ئومێد خۆشناو سەردانی کونسوڵی ئێرانی کرد، بەڵام باسی هێرشەکانی سەر هەولێر نەکرا
  2026-08-02       64       

پارێزگاری هەولێر سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانی کرد و تێدا باس لە پرۆسەی هاتنی زیارەتکارانی شیعە کرا کە لە هەولێرەوە بەرەو نەجەف و کەربەلا دەکەن، بێ ئەوەی باس لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بکرێت کە نوێترینیان دوێنێ شەو ئەنجام درا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانى کونسوڵخانەى گشتیی ئێرانی لە هەولێر کرد و لەلایەن فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی پێشوازیی لێکرا.

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، “لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حسێن و سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر كرا”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “کونسوڵی گشتی کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی پارێزگاری هەولێر و سەرجەم فەرمانگە و دام ودەزگاكانی سنوورەكە كرد”.

هەر لەو دیدارەدا ئومێد خۆشناو، “پرسە و سەرەخۆشی خۆی و شاندی یاوەری، گەیاندە سەرکونسڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایکی بەڕێزیانەوە و هیوای خواست ئەمە دوا کۆست و ناخۆشی بنەماڵەکەیان بێت”.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×