و نەرێتی، کە لە بنەڕەتدا لە پێناوی ( هونەر )دا نەبووە بەڵکو بارگاوی بووە یان پاشکۆ بووە لە ناو کایەکانی تردا، وەکو باسمان کرد لە سەرەوە، بە تایبەتی لە ژێر هەژموونی نەریتی کۆمەڵایەتی سونەتی و دیینی و عەقڵییەتی خێڵ و تیرە تێکەڵ بووە، لەگەڵ هاتنی دەسگای چاپەمەنی و بڵاو بوونەوی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بە زمانی کورد، ئەمەش هەمووی پەیوەندی بە سیاسیەت و گۆڕانکارییە ئیقلیمی و جیهانییەوە بووە بە تایبەتی، دوای هاتنی داگیرکەری کۆلۆنیالیزمی ( ئینگلیز )ی ڕوخانی دەوڵەتی عووسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا و بارگاوی بوونی هونەری سونەتی و لۆکاڵی بە هونەری ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی ئەم هێزانەوە کە تازە هاتوونەتە ناوچەکەوە و کاریگەری و هەژموونی سیاسەتی ئینگلیز و دانانی سیستمی مەلەکی و دابەش کردنەوەی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای ئابووری و قانزاجی خۆی، لێرەدا ناتوانم ناوێکی تایبەتی لێ بنێم کە ئایا ئەوەی پێش ئەوە چەرخە!! ئایا هونەر بووە یان نا ؟؟ ئەم بابەتە ئەتوانرێت لە شوێنێکی تردا باس و لێکۆڵینەوەی زیادتری لێوەی بکەین )
بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ من جێی سەرنج و گرنگیدانە، لە دوای هاتنەوەی ئەم خوێندکارانە لە پەیمانگا و ئەکادیمی لە بغداد لەوە سەردەمەدا چ شێوەیەک لە هونەری شێوەکاری باو هەبوو، واتە چ شێوازێک و ستایلێ لە هونەری شێوەکاری چۆتە ناو خەڵکییەوە، تێکەڵاو بووە بە کاری ڕۆژانە و کایە جیا جیاکانی ناو کۆمەڵگە، وە چ هونەرێک بەر دیدی خەڵک کەوتووە بە تایبەتی لە ساڵانی شەست و حەفتاکان دا،، تا کردنەوەی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە ساڵی ( 1980 ) لێرەوە نموونەیەک دەهێنمەوە بۆ ئەم باسەمان کە بە بڕوای من زۆر گرنگە بۆ کۆی پڕۆسەی هونەری شێوەکاری لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە نەبوونی ئەرشیفێکی زانستی و معریفی و نەبوونی مۆزەخانە و دیکۆمێنت کردنی کارە هونەریەکانی ئەو سەردەمە بە هەموو بەشەکانی شێوەکاریەوە، ئەوەی جێی خۆشبەختیە کە ئەم کارانە لە ڕێگەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبەکانەوە ماونەتەوە، بەڵێ بە کوالیتیەکەی زۆر خراپ، بەڵام بەهەر حاڵ ئەتوانین لە ڕێگەی ئەم چاپانەوە هەندێ لە خەسڵەت و تایبەتمەندی ئەم هونەرە ببینین، لە هەمان کاتدا ئەتوانین شێوە و ستایل و هونەری ئەوە سەردەمە دیاری بکەین، بێ گومان بە هۆی ئەم بڵاوکراوانەوە دەتوانین ئاستی هونەر و ئاستی بیر کردنەوەی هونەرمەندانی ئەو سەردەمە بە ڕوونی بخوێنینەوە کە لە چ ئاستێکدا بوون بە بەراورد بەو هونەرەی کە بوونی هەبووە لە سەر ئاستی جیهان، بە تایبەتی هونەری ڕۆژئاوایی، لە هەمان کاتدا دەست نیشان کردنی ئاستی تێگەیشت و چێژوەرگرتنی خەڵک ( بینەر ) و بە تایبەتی لە ناو ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە لە بەرکەوتنیاندا بۆ ئەو هونەرە کە هونەرمەندانی شیوەکار نمایشیان کردووە، هەروەها ئەو هونەرەی کە باو بووە لەسەر ئاستی خەڵکی ئاسایی و بازاردا لەو سەردەمەدا، یان چ ڕەوتێکی هونەری ئەو کاتە لە ناو هونەرمەندا بەکار هێنراوە وە بە چ قوتابخانەیەکی هونەری جیهانی سەرسام بوون.
هونەرمەندمان زۆرە کە لەو بوارەدا کە کاریان کردووە لێرەدا هونەرمەند خالید زامدا وەک نموونە ئەهێنمەوە، کە بەبڕوای من باشترین نموونەی ئەم باسەیە کە توانیوێتی کار لە کایەی ( هونەری شعبی ( فۆڵکلۆر ) – هونەری فطری ) بکات و لە هەمان کاتدا بە بازار کردنی هونەر لە ڕێگەی تابلۆی سەر دوکانەکان و نووسینی قطعەی سەر شوێنی کار و لافیتەی بۆنەکان و خۆش نووسی و تابڵۆی سروشتی کوردستان و کاری مۆتیڤی ناو ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و بەگی کتێبەکان، وە لە ئەنجامدا ئەم هونەرە شیوەی ( پیشە )ی وەردەگرێ وەک پێشەکانی تر، بە کردنەوەی دوکانی تایبەتی بۆ خۆش نووسی و کاری هونەری بازرگانییەوە لە ناو بازاری شارەکاندا.
بەم شیوەیە گەر بە وردی و بە سەلیقە تەماشای ئەم کارانە بکەین کە لە ناو ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبەکاندا بوونیان هەیە، ئەتوانین کاری جددی لەسەر بکەین وە تێگەیشتنێکی زانستی و مەعریفیمان بۆ بەرجەستە ببێت و توانای شیکاری زیاترمان ببێت لەسەر ئەم کایەی هونەری کە لەو سەردەمەدا باو بووە، بە تایبەتی بوونی هونەرمەندێکی زۆر لەو بوارەدا کە کاریان کردووە وەکو ( عطا قەزاز، لالە عبدە، جەمال بەختیار، خالید زامدار، کەریم سید ئەحمد، صدرالدین عارف، ئیسماعیل خەیات، فواد جاسم... چەند هونەرمەندێکی تر )
لەگەڵ ئەوەی ئەم کارانە زۆربەی زۆری فەوتاون و نەماون، بەڵام ئەم چاپانە لە ئێستادا وەک و ئەرشیف و مێژووی هونەری شێوەکاری ئەو سەردەمە دەردەکەوێت وە لە هەمان کاتدا دەورێکی گرنگی هەیە لە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی ئەو سەردەمە بۆ هونەری شیوەکاری ئێمە.
بە باوەڕی من کۆکردنەوە و پاڕاستنی ئەم چاپەمەنیانە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و ڕۆژ ژمێرانە و جیاکردنەوەیان لە گەڵ ئەدەب و وێژە، کارێکی گرنگ و زەروورە بۆ ئێستای ئێمە کە توانامان هەبێ بۆ تێگەیشتن لەو سەردەمە و کۆی بزوتنەوەی هونەری شیوەکاری ئێمە.
تێبینی:
- لە ساڵی ( 1968 ) ڕۆژ ژمێری هاوسەر، کە خاوەنەکەی هوشیار عزیز قەفتان بوو لە چاپخانەی کامەرانی ،داوا لە هونەرمەند خالید زامدار دەکات، بە وێنەکێشانی چەند کەسایەتی ڕۆشنیر و شاعیر و کەسە ناودارەکانی کورد، بۆ ڕۆژ ژمێری هاوسەر، بەتایبەتی ئەو کەسانە کە وێنەی فۆتۆگرافیان نییە و لە ژیاندا نەماون، وەکو ( نالی، مەحوی، مستەفا بەگی کوردی، سالم و بابە تاهیری هەمەدانی... ) هتد.
- خالید زامدار لە ڕۆژ ژمێری هاوسەری سالێ ( 1969 ) بیست و یەک کەسایەتی بڵاو دەکاتەوە، وە لە ڕۆژ ژمێری هاوسەری ساڵی ( 1970 ) وێنەی سی و پێنج کەسایەتی بڵاو دەکرێتەوە.
- ڕۆژ ژمێری هاوسەر لە ساڵی ( 1961 ) دا بە ناوی ڕۆژ ژمێری ( کاوە )وە دەردەچوو، بەڵام لە ساڵی ( 1969 )وە بە ناوی هاوسەرەوە دردەچوو. خاوەنی هوشیار عزیز قەفتان. لە چاپخانەی کامەرانی چاپ دەکارا، خاوەنەکەی محمدی حاجی عزیز قەفتان بوو.
- لە ساڵی ( 1968 ) بەرگی کتێبی ( نەریمان چی لێ هات ) لە نووسنی مەدهۆش دروست دەکات.
- بەرگی کتێنی ( نەریمان چی لێ هات ) لە وێب سایتی ( KCAC ) بە سوپاسەوە وەرگیراوە.
- خالید محەمەد ئەمین بە (خالید زامدار) ناسراوە، ساڵی 1945 لەگەڕەكی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایكبووە.
خالید زامدار هەر لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە خولیای هونەرەكانی خۆش نووسیو وێنەکێسان بووە.
دوای دووركەوتنەوەی لەخوێندن، خالید زامدار دوكانێك بۆ خۆشنووسی و وێنەکێشان دادەنێت لەگەڕەكی ئەزمڕ لەسەر شەقامی سابوونکەران.
هەموو هەفتەیەک هەڵبەستێک یان پەندێک لەسەر دیواری بەرانبەر دوکانەکەی دەنووسی، لەو کاتەدا بوو بوو بە بابەت زۆربەی خەڵکی شار، بە تایبەتی دەچوون بۆ بینین و خوێندنەوەی ئەو نووسراوە، بەهۆیەوە زۆرجار تووشی لێپرسینەوە و بەند کردن دەبووەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسی فاشیستەوە.
ساڵی 1987 بەهۆی نەخۆشیو لە تەمەنی 42 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.
- هەموو وێنەکانی ناو ڕۆژ ژمێری هاوسەر، لە ئەرشیفی نووسەر ( غەفور رەشید داراغا )وە وەرگیراوە.








