2019-11-12   1389     
وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پێشینەی خانووبەرە فەرمانێکی نوێی دەرکرد و لە نووسراوێکدا دەڵێت" هەر هاووڵاتییەك یەك وەجبە پێشینەی خانووبەرەی وەرگرتووە، بەمنزیكانە وەجبەی دووەمیش وەردەگرێت".
ئاوێنه: بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی کە بەژمارە ٧٦٦١ لە ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەرکراوە و واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی لەسەرە، لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو كەسانەی یەك وەجبە پارەیان وەرگرتووە و بەڵێننامەیان نەداوە كە پشكی دووەم وەرنەگرن و ئەو قیستە دەگەڕێننەوە بەپێی خشتەی گەڕانەوەی پێشینە وەك ئەوەی دابەش كراوە، لە داهاتوودا پشكی دووەمیش وەردەگیرێت بەبێ هیچ گۆڕانكارییەک.
ئەو نووسراوەی وەزیری دارایی و ئابووری لە كاتێكدایە لە ساڵی ٢٠١٤ەدا پێشینەی خانووبەرە وەستا بەهۆی تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان و تا ئێستاش وەرگرتنەوەی قیستەكانی بۆ فەرمانبەران وەستێنراوە و پێشبینیش دەكرێت لە ساڵی نوێ ئەو پێشینەیە وەربگیرێتەوە.