ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
تابلۆی (ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌ویان نه‌ده‌كرد) به یه‌كێك له كاره ریالیزمییه كاریگه‌ره‌كان داده‌نرێت كه ساڵی 1884 رێپین كێشا و به‌ڵگه‌یه‌كی روونە له‌سه‌ر ده‌ستڕه‌نگینی ناوبراو له كێشان و به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌ختترین ساتی هه‌ڵچوونی مرۆڤ و به‌دیارخستنی هه‌سته مرۆڤایه‌تییه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌ندامانی خێزانێك، دوای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كت و پڕ باوكیان، پاش به‌سه‌ربردنی چه‌ندان ساڵ له‌ناو ئۆردوگا‌یه‌كی به‌ندكراوانی سیبیریا ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌كەی. ئه‌وسا له رووسیا هه‌ر كه‌سێك كه بۆ سیبیریا دوور خرابا، له ڕیزی مردووان داده‌نرا، چونكه یان به‌رگه‌ی نه‌ده‌گرت و لەژێر ئه‌شكه‌نجه ده‌مرد، یاخود له‌به‌ر برسییه‌تی و ئازاره‌كان، خۆی ده‌كوشت. هه‌ر خێزانێكیش ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی بۆ ئه‌و شوێنه دوور خرابا، ده‌بوایه به‌هیچ جۆرێك باسی نه‌كەن و منداڵه‌كانیش وه‌ها قه‌ناعه‌ت پێبهێنن، كه‌سه دوورخراوه‌كه جارێكی دیكه ناگه‌ڕێته‌وه، یاخود مردووه.
له‌و به‌رهه‌مه‌دا پیاوه‌كه دڵشكاوا‌نه و رووخسار مۆنانه بە جەستە و گیانی رووخا‌و، خۆی بەژووردا كردووه. لەبەر ئەوەی دایكه كڵۆڵه‌كه‌ی به‌رده‌وام رووخساری ئه‌وی له‌پێش چاو بوو، بۆیه له‌سه‌ر كورسی هه‌ڵساوه و وه‌هاش ده‌ركه‌وتووه بڕوا به‌چاوه‌كانی نه‌كات كه چ ده‌بینێ! هاوسه‌ره‌كه‌شی له‌پڕ له پیانۆ ژه‌نین وه‌ستاوە، به‌ڵام له‌ژێر كاریگه‌ر‌ی هه‌ست كردن به هێدمه و ده‌ربه‌ست نه‌بوون، نەیتوانیوە هه‌ڵسێ و به چاوه ترسێنه‌ره‌كانی ده‌ڕوانێ. پێده‌چێت كوڕه گه‌وره‌كه، باوكی له بیرمابێت، بۆیه به زه‌رده‌یه‌كی تێكه‌ڵاو له‌خۆشی و سه‌رسوڕمانی سه‌یری ده‌كات، به‌ڵام كچه بچوكه‌كه به‌گومان و جۆرێك لە ترس ده‌ڕوانێته ئه‌و دیمه‌نه‌ی كه كه‌ش و هه‌وا ئاساییه‌كه‌ی ژووره‌كه‌ی شێواندووه. كاره‌كه‌ره‌كه‌ش هێشتا ده‌ستی له ده‌رگاكه نه‌بۆته‌وه و چاوه‌ڕوانی ساتی پڕ خرۆش و شادی ده‌كات.
ئه‌و تابلۆیه كه بە نموونه‌ی ده‌ربڕینی ئاشكرای هه‌ست و هه‌ڵچوونه‌كانی مرۆڤ لە ساتێكی دیاریكراو داده‌نرێت. بینه‌ر ده‌توانێت له‌ناویدا ساتی دوای دیمه‌نه‌كه بێنێته پێش چاو كه چ جۆره هه‌ڵچوونێكی ناخ و دابارینی به خوڕی فرمێسكی شادی و كۆتایی هاتنی چاوه‌ڕوانی به‌دوادا دێت. لێرەدا جگە لە ناوەرۆك، هونه‌رمه‌ند له دابه‌شكردنی سێبه‌ر و رووناكیش ته‌واو سه‌ركه‌وتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سێبه‌ر زۆربه‌ی رووبه‌ری تابلۆكەی گرتووه، كه هه‌ستكردن بەدڵه‌ڕاوكه و په‌شێوی ده‌به‌خشێ، كه‌چی به‌هۆی بریسكدانه‌وه و دره‌وشانه‌وه‌ی ره‌نگه‌كان له‌و ناوه‌ندانه‌ی كه بەر رووناكی كەوتوون، هاوتاییه‌ك دروست بووه.
نیگاركێش له چه‌ند ستونێكدا:
* ئیلیا یافیمۆڤیچ رێپین، نیگاركێش و پەیكەرساز و مامۆستا و نووسەر و هزرمەندی سیاسی. بە دیارترین نیگاركێشی ریالیزمی رووسیایی لەسەدەی نۆزدە دادەنرێت.
* ساڵی 1844 لە شاری چوگێڤی هەرێمی خاركۆڤی رووسیای قەیسەری ئەوسا و ئۆكرانیای ئێستا هاتە دنیا و ساڵی 1930 لە شاری كۆكالای وڵاتی فنلەندای ئه‌وسا و رووسیای ئێستا، كۆچی دوایی كرد
* لای (ئیڤان بوناكۆڤ) ی گەورە نیگاركێشی ئایكۆنی رووسی فێرە بنەماكانی ئایكینۆ گرافیك و پۆرترێت بوو.
* تابلۆكانی بەوپەڕی بەهێزیەوە چاوی بینەر بۆ خۆیان كێش دەكەن. له زۆربه‌یاندا وێنەی سەختی ژیانی رۆژانەی كۆمه‌ڵگه‌ی رووسی و رووداوەكانی ساڵانی دوایی دەسەڵاتی قەیسەری بەرجەستە كردووە، له‌وانه : (راكێشەرانی كەشتی له رووباری ڤۆلگا)، (كەژاوەیه‌كی ئایینی لە هەرێمی كورسك)، (ئیڤانی ترسێنەر و ئیڤانی كوڕی) ، (ره‌تكردنه‌وه‌ی دانپێدانانه‌كه)، ( دەسگیركردنی پروپاگه‌ندكار)
* له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لە سەردەمی خۆی بەفراوانی ناوبانگه بڵاوببۆوە، بۆیە شوێنی ئەو لە جیهانی هونەر، هاوشێوەی شوێنی لیۆ تۆلستۆییە لە ئەدەبی جیهانیدا.