مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*
  2026-08-04       78       
ژنێکی کورد سەردانی گۆڕی کەسوکارەکەی دەکات کە لەساڵی 1988 لەهەڵەبجە بەچەکی کیمیاویی کوژراون

بەشی دووەم

بێ میوانداریی مۆدێرنیتەی سیاسی

نووسینی: د. فازڵ مورادی

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە کۆتایی جەنگی یەکەمی ئیمپریالیدا و سەرهەڵدانی ئیمپراتۆرییەتە بەرفراوانەکانی تر، بە دوای خۆیدا پارچەپارچەبوونی خەڵکی کوردی هێنا لە عێراقدا وەک شوێنێکی جیاواز لە جیهاندا. هەردوو ئیمپراتۆرییەتی  بەریتانیا و فەرەنسا دەسەڵاتی عوسمانییان لاواز کرد لەو شوێنەی کە ئێستا پێی دەوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕێککەوتننامەی سایکس - پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦دا کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد (نەبەز ٢٠٠٧؛ ماکدۆواڵ ١٩٩٦؛ ئەسکەندەر ٢٠٠٠؛ شایەغ ٢٠١٧). دۆخی توندوتیژیی سیاسی بە چەسپاندنی کۆنترۆڵی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا بەسەر تەواوی ویلایەتی مووسڵدا کۆتایی هات کە هەرێمی کوردستانی گرتەوە و پێشتریش دوو ویلایەتی تری بەغدا و بەسرە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی جیابووبووەوە. ئیمپریالیزمی بەریتانی بە پەیڕەوکردنی ئەنترۆپۆڵۆژیای "دەستنیشانکردن و حوکمڕانی" (مەمدانی ٢٠١٢) پێگەی کورد و داواکاریی سەربەخۆییە سیاسییەکەی پەراوێز خست و هیچ بژارەیەکی بۆ کورد نەهێشتەوە جگە لەوەی وەک بەشێکی یەکگرتووی ویلایەتی مووسڵ بمێنێتەوە. عێراقیش وەک وڵاتانی تری ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی مێژوویی بووەوە، چونکە ئیمپراتۆرییەتە نوێیەکان بە دوای نەخشەسازیی داگیرکاریی خۆیاندا دەگەڕان. مافی سیاسیی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری بوو بە بەشێک لە کۆڵۆنیالیزمی ئیمپریالیزم و لە پەیماننامەی سیڤەر لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا باس کرا. بەم پێیە پەیماننامەکە ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی بۆ ناوچە کوردنشینەکان لە تورکیای دوای عوسمانی مسۆگەر کرد، بەڵام پابەندبوونەکە مەرجدار بوو: ماددەکانی ٦٢ و 64 ئەو مەرجەیان دانابوو کە ئۆتۆنۆمیی کورد تەنها لەو کاتەدا قبووڵ دەکرێت ئەگەر زۆرینەی دانیشتووانی کورد ئارەزووی سەربەخۆییان هەبێت و ئەگەر ئەنجومەنی کۆمەڵە یان کۆمکاری گەلان کورد بە شایستەی خۆبەڕێوەبەریی بزانێت. ئەم مەرجانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە بیرۆکەی پێدانی ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی بە کوردەکان بە ناتەبا دادەنرا لەگەڵ کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا و لەگەڵ خەباتی تورکیای دوای عوسمانی بۆ پاراستنی هەژموونی سیاسی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پەیمانی سیڤەر لەلایەن واژۆکارەکانیەوە لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣دا ڕەتکرایەوە و پەیمانی لۆزان جێگەی گرتەوە. ئەمەش وایکرد ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان درک بەوە بکەن کە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا نایەوێت بەرژەوەندییەکانی کورد بپارێزێت بە پێی ئەو هاوپەیمانییە "ئەنگلۆ - عێراقییە"ی ساڵی ١٩٢٢ واژۆ کرابوو و ڕایگەیاندبوو کە "حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانی و حکوومەتی عێراق ددان بە مافی کوردانی نیشتەجێی سنووری عێراقدا دەنێن بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردی" (لە ماکدۆواڵ ١٩٩٦، ١٦٩ وەرگیراوە؛ هەروەها بڕوانە نەبەز ٢٠٠٧). لەو شوێنانەی کە هاوپەیمانیی ئینگلیز و عێراق ئاماژە بە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا دەکات لە خاکێکی دۆڕاودا، ڕێککەوتنی سایکس - پیکۆ، پەیمانی سیڤەر و پەیمانی لۆزان بە ڕوونی دەریدەخات کە عێراق، چ وەک کۆڵۆنی و چ وەک دەوڵەتێکی کۆڵۆنیالی یان مۆدێرن، بەرهەمی بێ وێڵیی مۆدێرنیتەی سیاسی یان توندوتیژیی داگیرکاریی مۆدێرنەیە، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا بیست و یەکەم درێژ دەبێتەوە (ئەلعەلی و پرات ٢٠٠٩؛ زوبەیدە ٢٠٠٢؛ ئەنتوون ٢٠١٩؛ ساڵح ٢٠٢١).

لە کاتێکدا نە تورکیا و نە بەریتانیا، وەک دەوڵەتانی داگیرکەر، حیسابیان بۆ ئەوە نەکردووە کە چۆن مێژووی کۆڵۆنیاڵیی توندوتیژییەکانیان لە سیاسەتی هاوچەرخی لە عێراقدا داڕشتووە، بەڵام خەباتی دەربازبوون لە کۆڵۆنیاڵی و بیرکردنەوە لە پێگە و شوێنی سیاسیی عێراق لە جیهاندا، تەنیا بووە هۆی بەردەوامبوونی توندوتیژی لەسەر شێوازی کۆڵۆنیالیزم. لە ساڵی 1968دا حیزبی بەعسی عەرەبیی سۆشیالیست (حزب البعث العربی الإشتراکی) دەستی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا گرت لە عێراقدا و بە بنەما و پرەنسیپەکانیەوە - یەک نەتەوەی عەرەبی، بوونی پەیامێکی هەمیشەیی (یەکگرتوویی، ئازادی، سۆشیالیزم) - (أمة عربیة واحدة ذات رسالة خالدة -  وحدة، حریة، إشتراکیة) بانگەشەی ئەوە دەکرا کە ڕێگەی پێویستن بۆ یەکگرتن، ڕزگاربوون لە کۆڵۆنیالیزمی داگیرکاری و پێشکەوتنی وڵات. پارتی بەعسی عەرەبیی سۆشیالیستی (بەعس بە عەرەبی  واتای "زیندووبوونەوە" دەگەیەنێت) لەگەڵ پەرەپێدان و سەقامگیرکردنی سیستەمێکی سیاسیی بەعسیدا، سیاسەتی نیشتمانی و دەرەوەی خۆی گۆڕی. پێشکەوتنی حیزبی بەعسی عێراق لەگەڵ سزادانی سەخت و کوشندەدا هات بۆ هەر نەیارێکی سیاسی کە پێداگریی لەسەر ڕژێمێکی سیاسیی جیاواز بکردایە سەر بە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا بوایە. حیزبی بەعس لە عێراقدا بە کوودەتا یەک لە دوای یەکەکان هاتە سەر حوکم و لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتیی هاشمی لە ساڵی ١٩٥٨ و دامەزراندنی یەکەمین ڕژێمی کۆماری یان سەربازی یەک لە دوای یەک دەستی پێکرد. ململانێ سیاسییە خێرا و توندوتیژەکان بە (شۆڕشی ١٧ی تەمموزی ١٩٦٨) وەستان. پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی عێراقی کە لە ڕووی ئایدۆلۆجیای سیاسیی بەعسییەوە نووسرابوو، لەسەر بنەمای پاکتاوکردنی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوو، وەک ئەوەی لە دوای کوودەتاکەی ساڵی 1963 ڕوویدا، کە شەڕ و کوشتارێکی بەردەوامی دژ بە داخوازییە سیاسییەکانی کورد بەرپاکرد، بێجگە لە کوشتن و بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی، لەوانەش جووەکان کە "تۆمەتبار کرابوون بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل یان وەک کرێگرتەی شای ئێران مامەڵەیان دەکردن" (تریپ ٢٠٠٧، ١٨٩).

بنەما و پرەنسیپەکانی بەعس هەندێک سیاسەتی ناسیۆنالیزم و سۆشیالیزمیان بەگشتی لەخۆگرتبوو وەک خەباتی فیکری و سیاسیی پێویست لە دژی دەسەڵاتی ئیمپریالیی  فەرەنسی و بەریتانی نەک تەنها لە سووریا و عێراق بەڵکو لە سەرانسەری ئەو وڵاتانەی پێیان دەگوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (لاپیدۆس ٢٠٠٢، ٦٥١ - ٦٥٨). بە واتایەکی تر پارتی بەعسی عەرەبیی سۆشیالیستی سووریا و عێراق لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالیی - کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی و فەرەنسییەکاندا لە ناوچەکە قاڵبی خۆی وەرگرتبوو. ئایدیاکانی پان عەرەبیزم، ناسیۆنالیزمی عەرەبی و سۆشیالیزم لە مادەی ٣٩ی دەستووری کاتیی تەمموزی ١٩٧٠ی عێراقدا جەختی لەسەر کراوە و بنەمای سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پارتی بەعسیان پێکهێناوە. شۆڕش حاجی ڕەسوڵ، پێشمەرگەی پێشوو و ئێستاش سیاسەتمەداری پێشەنگی پارتی گۆڕانە لە بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت، "سەرهەڵدانەوەی پارتی بەعس بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ترسێکی گەورەی خستە دڵی کوردەوە، چونکە ئەزموونێکی خۆشی لەگەڵ ئەو حیزبەدا نەبوو" (ڕەسوڵ ٢٠٠٣، ٢٦). هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی لە ڕێگەی ڕژێمە کۆمارییە یەک لە دوای یەکەکانەوە تووشی توندوتیژیی دەوڵەت بوون و لە چەسپاندنی پێکهاتنی سیاسی و ئابووری لە عێراق دوورخراونەتەوە، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠کانەوە، "بە مەزەندەکردنی ٦٠ هەزار قوربانی، لە زیاتر لە ٣٠٠٠ گوندی کوردستانی عێراق زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە (واتە ٧٥% ی هەموو کوردستان) و تا ساڵی ١٩٦٩ سیانزە هەزار خێزان وابەستەی هێزە ناسیۆنالیستەکان بوون" (ماکدۆواڵ ١٩٩٦، ٣٢٦). دەوڵەتی بەعس ڕێبازێکی ڕادیکاڵتری بۆ داواکاریی سیاسیی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری هێنایە ئاراوە. پێداگریی لەسەر داواکارییەکانی کورد، وایکرد کە سەددام حوسێن چاوی بە مەلا مستەفا بارزانیی سەرۆکی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەوێت. ئەم کۆبوونەوەیە بووە هۆی ڕێککەوتنی ئاشتیی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان حکوومەتی بەعسی عێراق و نەیارە سیاسییە کوردەکەی. ڕێککەوتنەکە ددان بەوەدا دەنێت کەوا گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی عەرەب و کورد پێکدێت. زمان و پەروەردە و کولتووری کوردی پشتڕاست دەکاتەوە، گشتگیریی سیاسی و سەربازیی کورد، پشکی خۆیان لە ئابووریی نیشتمانیدا و پێشکەوتنی کوردستان و بەڵێنی ئۆتۆنۆمی دەدات بە کورد (ئیزەدی ٢٠١٥، ١٨٢؛ ماکدۆواڵ ١٩٩٦، ٣٢٧ -  ٣٢٨). ڕێککەوتنەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا و وەڵامەکەی مستەفا بارزانی وەک ئەزموونێکی سیاسیی تاڵی کورد دۆکیومێنت کراوە: "سەرەتا ئەوان [بەعسییەکان] هاتنە لای ئێمە و گوتیان 'ئۆتۆنۆمیتان پێدەدەین'، من گوتم ئەمە فێڵێکە. تەنانەت پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەش دەمزانی، بەڵام خەڵکەکەمان پرسیاریان لێکردم، 'چۆن ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد ڕەتدەکەیتەوە؟' " (ماکدۆواڵ ١٩٩٦، ٣٢٨).

لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠کاندا حکوومەتی بەعس دەستی بە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی   کرد و دانیشتووانی کوردی گواستەوە و بڵاوەی پێکردن بۆ دەرەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان و کەوتە نیشتەجێکردنی خەڵکی عەرەب لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیداری کوردستاندا و ئەم پرۆسەیە کە لە هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆدا بە هەڵمەتی بەعەرەبکردن (تەعریب) لە یادەوەریدا ماوەتەوە، هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی دانیشتووانی فەیلی (شیعە) و زیندانیکردن و بێسەروشوێن کردنیان و ڕاگواستنیان (ئیزەدی ٢٠١٥، ١٨٥؛ تریپ ٢٠٠٧، ٢٠٣ - ٢٠٤). ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە وایکرد پارتی دیموکراتی کوردستان (پ د ک) "پەیوەندییەکی دۆستانەتر، ئاشکرا و شاراوە، لەگەڵ سێ دوژمنی سەرسەختی عێراقدا دامەزرێنیت -  کە ئێران و ئیسرائیل و دواتر ئەمریکا بوون" (ئیزەدی ٢٠١٥، ١٨٣). حکوومەتی عێراق بە درککردن بە گرنگیی دابینکردنی سەربازیی حکوومەتی ئێران بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق - تاکە ڕێکخراوی سیاسیی کوردی عێراق لەو کاتەدا - حکوومەتی عێراق بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزایر لە ساڵی ١٩٧٥دا لە وڵاتی جەزایر، ناکۆکیی سنوور و ئەمنیی خۆی لەگەڵ ئێران چارەسەر کرد. بەمەش ئێران خۆی کشاندەوە لە پشتیوانیکردنی سەربازی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێگەی بە دەوڵەتی عێراق دا هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر (پ د ک) چڕتر بکاتەوە، کە ئەو کات لە ژێر سەرکردایەتیی بارزانیدا بوو. بە هۆی ئەو فشارە سەربازییەوە، هەزاران پێشمەرگە لێبووردنی دەوڵەتیان قبووڵ کرد و خۆیان ڕادەست کرد، لە کاتێکدا "بارزانی خۆی و سەرکردایەتیی (پ د ک) لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتووانی خۆیان پەڕینەوە بۆ ناو ئێران، بە مەزەندەکردنی ١٥٠ هەزار پەنابەری مەدەنی کە پێشتر لەوێ هەڵاتبوون" (تریپ  ٢٠٠٧، ٢٠٥؛ ماکدۆواڵ ١٩٩٦، ٣٣٨). هەروەها وەڵامدانەوەی سەربازیی دەوڵەتی عێراق بووە هۆی گۆڕینی دۆخی (پ د ک) و جەلال تاڵەبانیی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، جیا بووەوە و ساڵی ١٩٧٥ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە سووریا دامەزراند و لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا مایەوە. ئەمەش دووبەرەکیی لێکەوتەوە لە داواکاریی سیاسی و ناوچەیی نێوان (پ د ک) لە سەردەمی بارزانی و (ی ن ک) لە سەردەمی تاڵەبانیدا و خەباتی بۆ کوردستانێکی   یەکگرتوو و ئۆتۆنۆمیی لاواز کرد.

 

بە بەعسیکردنی عێراق

زاراوەی بەعس، بۆ یەکەمجار لەلایەن زەکی ئەلئەرسوزیی (زکی الأرسوزی) ناسیۆنالیستی سووری و دەرچووی زانکۆی سۆربۆن لە پاریسی فەرەنسا، تیۆریزەی بۆ کرا و لەلایەن دوو خوێندکاری تری سۆربۆن، میشێل عەفلەق (میشیل عفلق) و سەڵاحەدین ئەلبیتار (صلاح الدین البیطار)، لە ساڵی ١٩٤٣ کاتێک حیزبی بەعسیان دامەزراند (بەتاتۆ ١٩٧٨، ٧٢٢ - ٧٣٠). بە تێگەیشتن لەوەی کە تەنیا ئەندامانی کەم بۆ خۆیان ڕادەکێشن، پارتی بەعسیان لەگەڵ پارتی سۆشیالیستی عەرەبی کە پێشتر دامەزرابوو، کە لە ژێر سەرکردایەتیی (أکرم رشید محی الدین الحورانی)  ئەکرەم ڕەشید محێدین ئەلحۆرانی (٧٢٨ - ٧٣٠) بوو، تێکەڵ کرد. عەفلەق و ئەلبیتار لە کۆتایی ساڵانی ١٩٢٠کان و سەرەتای ١٩٣٠کاندا لە سۆربۆن بیرۆکەی نەتەوە و ناسیۆنالیزم و سۆشیالیزمیان پەرەپێدا و لەو ماوەیەدا هاوزەمانی سەرهەڵدانی داگیرکردنی نازیزم و فاشیزم بوون لە ئەوروپا. ئەوان دیدگای "تایبەتمەندی ئاریایی" نازی و فاشییەکانیان گواستەوە بۆ قووڵایی ڕۆحی عەرەب و عەرەبیزمێکی ناوازەیان وێناکرد، کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئیسلامدا هەیە. لە کۆمەڵە وتار و نووسینێکدا بەناونیشانی "لەپێناوی بەعسی عەرەبیدا -  فی سبیل البعث العربی) عەفلەقی پەروەردەکراوی کریستیان، پێداگریی کرد لەسەر "یەکێتی: یەک زمان، مێژوویەکی هاوبەش و یەک یادەوەری"ی نەتەوەی عەرەب و بەستیەوە بە مافی سروشتی و ئازادیی عەرەبەوە بۆ حوکمکردنی خۆی. بانگەوازەکەی بۆ پاراستنی سوبجێکتیڤێکی عەرەبی، کە بەهرەمەندە لە "باشترین و گەوهەریترین خەسڵەت" و بەم پێیەش یادەوەرییەکی ناوازە و دووپاتکردنەوەی ئایدیای هێردەرە سەبارەت بە "ڕۆح" و "ڕۆح"ی نەتەوە، یان بە وتەی عەفلەق، "عەرەبایەتی جەستەیەکە و ڕۆحیشی ئیسلامە" و "ئیسلام ئەو بزوێنەیە کە هێزە شاراوەکانی نەتەوەی عەرەب دەجووڵێنێت".

نووسەران و دامەزرێنەرانی بەعسیزم، دەوڵەتی ئیمپریالیزمی نازی و ئایدیۆلۆجیاکانیان بە تاکە ڕێگا بۆ کۆتاییهێنان بە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی و فەرەنسی لە ناوچەکەدا دەزانی. هەوڵدان بۆ ئەو کارە لەلایەن دەوڵەتی نازییەوە لە ئەڵمانیا پشتیوانی لێکرا، کە ئایدیۆلۆجیا و پلانەکانی لە ڕێگەی پەخشە عەرەبییەکانی ڕادیۆ بەرلین و دۆیچە ناکریتنبورۆ (نووسینگەی هەواڵی ئەڵمانی) بڵاوکردەوە (دێتریخ ٢٠٠٥). ئەگەر ڕادیۆ تەکنۆلۆجیایەکی نازیی ئیمپریالی بوو لە ئەڵمانیا، پەخش و گواستنەوەی وتار و دەنگی "فۆهرەر"ی بە شێوەیەک کە گوێگران هەست بە بوونی فیزیکیی ئەو بکەن (نارکێڤیشیۆس ٢٠١٣)، ڕادیۆ بەرلین بەرنامە و چالاکییە سیاسییە نازییەکانی گواستەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا. سامی ئەلجوندی، بەعسییەکی چالاک بوو لە سووریا کە پێش ئەوەی تەنانەت عەفلەق و ئەلبیتار زاراوەی ئەلبەعسیان بیستبێت، لەگەڵ زەکی ئەلئەرسوزی کاریان کردبوو، دەنووسێت، "ئێمە ڕەگەزپەرست بووین، سەرسام بووین بە نازیزم، کتێبەکانیمان دەخوێندەوە و سەرچاوەی بیر و باوەڕمان بوون ... ئێمە یەکەم کەس بووین کە بیرمان لە وەرگێڕانی Mein Kampf کردەوە (واتە خەباتی من)" (قەدوری ١٩٧٤، ٢٠٠).

جگە لە وەرگێڕانی عەرەبی کە لە ڕۆژنامەی ئەلعالەم ئەلعەرەبیی عێراقی (العالم العربی - جیهانی عەرەبی) لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٣٣دا دەرکەوت، "خەباتی من" بابەتی گفتوگۆی ناسیۆنالیستە عێراقییەکانی بەغداش بوو. فریتز گرۆببا، کونسوڵی ئەڵمانیا لە بەغدا لەو کاتەدا، بە بەشداریکردن لە فۆرەم یان مەکۆی گفتوگۆی جیاوازدا، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی نازیزمدا بینی. یەکێکی تر لە کەسایەتییە گرنگەکانی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی ئایدیۆلۆجیای فاشیستی لە عێراق و هاوکار لەگەڵ دەوڵەتی نازی، حاج ئەمین ئەلحوسەینی موفتیی قودس بوو. لە بەرانبەر بێدەنگکردنی ئیددیعا و پراکتیزە سیاسییەکانی لە فەلەستین لەلایەن دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیاوە، لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٩دا هەڵهات بۆ عێراق، لەوێش پۆستێکی نوێنەرایەتیی لە بزووتنەوەی پان عەرەبیدا هەبوو. لە نامەیەکیدا بۆ ئەدۆڵف هیتلەر لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٤١دا، بەڵێنی "ئامادەیی ڕەشید عالی [سەرۆک وەزیرانی عێراق] دەدات بۆ شەڕکردن لەگەڵ بەریتانیا ئەگەر ئەڵمانیا دان بە سەربەخۆیی عێراق و وڵاتانی تری عەرەبیدا بنێت" (لە دەویشە ٢٠٠٩، ٩٨ وەرگیراوە؛ هەروەها بڕوانە دالین و ڕۆسمان ٢٠٠٨). سەرسامییەکی زیاتر لە نێوان سیاسەتمەدارانی عێراقدا هەبوو، بەتایبەتی ئەوانەی ئارەزووی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆییان لە دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا دەکرد، لەگەڵ دەوڵەتی نازیی دوای جەنگی ئیمپریالیی یەکەم وەک مۆدێلێک بۆ عێراق (دەویشە ٢٠٠٩، ٩٨). بوونی فیزیکیی دەوڵەتی نازی و هاوکاریی لەگەڵ هەندێک سیاسەتمەداری عێراقی و موفتیی قودس و بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنەکانی ئەڵمانیا لە ڕۆژنامەکانی عێراقدا گەشەی کرد و بوو بە ڕاگەیاندنی موفتی نەک تەنها لە دژی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا لە مانگی ئایاری ١٩٤١ بەڵکو بە ڕاگەیاندنی (فەرهوود - الفرهود)یش دژی جووەکانی عێراق لە بەغدا (تریپ ٢٠٠٧، ١٠٣). گەلانی عێراق بەگشتی ڕووبەڕووی پەیامی پان عەرەبیزمی پارتی بەعس بوونەتەوە کە "یەک نەتەوەی عەرەبی، هەڵگری پەیامێکی ئەبەدییە" و هەروەها "یەکگرتوویی، ئازادی، سۆشیالیزم"، کە پەیوەستە بە ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە و پلانی لەناوبردنی توندەوە کە لە ڕووی سیاسییەوە ڕێکخرابوو.

ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا، توندوتیژیی لەناوبردنی کۆڵۆنیاڵیی خۆی لە دژی جیهاد بەکارهێنا بۆ بەرگریکردن لە مەملەکەتی عێراق کە لە ساڵی ١٩٢١دا دایمەزراندبوو، بە نەهێشتنی سیستەمی سیاسیی لایەنگری نازییەکان و هێرشکردنە سەر بنکە و سەربازەکانی سوپای عێراق و هێزی ئاسمانی بۆ بنبڕکردنی ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی سەربازی لە داهاتوودا دژ بە مەملەکەت (دەویشە ٢٠٠٩، ٩٩ - ١٠٠؛ تریپ ٢٠٠٩، ٩٧ - ١٠٤). لە ڕاستیدا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئیمپراتۆرییەتەکە هێزی بنەڕەتی بوون بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی مەملەکەتی عێراق وەک بەدیهێنان یان بەرجەستەکردنی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا کۆتایی ١٩٦٠کان، تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی گۆڕدرا بۆ جیهانێکی توندوتیژی و شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڵۆنیالیزم کە ناوچەکە و عێراقی دابەشکرد بەسەر کۆڵۆنیالیزمی ئیمپریالیزمی لایەنگر و دژە بەریتانیا (حۆرانی ١٩٨١، ١٩٣). پارتی بەعسی عەرەبیی سۆشالیست وەک وەڵام لە سەردەمێکدا پەرەی سەند کە پان عەرەبیزم - یەکگرتوویی ئایین و کولتووری عەرەبی - گرنگییەکی بنەڕەتیی بەدەستهێنابوو بۆ چەسپاندنی سەروەری و دەوڵەتسازیی نەتەوەیی لە هەموو ناوچەکەدا (دەویشە ٢٠٠٩، ١٣٥ - ١٣٦؛ موفتی 1996، 2 - 3). ئەم بۆ یەکەمجار لە عێراقدا بە کوودەتایەکی سەربازی لە شوباتی ١٩٦٣دا هاتە سەر دەسەڵات و یەکەم حکوومەتی کۆماریی ڕووخاند کە بە سەرکردایەتیی عەبدولکەریم قاسم بوو. قاسم لە ڕێگەی کوودەتایەکی سەربازی لە تەمموزی ١٩٥٨ حوکمی پاشایەتیی عێراقی بەریتانیای گۆڕی بۆ کۆماری عێراق و هاوکات دوو پۆستی سیاسیی بەدەستهێنابوو، واتە سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری. کوودەتاکەی مانگی شوباتی ١٩٦٣ زۆری نەخایاند تا بە کوودەتایەکی سەربازیی تر لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣دا هەڵوەشێنرایەوە. لە ساڵی ١٩٦٨دا گەڕانەوەی حیزبی بەعس ئەم کوودەتا سەربازییە ڕێکخراوە سیاسییانەی وەستاند کە سیاسەتی توندوتیژییان کردبووە حاڵەتێکی ئاسایی دوژمنایەتی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەستپێکرد. ئەم حیزبە بە "ئەرکێکی عەرەبی" گەڕایەوە سەر دەسەڵات بۆ پێشخستن و پاراستنی ئەوەی لە دەستوورەکەیدا نووسرابوو - واتە میرات/ یادەوەریی عەرەبی (بەتاتو ١٩٧٨، ٧٣٤ - ٧٣٥). حیزبی بەعس ئەو سیستەمە سیاسییەی ئینگلیز دروستی کردبوو کە لەسەر بنەمای خێڵەکیی شێخ و ئاغا (سەرۆکەکانی کورد) بوو، گۆڕی بۆ یاسا و دەسەڵاتی خۆیان کە لە نەریتی خێڵەکیدا چەسپاوە، بەکاریان دەهێنا (بەتاتو ١٩٧٨، ٩٥). وەک لە ئیمپراتۆرییەتەکانی فەرەنسا و بەلجیکا و ئەڵمانیادا و لە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیادا پراکتیکێکی باو بوو کە سەروەریی وێستفاڵیی مۆدێرن لە پەیوەندییە کۆڵۆنیالییەکانیدا بەکاربهێنێت، یاسایەک کە وابەستەی دوو یاسای جیاواز بوو: یاسای نەریتی بۆ دروستکردنی خێڵ و ناسنامەی خێڵەکی و یاسای مەدەنی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆڵۆنیالیست یان کۆڵۆنیالیزمی "شارستانی" (مەمدانی ٢٠٢٠). بەتاتوو دەنووسێت کەوا حیزبی بەعس لە عێراق "بە ئاگادارییەوە کاریان کردووە بۆ لاوازکردنی پێکهاتەی خێڵەکیی وڵات و تێکدانی خێڵ وەک یەکەیەکی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی" (1978، 11). وەک دواتر باسی دەکەم، حیزبی بەعس پێش ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال و لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا گەڕایەوە بۆ ئەم دەسەڵاتە خێڵەکییە.

دوای دوو ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی، پارتی بەعسی عێراق دەستوورێکی کاتیی دەرکرد کە لە نزیکەوە دەستووری بەعسە و نووسینەکانی عەفلەق و بنەماکانی حیزبی بەعسی کۆپی کردبوو - واتە "یەک نەتەوەی عەرەبی، هەڵگری پەیامێکی ئەبەدی" و "یەکگرتن، ئازادی، سۆشیالیزم". ئەم دروشمە سیاسییە لە مادەی ٣٩ی دەستووری کاتیدا نووسرابوو و هەروەها بەشێکیش بوو لەو "سوێندەی" کە سەرۆکی کۆماری عێراق و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (مجلس قیادة الثورة - و) پێش دەستبەکاربوونیان دەیانخوێندەوە. دامەزرێنەری حیزبی بەعس، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە وەڵامی نوێی بۆ بارودۆخی سیاسی، کولتووری و ئاینیی ناوچەکە دۆزیوەتەوە و پان عەرەبیزمی نەک تەنیا بۆ ڕابردووی مێژوویی گەلانی عەرەبی بەڵکو بۆ ئەوانەشی ڕاڤە کردووە کە پلانی داڕێژراویان هەیە بۆ داهاتوو. ناوچەکە گۆڕانکاریی سیاسیی بەردەوامی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵانی ١٩٥٠کان و ١٩٦٠کاندا، سیاسەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەگەڵ ئیسلامدا تێکەڵ بوو، کە ئەمەش تایبەتمەندیی پێکهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە بوو لە ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کاندا (دەویشە ٢٠٠٩، ٢٧٧). وەرگێڕانی نازیزم و فاشیزم بۆ مۆدێلێکی سیاسیی دەوڵەتی بەعسی عێراقی گۆڕی بۆ ژێرخانی وێرانکاریی مۆدێرنیتیی سیاسی، لەسەر بنەمای دەستوورێکی مۆدێرن و بیرۆکراسییەک کە لە ڕێگەی هاوکاریی نێوان کۆماری ئەڵمانیای دیموکراتی و دەوڵەتی بەعسی عێراقدا چێکرا بە سەرکردایەتیی سەددام حوسێن. بە بەعسیکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق وەک یادەوەرییەکی جیاواز دەستی پێکرد، کە لە دەستووری کاتیی عێراقی تەمموزی ١٩٧٠دا ڕەنگڕێژ کراوە. بەم شێوەیە لە بەشی یەکەم، مادەی ٣٧ ڕایدەگەیەنێت کە "ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش ئۆرگانی باڵای دەوڵەتە". هەروەها دەستووری کاتی بەڵێنی بەدیهێنانی "ئیرادەی گەل" دەدات بە گەڕانەوەی "دەسەڵات" بۆ "نەتەوە".

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە هەمان کاتدا سەرۆکی کۆمارە و لەگەڵ جێگرەکەی و هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی پارێزبەندیی تەواویان هەیە (ماددەی ٤٠). هەڵبەت ئەدای دەستووری کاتی دەیکاتە ڕاگەیاندنێکی یاسایی کە هەم بەڵێن بە دروستکردنی ئۆرگانێکی سیاسیی دیاریکراو دەدات و هەم دروستیشی دەکات و لەوانە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، نەتەوە و/ یان گەل، نەزمێکی ئابووری - کۆمەڵایەتی و یادەوەرییەکی نەتەوەیی - نیشتمانی. بەو پێیەی ئەوە "گەل/ نەتەوە" نییە کە دەستوور دەنووسێت یان دروستی دەکات بەڵکو دەستووری مۆدێرن کە خەڵک و "دەستەی باڵا" دەینووسێت و دروستی دەکات و بەم شێوەیە بناغەی یادەوەریی نەتەوەیی و بەکۆمەڵ و تاکەکەسی دادەنێت (بڕوانە دەریدا ٢٠٠٢، ٤٩ - ٥٠). دەوڵەت و نەتەوە هێشتا لەئارادا نەبوون کاتێک دەستووری کاتی نووسرا و ئەوان تەنها دوای ئەوە هاتنە ئاراوە کە سەرۆکی کۆمار و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش فەرمانی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراقیی ژمارە 10دا (وەقایعی عێراقی) لە 13ی ئازاری 1971. واتە تەنها لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەوە بوو کە "یەک نەتەوەی عەرەب - أمة عربیة واحدة" هاتە بواری جێبەجێکردنەوە و "دەستەی باڵا" دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی خۆی بەدەستهێنا. بڵاوکراوەکە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی وەک باڵاترین دەسەڵات و ئەنجومەنی نیشتمانی و خەڵکی خستە لاوە و تەنها کرانە واژۆکەر، هەرچەندە پێش دەستووری کاتی نە قسەیان هەبوو و نە بوونیان هەبوو. بەم شێوەیە "بە ناوی گەلەوە" و بە واژۆی سەرۆکی کۆمار و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش دەستووری کاتی دەرچووە (مادەی ٦٥، ٦٧). ئەم ڕاستییە گەڕانەوەی تایبەتی بۆ خەڵک وەک "بناغە" ناساند، وەک سەروەر و پێکهێنانی "دەوڵەتی عەرەبیی یەکگرتوو" و "سیستەمێکی سۆشیالیستی" (ماددەی یەکەم،٢). ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بەم کارەی واژۆیەکی تری دەوڵەتی نەهێشت -  واتە دەوڵەتی عێراق بە سەرکردایەتیی عەبدولڕەحمان عارف - کە لێرەوە بە "سیستەمێکی گەندەڵی کۆنەپەرست" ناسێندرا (ماددەی ٣٧). لە ڕاستیدا هەڵکشانی پارتی بەعسی عێراقی، بچڕانێکی لەگەڵ مێژووە سیاسییەکانی ڕابردوو و یادەوەرییەکانی گەلانی عێراقدا دروستکرد. ئەمە دەبوو وەک داهێنانێکی ڕیشەیی نوێ بیری لێبکرێتەوە و هەڵگری پەیامی عێراقێکی تر بێت. دەستووری کاتی ئەرکی خۆی لە "نەتەوە و دەوڵەتی عەرەب" بە ئایینەوە دەبەستێتەوە، کە لە ماددەی چوارەمدا نووسراوە و تێیدا هاتووە "ئیسلام ئایینی دەوڵەتە". بە پێی ماددەی پێنجەم (ب)، "گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکهاتووە، نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی کورد. ئەم دەستوورە دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و مافە ڕەواکانی هەموو کەمینەکانی ناو عێراقی یەکگرتوودا دەنێت". زمانی کوردی لە ماددەی ٧ (ب) وەک زمانی فەرمی "لە پاڵ زمانی عەرەبی"، لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردی عێراقدا ددانی پێدانراوە. هەرچەندە دەستووری کاتی لە شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی پلەیەکی ئۆتۆنۆمیی بە هاوڵاتییانی کورد بەخشی، بەڵام دەوڵەتی مۆدێرنی عێراق کوردستانی گۆڕی بۆ نەخشەیەکی توندوتیژی سیاسی.

 

"زنجیرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال"

یەکەمین فەرمانی دەوڵەتی کە بەشێکی گرنگی ئەرشیفی ئەنفال پێکدەهێنێت و بە بنەڕەتی دەمێنێتەوە بۆ یادکردنەوەی نیشتمانیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال، بڕیاری (فەرمان یان مەرسوومی) دەوڵەتیی ژمارە 160ی ڕۆژی 29ی ئازاری 1987ە کە واژۆی سەرۆک کۆمار سەددام حوسێنی لەسەرە. بەو فەرمانە، ئەو وەک سەرۆک کۆمار و وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، عەلی حەسەن ئەلمەجید وەک ئەمینداری گشتیی دەستنیشان دەکات بۆ مەکتەبی باکوور - واتە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستانی عێراق. فەرمانەکە وا دەستپێدەکات: "بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان -  بسم الله الرحمن الرحیم) و بە ناوی گەل (باسم الشعب)" تەواوی ناوچەی کوردستان بە هەموو چالاکییە ئەمنی و سەربازی و مەدەنییەکانیشەوە ملکەچی دەسەڵاتی سەروەری ئەمینداری گشتیی مەکتەبی باکوور ڕادەگەیەنێت. دووپاتکردنەوەی مادەی 42 (ئە)ی دەستووری عێراق لە فەرمانەکەدا ئەوە دەردەخات کە هێز و کاریگەریی تەواوی یاسای نیشتمانیی بەدەستەوەیە. لەڕاستیدا هەموو فەرمانەکان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال، کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە واژۆ کراوە، بە ئاماژەدان بە مادەی ٤٢ (ئە) دەست پێدەکات و زۆربەیان بەو تێبینییە کۆتایی دێت کە "فەرمانەکە لە ڕۆژنامە فەرمییەکان بڵاو دەکرێتەوە و بۆ هەموو وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەنێردرێت" لە مادەی ٤٢دا بەتەواوی بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە: "ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە جێبەجێ دەکات: (ئە)  یاسا و بڕیارەکانی کە دەسەڵاتی یاسایان هەیە، ڕادەگەیەنێت؛ (ب) بڕیارنامەکان دەردەکات سەبارەت بەوەی کە چی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی کە لەلایەن یاسا جێبەجێکراوەکانەوە خراونەتە ڕوو". بەم شێوەیە مادەی ٤٢ (ئە)ی دەستووری کاتی و واژۆی سەرۆک کۆمار و هەروەها دووپاتکردنەوەی باڵادەستیی خودا، عەلی حەسەن ئەلمەجید (علی حسن المجید)ی کردە سەرکردەی سەروەر لە کوردستاندا. بەم بڕیارە -  کە لە ناو کۆشکی کۆماریی لە بەغدا درا، گواسترایەوە بۆ یاسا، پاشان سووڕاوەتەوە بۆ هەموو کایە و دامەزراوە دەوڵەتییەکان و میدیاکان -  دەوڵەتی عێراق وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی مۆدێرن لە کۆتاییدا گۆڕدرا بۆ ئامادەبوونێکی تارمایی (سپێکتراڵspectral ) و لە فەرمانەکاندا بەرجەستە بوو (بڕوانە داس ٢٠٠٩، ٢٥٠ - ٢٥١). ئەم فەرمانە ڕێگەپێدراوانەی دەوڵەت وردە وردە بووە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری بەڵگەنامەی دەوڵەتی کە وەک تەکنۆلۆجیای هەردوو توندوتیژیی سیاسیی ڕەوا و حوکمڕانی ڕۆڵیان هەبوو کە بە هۆیەوە دەوڵەتی عێراق لە دەستی پارتە سیاسییە کوردییەکان و بۆ هاووڵاتیانی کوردی عێراق، کە لە گوندەکانی کوردستان دەژیان، گواسترایەوە. بوونی سپێکتراڵی دەوڵەتی بەعسی عێراق، هاووڵاتیان و دانیشتووانی ئامانج پێناسە دەکات و دەیکاتە هەڕەشە بۆ سەر نەزمی سیاسی و نەتەوەیی و دەیانخاتە ژێر کردەوەی لەناوبردن و تێکشکاندنی بێ ئەملا و ئەولا.

بە واژۆی ئەلمەجید، فەرمانی ژمارە ٣٦٥٠، لە ڕۆژی ٣ی حوزەیرانی ١٩٨٧، دواتر فەرمانی ژمارە ٤٠٠٨، لە ڕۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧، ئەنفالی خستەکار. بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە، ئەلمەجید دەبوو هاوکاریی وەزارەتی بەرگریی عێراق بکات. ئەمەش بە ڕوونی لە بەڵگەنامەیەکی ورد و ڕێگەپێدراودا بە ناوی "زنجیرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال بۆ ماوەی شوبات -  ئەیلوولی ١٩٨٨"  هاتووە.

بەڵگەنامەکە ئاماژەیە بۆ ڕێکخستنێکی سیستماتیکی: پێدەچێت زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفالەکان لە پێشکەوتندا بووبێت، لەگەڵ دایاگرامێکدا پیشاندانی سێ پۆستی بەتاڵ کە ماوە پڕبکرێنەوە. دایاگرامەکە ڕیزبەندییەکی پلەبەندیی وێنە و ناوەکان پیشان دەدات، ئەو وێنانەی کە چیتر لەم نوسخەیەدا دیار نین. سەددام حسێن، سەرۆکی کۆماری عێراق و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە لووتکەی پلەبەندییەکاندا وەستاوە. ئەلمەجیدی ئامۆزای سەرۆکیش لە خوار ئەوەوەیە لە لای ڕاستەوە و لای چەپەوە عەدنان خەیروڵڵا تڵفاحی ژنبرای سەرۆک و وەزیری بەرگرییە. زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال نوێنەرایەتیی پێکهاتن و مۆبیلیزەکردنی ژێرخانی وێرانکاریی دەوڵەتێکی مۆدێرن دەکات. دایاگرامەکە هێزی ئاسمانیی عێراق، هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەیلەقی یەکەم و دووەم و پێنجەم، یەکە تایبەتەکان، گاردی کۆماری، هێزەکانی کۆماندۆ، سوپای میللی، هێزەکانی فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس، هەواڵگریی گشتی، هەروەها فەرماندەیی ئاسایشی گشتی و فەوجەکانی بەرگریی نیشتمانی (أفواج الدفاع الوطنی) کە لە کورد پێکهاتبوون و لە کوردستانیش بە فەوج ناودەبران (MEW  میدڵ ئیست وۆچ ١٩٩٣، ٣٥٥ - ٣٥٧). ژێرخانی وێرانکاری لە سنووری سەروەریی عێراق زیاتر درێژ دەبێتەوە بەو پێیەی لە بنەڕەتدا پشت بە چەکی هاوچەرخی جۆراوجۆر دەبەستێت، لە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری سەربازییەوە تا دەگاتە دەزگای توخمەکانی جەنگی کیمیایی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا کڕدراون و لەنێویاندا ئەمریکا و باکووری ئەفریقا و ئاسیاش.

جگە لەوەش، بیرۆکراسیی مۆدێرن کە دروستکراوێکی مۆدێرنیتەی سیاسییە، لە ناوجەرگەی ئەم دامەزراوە سەربازییەدایە: ڕاپۆرتی هەواڵگری و بەیاننامە و فەرمان و بەڵگەنامەی فەرمیی دەوڵەت ئامرازی پاسیڤ نین بەڵکو ناوەندی زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفالن. هەروەک چۆن ڕاگەیاندنی فەزای ژیانی دانیشتووانی مایا لەلایەن سوپای گواتیمالاوە وەک "گوندی نایاسایی" لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا توندوتیژیی قڕکەری لێکەوتەوە (سانفۆرد ٢٠٠٤، ١٧٤)، فەرمانی ژمارە ٣٦٥٠ی ئەلمەجیدیش پلانێکی سیستماتیکی دەخاتە ڕوو و سنووری نوێ دەکێشێت، وەک گوندە قەدەغەکراوەکانی کوردستان (القری المحظورة) و ئەو ناوچانەی کە تێیدا هەڵکەوتوون بە نایاسایی ڕایدەگەیەنێت (المناطق المحرمة). فەرمانەکە دەڵێت، "هێزی سەربازی بەتەواوی مافی کوشتنی هەر مرۆڤێک یان ئاژەڵێکی هەیە کە لەم ناوچە قەدەغەکراوانەدا بدۆزرێتەوە" و فەرمانی ئەوە دەدات کە دانیشتووانی ناوچەکە کۆبکرێنەوە و بگوێزرێنەوە بۆ "موجەممەعات"، واتە (نیشتەجێکانی ژێر کۆنترۆڵی سەربازی) "کە تێیاندا خراونەتە بەر سزا".

لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستووری کاتیدا بگونجێت کە گەلی کورد وەک توخمێکی شەرعی و ڕەوای عێراق دەناسێت، جێبەجێکردنی زنجیرەی فەرماندەیی دەبوو دانیشتووانی دێهاتنشین و لایەنە سیاسییەکانی کورد وەک "ناموسڵمان" و دەرەوەی "ڕیزی نیشتمانی" پێناسە بکات.

ئەگەر بێینە لای ئەرشیفی ئەنفالەوە، بوونی تارمایی دەوڵەتی بەعس، کە وەک بەڵگەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی پێی دەگوترێت جینۆسایدی گەلی کورد (واتە ئەو جینۆسایدەی کە دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە) یان (جینۆسایدی ئەنفال)، پێکەوە لەگەڵ نەجم فەقێ ( 2004، 2012)، عەدالەت عومەر (2015)، لەتیف فاتیح فەرەج (2006) و هۆمەر محەمەد، کە هەموویان نووسەر و توێژەری بواری ئەنفالن. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی میدڵ ئیست وۆچ (١٩٩٣) و دواتر دادگای بەغدا (بڕوانە بەشی 4)، کە هەریەکەیان خاوەنی کۆپیی دیجیتاڵیی ئەرشیفی ئەنفال بوون، لەنێویاندا دایاگرام یان وێنەی 4. هەر هەمووشیان فەرمانی ژمارە 160 و فەرمانی ژمارە ٤٠٠٨یان هێنایە بەر باس وەک خاڵی دەسپێک بۆ بەڵگە لەسەر ئەنفال یان "بەڵگەنامەی ئەنفال" دەخەنە ڕوو، پێش ئەوەی بمبەنە ناو وردەکارییەکانی ڕێکخستن و لەسێدارەدان و توندوتیژی. فەقێ پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە کەس ناتوانێت لە ئەنفال تێبگات ئەگەر لەو ئەرشیفە نەکۆڵێتەوە کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کانەوە کاری لەسەر دەکات. لە تەمموزی ٢٠١٢دا پێیگوتم کە فەرمانی ژمارە ٤٠٠٨ ناچار بوو دەربکرێت چونکە فەرمانی یەکەم، واتە فەرمانی ژمارە ٣٦٥٠، نەیتوانیوە وادەی کۆتایی دیاری بکات: "سەدان هەزار کەس لە ناوچە گوندنشینەکاندا گیراون و وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و نەیانزانیوە چییان لێبکەن، بۆیە ناچار بوون پلانێکی تری بۆ دابڕێژن".

فەرمانی ژمارە ٤٠٠٨، کە ئاڕاستەی فەیلەقی یەکەم و دووەم و پێنجەم کراوە، دەڵێت گوندەکانی دەرەوەی یاسا یان (قەدەغەکراوەکان - و) "دەبێت وەک ناوچەی ئۆپەراسیۆن تەماشا بکرێن کە بە تەواوی لە دەرەوەی سنوورن بۆ هەموو مرۆڤ و ئاژەڵێک ... کە تێیدا هێزەکان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان دەستڕێژی تەقە بکەن و ... فەیلەقەکان دەبێت بۆردمانی هەڕەمەکی ئەنجام بدەن و تۆپخانە و هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی تێدا بەکاربێنن... بە مەبەستی کوشتنی زۆرترین ژمارەی مرۆڤ لە ناوچە نایاساییەکاندا" (لێرەدا جەختی لەسەر کراوە). ئەم ناوچە گوندنشینانە و دانیشتووانەکانیان بە بڕبڕەی پشتی هەردوک  (پ د ک) و (ی ن ک) و هێزی پێشمەرگەی هەر یەکەیان دانرابوون، کە هەردوو لایان لە فەرمانەکەدا بە "تێکدەر و بریکاری ئێران و ناپاک" ناسێنراون. بە گرێدانی دانیشتووانی گوندەکان و ناوچەکان بە پارتە سیاسییە کوردییەکانەوە، کە بە ڕۆڵی خۆیان پەیوەستن بە ئێرانەوە - لەو کاتەدا دوژمنی سەرسەختی عێراق - فەرمانەکان وەک گرووپی بەئامانجگیراو، بە ئاژەڵەکانیشیانەوە دەناسێنن و دواجار قڕکردنیان دەکەنە کارێکی بنەڕەتی بۆ دەوڵەت و نەزمی نیشتمانی. ژمارەیەکی زۆر لە کۆپیی ئەم بەڵگەنامە ڕێگەپێدراوانە بە ناو پێچەڵپێچی بیرۆکراسیی ژێرخانی وێرانکاریدا دەڕۆیشتن و هێزە چەکدارەکان (لەوانەش فەوجەکانی بەرگریی نیشتمانیی کورد) بە دەسەڵاتی تەواوەوە کە بە ئارەزووی خۆیان دەسڕێژی تەقە بکەن - بۆ کوشتن، لەناوبردن، تاڵانکردن، ڕفاندن و دەستدرێژیکردن بە بێ سزا. لەم هەوڵە سەربازییە بیرۆکراتیزەدا بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ناوچەی باکوور و دانیشتووانی کورد، ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال وەک ناوێکی نوێ بۆ ناوچە دێهاتییەکان و دانیشتووانەکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە یادی ڕزگاربووان و بەدیلگیراواندا لە گێڕانەوەکانیاندا، ڕۆڵی فەوجە کوردەکان لە ئەنفالدا جیاوازە لەوەی دەوڵەتی عێراق. لێرە زۆر باوە گوێبیستی ئەوە ببین کە ئەگەر ئەنفالچی کورد نەبوایە دەوڵەتی عێراق و سوپاکەی هەرگیز نەیاندەتوانی شوێنی گوندە کوردنشینەکان بدۆزنەوە یان دەستیان پێبگات و وێرانیان بکەن. لەڕاستیدا دروستکردنی فەوجی کوردی ژێر دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠کان و دیسانەوە بۆ دەسپێکی جەنگی ئێران -  عێراق لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠کاندا. بەشێک لە چەکدارانی ئەو فەوجە کوردانە پێشتر پێشمەرگە بوون و بە نهێنی سەر بە (پ د ک) بوون (ماکدۆواڵ ١٩٩٦، ٣٥٤).

ڕۆژنامەی هاوکاری کە ئەو کات سەر بە دەوڵەت بوو، زانیاریی ورد لەسەر ڕۆڵی فەوجەکانی بەرگریی نیشتیمانی پێشکەش دەکات، کە ئیوفیمیزمێکە (واتە بە جوان لەقەڵەمدانی حاڵەتێکی دزێو -  وەرگێڕ) بۆ فەوجە کوردەکان لە سەردەمی ئەنفالدا، کە بە "شەڕی دوژمنی نیشتمان" پێناسەی دەکات و دەستاودەستی پێدەکات. ڕۆژنامە عێراقییە حکوومییەکان، هەردوو ڕۆژنامەی عەرەبیی (ئەلسەورە - الثورة)، (ئەلعیراق - العراق) و گۆڤاری (ئەلفبا - ألفباء) و ڕۆژنامەی (هاوکاری)ی کوردی ئاهەنگیان دەگێڕا بۆ ئەوەی کە پێیاندەگوت "ئەنفالی قارەمان". هەروەها میدیای دەوڵەتیی عێراق گێڕانەوەی بەرگری کردن لەخۆ و شەڕێک کە لە دژی دوژمنی نەتەوە و خاک و نیشتیمانی عێراق بەرپاکراوە دووبارە دەکەنەوە. ئەم کەناڵە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە نیشتمانییانەی کە دەوڵەت بەڕێوەیان دەبات، تەکنۆلۆجیای گرنگی ترن کە هەم بۆ بێدەنگکردن و هەم بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە لە سەردەمی ئەنفالدا ڕوویانداوە بەکارهێنراون. لە کاتێکدا جەخت لەسەر نەزمی سیاسی و ناوچەیی و ناوەندگەرایی نیشتمانی عێراق دەکرێتەوە، لەناوبردنی بوونی جوگرافی، تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و مێژوویی دانیشتووانی دێهاتی کورد بەتەواوی پەنهان و نەبینراو دەکرێت. "هاوکاری" وێنەی فەوجە کوردەکان بڵاو دەکاتەوە کە مەدالیای ئازایەتی (أنواط الشجاعة) لە سەرۆک کۆماری عێراق وەردەگرن بە هۆکاری ئەوەی کە "نیشتمان" و "گەل"یان پاراستووە. هەروەها ڕاپۆرتی ورد و دوورودرێژ بە مانشێتی گەورە لەسەر ئەو فەوجانە بڵاو دەکاتەوە و بە ئاشکرا بانگەشە بۆ فەرمانەکانی دەوڵەت دەکات بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی دوژمن. لە "ڕاپۆرتەکانی"دا، چاوپێکەوتنی پڕوپاگەندەیی لەگەڵ سەرکردەکانی فەوجەکانی بەرگریی نیشتمانی  ئەنجام دەدات. هەروەها دۆکومێنت کردنی ڕێکخستنی هەر فەوجێک و پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی و ژمارەی جەنگاوەرانی و وێنەی تاک و گرووپەکانیان بڵاودەکاتەوە و تێڕوانینی هەر یەکەیان لەسەر سەرکەوتنی عێراق لە دژی "ناپاک و کرێگرتەکانی ئێران"، واتە دوو پارتە سیاسییە کوردییەکە دەخاتە ڕوو.

هەر فەوجێک ژمارەیەکی هەیە، بۆ نموونە ١٤، ١٠٧، یان ٢٦٤. هاوکاری لە ژمارە ٩٩٤ی خۆیدا لە ١ی ئابی ١٩٨٨دا، وەسفێکی خۆبەخۆی فەوجی ١٠٧ دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئێمە ڕۆڵەی یەک  گەلین و یەک مێژوومان هەیە" و یان لەلایەن فەوجی ٢٦٤وە: "ئێمە پابەندبوونمان نوێدەکەینەوە بۆ ئەوەی وەک سەربازی دڵسۆز بمێنینەوە بۆ پاراستنی خاکی نیشتمان"، یان وەک ئەوەی کە لەلایەن فەوجی ١٤وە: "ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئێمە پاراستنی خاک و شاخەکانی... عێراقمانە". هاوکاری لە ژمارە 1017 لە 20ی تشرینی یەکەمی 1988 بڵاویکردووەتەوە  فەوجی 143 کە 900 چەکداری پیاوی تێدایە و بەشدارییان لە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا کردووە، پێشتر لە 16ی تشرینی یەکەمی 1986دا پێکهێنراوە و وێنەی سەرۆک سەددام حوسێن بڵاو دەکاتەوە و نووسراوە "سەرکردە [واتە سەددام حوسێن]: من باوەڕم بە میللەتی کوردمان هەیە" و "حیزب  سەرکەوتووە و خزمەت بە میللەت دەکات"، کاتێک کە "مەدالیای ئازایەتی" دەبەخشێتە "پاڵەوانانی / جەنگاوەرانی گەلی کورد"، یان میداڵی دوو ڕووبار (وسام الرافدین)، جۆری سەربازی کە ساڵی ١٩٢٢ لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا، کە خزمەتی بە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا کردووە داهێنراوە. ئەو میداڵە لە شارە گەورەکانی ئیمپراتۆرییەت بەرهەم هێنرا و بۆ پاشاکان نێردرا بۆ ئەوەی لە ئیدارەدانیان بۆ عێراق وەک کۆڵۆنییەکی بەریتانیا بەکاری بهێنن. فەرمانی دوو ڕووبار لە هەردوو دەسەڵاتی پاشایەتی و دەوڵەتی بەعسی عێراق ڕزگاری بوو و ئێستا دەتوانرێت لە بازاڕی کۆکراوەی ئۆنلاین بکڕدرێت١.

پلانی سیاسی بۆ "نەهێشتنی تاریکی" بە خەمڵاندنی "350 - 400" هەزار پیاو لە فەوجە کوردییەکان پابەند دەکات کە چاویان بخەنە سەر ئەو فەرمانانەی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەرچووە و کردەوەکانی دەوڵەت بێت. وێنەکان و چاوپێکەوتنە نووسراوەکان و وەسفەکانی فەوجە جیاوازەکان لە ڕۆژنامەی "هاوکاری"دا یەک وشەش نادرکێنن لەسەر بۆردمان و وێرانکردنی گوندەکان، کوشتنی ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەی لەو گوندانە نیشتەجێن، ئاوارەبوونی زۆرەملێیان، ڕاگواستنیان بۆ قەڵا دیاریکراوەکان وەک شوێنی زیندانیکردنی نادیار و ئەو ئەشکەنجە و دەستدرێژی و توندوتیژییە سێکسییانەی کە ناچار بوون لەوێ بیچێژن و بەرگەی بگرن. زۆرێک لە فەوجەکان وەک یەکەیەکی گەڕۆکی کوشتن و پاکتاوکردن جێگیر کرابوون، پێش یان دوای بۆردمانی ئاسمانی دەچوونە ناو گوند و ناوچە بەنایاساییکراوەکانەوە. هەندێ جار کاتێ ئەم شوێنانە هێشتا ئاوەدان بوون ئەوان دەچوونە ناو گوندەکانەوە و بەڵێنی ساختە و درۆی لێبووردنی دەوڵەتیان بڵاو دەکردەوە (هەروەها بڕوانە هەردی ٢٠١١، ٢٠)، بەم شێوەیە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی کەم بوونەوە لەلایەن دانیشتووانی گوندەکانەوە کە خۆیان خستە ژێر دەستی هەواڵگریی سەربازی یان فەیلەقی یەکەم و دووەم و پێنجەمەوە. لە حاڵەتەکانی تردا دوای بۆردمانەکان چوونەتە ناو گوندەکانەوە بۆ گرتنی هەر دانیشتوویەک کە مابێتەوە. بنەماکانی ئۆپەراسیۆنەکان تەنها فەوجە کوردەکان نەبوون بەڵکو چەکی مۆدێرن و وێرانکەر بوون، بەتایبەتی ئەوەی بە لێدانی کیمیایی (العتاد الخاص) ناسرابوو. لە تۆمارێکی دەنگیدا لە کۆبوونەوەی نێوان ئەلمەجید و هاوکارەکانیدا، ئەلمەجید دەڵێت:

"بە چەکی کیمیایی هەموویان دەکوژم! کێ بڕیارە شتێک بڵێت؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەم و ئەوانەش کە گوێیان لێدەگرن... من تەنها ڕۆژێک بە کیمیایی هێرشیان ناکەمە سەر، بەڵکو پانزە ڕۆژ بەردەوام دەبم لە هێرشکردنە سەریان بە کیمیایی. پاشان ڕایدەگەیەنم هەر کەسێک بیەوێت بە تفەنگەکەیەوە خۆی ڕادەست بکات، ڕێگەی پێدەدرێت. یەک ملیۆن دانە لەم بەیاننامەیە بڵاو دەکەمەوە و لە باکوور، بە زمانی کوردی، سۆرانی، بادینانی، عەرەبی دابەشی دەکەم. من ناڵێم لە حکوومەتی عێراقەوەیە و ناهێڵم حکوومەت تێوەگلێت،  من دەڵێم لێرەوەیە [واتە مەکتەبی باکوور]. هەر کەسێک ئامادەبێت بگەڕێتەوە [خۆ ڕادەست بکات] پێشوازی و بەخێرهاتن دەکرێت، ئەوانەی ناگەڕێنەوە جارێکی تر بە کیمیایی  نوێ و وێرانکەر هێرشیان دەکرێتە سەر. من ناوی کیمیایی نابەم چونکە ئەوە زانیاریی نهێنییە، بەڵام دەڵێم چەکی وێرانکەری نوێ لەناوتان دەبات. بۆیە هەڕەشەیان لێدەکەم و پاڵنەریان دەبم بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەن. پاشان دەبینیت کە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی خودا خۆی بەش ناکەن بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی هەموویان.  (لە میدڵ ئیست وۆچ ١٩٩٣، لاپەڕە ٣٤٩ وەرگیراوە)".

چەکی کیمیایی مۆدێرن وەک تەکنۆلۆجیای وێرانکەری کەس نەبوێر و دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی بۆ دەستڕێژ و تەقەکردن بە ئارەزووی خۆیان ئەنفالیان بەرەو پێشەوە برد. دەوڵەتی عێراق پشتی بە چەک بەستبوو، کە پێشەنگی توخمەکانی شەڕی کیمیایی بوو، هەروەها ئەو شارەزاییەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، هندستان، ئەمریکا، هۆڵەندا، چین، ئیسپانیا، ژاپۆن، ئیتاڵیا، میسر، فەرەنسا، نەمسا، سویسرا و بەریتانیا دابین دەکرا (برزۆسکا ١٩٨٧؛ گریگۆری ٢٠٠٤، ١٥٤ - ١٥٧؛ هیڵتەرمان ٢٠٠٧، ٥٣؛ هیپلەر ١٩٩١، ٢٧ - ٣١؛ کێلی ٢٠١٣، ٣٤٨ - ٣٩١؛ شمیت ١٩٩١؛ تریپ ٢٠٠٧، بەشی ٦). توندوتیژیی دەستبەجێ و درێژخایەنی چەکی کیمیایی کە لە بەشی حەوتەمدا دەگەڕێمەوە سەری، لە پاککردنەوەی ناوچە و گوندە نایاساییەکان لە دانیشتووانەکانیان و لە بێتواناکردن و پەکخستنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی کورد - یەکێتی، پارتی، حیزبوڵڵای کورد، بزووتنەوەی ئیسلامی بنچینەیی بوو، پارتی سۆسیالیست و پارتی دیموکراتەکان (ڕەنگە مەبەست لێرەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا بێت، کە زۆر جار ناویان بە دیموکراتەکان دەهات - و) - بنکەی ئۆپەراسیۆنی خۆیان لەم ناوچە گوندنشین و دۆڵ و شاخانەدا هەبوو، چونکە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی توندی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتدا بوون.

دەستڕاگەیشتن بە توخمەکانی شەڕی کیمیایی و چەکی مۆدێرن، کە لە سەردەمی شەڕی ئێران - عێراق (١٩٨٠ - ١٩٨٨) پەرەی پێدرا، بە قووڵی گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی عێراقدا دروستکرد لە دەرەوەی بازنەی دەستووری کاتی و ئەخلاقی ڕۆژانە یان ئەگەری میوانداری. ئەوە لە ڕێگەی چەکی پێشکەوتووەوە بوو کە دەوڵەتی عێراق توانی خاک و کوشتن کۆنترۆڵ بکات و دانیشتووانی گوندەکان و ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی کورد بخاتە ژێر ترسی کیمیاباران، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە ژیانی ڕۆژانەدا نەمێنێت. ئەو هێزە هەمەچەشنانەی کە لە جێبەجێکردنی فەرمانی ژمارە ٤٠٠٨دا جێگیر کرابوون، ئەنفال وەک مرۆڤ و زیاتر لە مرۆڤ - سیاسی، یاسایی، بیرۆکراتی، زانستی (چەکی پێشکەوتوو)، تەکنەلۆجی و ئاینی - هاوبەشی بەرهەمهێنان ئاشکرا دەکەن. زۆر گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەنفال وەک توندوتیژیی سیاسیی ڕێکخراو لەلایەن دەوڵەتەوە هەردوو سنووری مرۆڤانە و نامرۆڤانە نائارام دەکات. ئەمە دەوڵەتی عێراقی کردە توندوتیژی لەناوبەر و بوونی تارمایی مۆدێرنیتە. کاراکتەری تارمایی دەوڵەتی عێراق ئەوە بوو کە زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال بەرجەستەکردنی توندوتیژی مۆدێرنیتە سیاسییەکانە و لە ئۆرگانە سەروەرە نایەکسانەکاندا بەرجەستە بووە کە هەر یەکەیان مەیلی دیاریکراو و بەرپرسیارێتییان هەیە بۆ بەڵگەنامەکردن و گەیاندنی کردەوەی توندوتیژیی سیاسیی خۆیان لە شێوەی ڕاپۆرت و ڕاگەیاندن و بەیاننامەی نووسراودا بۆ ئەلمەجید.

ئەوە بە ڕێکەوت نییە کە دەوڵەتی عێراق سوورەتی هەشتەمی قورئان، واتە سوورەتی ئەنفال (بە واتای دەسکەوت) وەک ناوی گشتیی توندوتیژییە سیاسییەکانی دووبارە بکاتەوە. ناوەکە دانیشتووانی دێهاتەکان، دوور لە مافەکانیان وەک هاووڵاتی وەک ئەوەی لە مادەی پێنجەمی دەستووری کاتیدا هاتووە، پێناسەی سیاسی و ئاینییان بکات وەک "ناپاک و کرێگرتەی دوژمن" و ناموسڵمان و بەو هۆیەوە وەک کافرێک کە دەبێت لەناوببرێن، دادەڕێژێتەوە (بڕوانە میدڵ ئیست وۆچ ١٩٩٣، ٤٧). ئەم سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پاراستنی نیشتمان و "شەرەف"ی "هاووڵاتیانی" عێراقی، وەک لە مادەی ٣١ (ئە)ی دەستووری کاتیدا هاتووە، چیتر دانیشتووانی بەئامانجگیراو ناگرێتەوە. هەروەها مادەی ٣١ (ب) کە بەم شێوەیە داڕێژراوە و دەڵێت: "هێزە چەکدارەکان سەر بە گەلن و دەستەبەرکردنی ئاسایشیان و بەرگریکردن لە سەربەخۆییان و پاراستنی سەلامەتییان و یەکپارچەیی گەل و وڵات و بەدیهێنانی ئامانج و ئاواتی نەتەوەیی - نیشتمانی و هەرێمییان پێسپێردراوە". سوورەتی ئەنفال زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال دەباتە ئەودیوی دەوڵەتی مۆدێرن و یاسا. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا، ئایین دەبوو زیاتر بێت لە دەقێکی پیرۆز و دەبوو بچێتە پاڵ دامەزراوەی دەوڵەتی وێرانکەر و وەک فەرمانی خواوەند خزمەت بکات. دەوڵەت بە مەرجێک کە سیاسەت و یاسا و ئایین ئاشت نەبنەوە، ئیددیعای بەیعەتی بێ جێگەی مشتومڕی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفالدا وەرگیراون، کە بە فەرمانی ژمارە ٧٣٦ی ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ دەگاتە بڕیارێک کە بە لێبووردنی ئەیلوول ناسراوە. لێبووردنی مانگی ئەیلوول گۆڕانکاریی یان هەڵوەشاندنەوە لە سیاسەتی دەوڵەتدا نیشان نادات، لە نێو ئەوانی تردا، فەرمانی ژمارە ١٦٠ و فەرمانی ژمارە ٤٠٠٨؛ بەڵکو درێژەپێدەرێکە لە فۆرمێکی جیاوازدا (محەممەد ٢٠٠٨). لە تۆمارێکی دەنگیدا لە ساڵی ١٩٨٩، ئەلمەجید بە وردی باس لەوە دەکات، "ئایا بڕیارە ئەوان [گوندنشینە دیلەکان] لە دۆخێکی باشدا بهێڵمەوە؟ من دەبێ چییان لێبکەم، ئەم بزنانە؟ پاشان پەیامێک [فەرمانی ژمارە ٧٣٦] لەلایەن ئەو پیاوە مەزنە، باوکەوە [سەددام حوسێن] دەگاتە دەستم و دەڵێت باش ئاگاداری خێزانی تێکدەرەکان و ئەم و ئەو بن. فەرمانی گشتی بۆم دەهێنێ، پەیامەکەیم خستە سەر سەرم... بەڵام بە باشی ئاگاداریان بن؟ نەخێر، بە بلدۆزەر دەیاننێژم[!]" (میدڵ ئیست وۆچ ١٩٩٣، ٣٥١). بەم پێیە توندوتیژی و بێدەسەڵاتی و ئاوارەبوونی سیستماتیکی گوندنشینانی باکووری عێراق لە ژێر سەرپەرشتیی ئەلمەجید بەردەوامە تا ٢٣ی نیسانی ١٩٨٩، کاتێک سەرۆک سەددام حوسێن فەرمانی ژمارە ٢٧٢ی واژۆکرد، کە "لێبوردنی گشتیی" جێبەجێ دەکات. یەکسەر نزیکەی هەموو دەستگیرکراوەکان لە نێو ئەوانی تردا لە ناوەندەکانی زیندانیکردنی تۆپزاوا، نوگرە سەلمان، نزارکێ و دبس ئازاد دەکرێن. ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی پەنابەران لە تورکیا و ئێران دەگەڕێنەوە، دووبارە ناویان تۆمار دەکرێتەوە و دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی نیشتەجێبوونیان کە لە ژێر کۆنترۆڵی سەربازیدایە. لە ناوچەی باکووردا نزیکەی بیست و پێنج شوێنی نیشتەجێبوون بە مەبەستی کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردن و لێکۆڵینەوە هەیە، هەندێکیان ئەگەرچی کاتین، بەڵام لە بیابانێکی وشک و برینگ بەولاوە، هیچی تر نین. ڕزگاربووان ئەم ئۆردووگا یان کەمپانە بە "کەمپەکانی توندوتیژیی تەواو" (کەمپی زۆرەملێ) ناودەبەن. هەندێکیان - بۆ نموونە ڕزگاری لە نزیکی کەلار و شۆڕش لە چەمچەماڵ - بوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (بڕوانە بەشی سێیەم). ڕزگاربووانی تر تەنیا لە ساڵانی 1992 و 1993، دوای ڕاپەڕینی کورد لە ساڵی 1991 دەگەڕێنەوە گوندەکانیان.

فەرمانی ژمارە ٢٧٢ فەرمانی ژمارە ١٦٠ هەڵدەوەشێنێتەوە و حەسەن عەلی عامری لە شوێنی ئەلمەجید دادەنرێت. بەڵام عامری وا مامەڵە دەکات کە فەرمانی ژمارە ١٦٠ هێشتا کاری پێدەکرێت. بە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی سەربازیی لەبەردەستدا بوو، "شارۆچکەی  قەڵادزێ و ئۆردووگاکانی ناوچەی پشدەری ڕووخاند و تەختی زەویی کردن و زیاد لە سەد هەزار کەسی پەرتەوازە  و بێ ماڵ و حاڵ کرد" (ڕەسوڵ ٢٠٠٣، ١٣٢ - ١٣٣). پێدەچێت گۆڕانی سیاسیی دوورخستنەوە لە کوردستان، وەک فەرمانی ژمارە 272 ئاماژەی پێدەکات، حەتمی بووبێت، چونکە لە 2ی ئابی 1990دا دەوڵەتی عێراق پلانی ملهوڕانەی خۆی بۆ داگیرکردنی کوێت ڕاگەیاند (لۆنگ 2004). ئەمەش واتای دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی عێراق بوو لە ناوچەی باکوورەوە بۆ بەشەکانی باشووری وڵات. لە مێژووی سیاسیی ناوچەی کوردستاندا ئەم ساتەوەختە وەک وەرچەرخانێک سەیر دەکرێت کە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی توانیان کۆببنەوە بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی کە بووە هۆی ڕاپەڕینی کورد لە ساڵی ١٩٩١دا. پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لەگەڵ دەرکردنی لێبووردنی گشتی بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە فەوجە کوردییەکاندا چەکدار کرابوون.

ئیسماعیل عەزیز ئاغا، فەرماندەی یەکێک لەو فەوجە کوردییانە بوو کە لە بەشی سێیەمدا دەگەڕێمەوە بۆ لای، پێیگوتم، "کاتێک ئێمە [هەموو موستەشارەکان] لە لێبووردنەکە ئاگادار کراینەوە، کۆبوونەوەیەکمان هەبوو، باسمان لەوە دەکرد کە ئایا بچینە پاڵ بەرەی کوردستانی یان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بمێنینەوە". ئەوجا لە درێژەی قسەکانیدا وتی "زۆرێک لە ئێمە دانیان بە بەرەی کوردستانیدا نەنا و گەڕانەوە بەغدا و ئەوانی تریش وەک فەوجەکەی ئێمە قبووڵیان کرد و پەیوەست بوون بە شەڕی ڕزگاریی کوردستانەوە". بۆ ئەو هاوکارانەی کە لە ساڵی ١٩٩١ وەفاداریی سیاسیی خۆیان لە دەوڵەتی بەعسی عێراقەوە گواستەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لێبوردنی سیاسی واتای بێدەنگی بوو بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆنە سیاسییەکانی (پ د ک)  و (ی ن ک). بێجگە لەوەش خەباتی ڕزگاریخوازی بە ڕاپەڕینی کورد لە ئاداری 1991 گەیشتە لووتکە و دەوڵەتی عێراق قورسایی سیاسی و سەربازیی خۆی لە کوەیتەوە گواستەوە بۆ کوردستان و بە هێرشی سەربازی وەڵامی ڕاپەڕینەکەی دایەوە کە جارێکی تر بووە هۆی کوشتنی دەرەوەی دادوەری و ئاوارەبوون و کۆچی بەکۆمەڵ بۆ وڵاتانی تورکیا و ئێرانی دراوسێ. خەبات بۆ ڕزگاری و دەسەڵاتی سەروەریی دەوڵەتی عێراق لە کوردستان بە بڕیاری ژمارە 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی هات کە لە 5ی نیسانی 1991 پەسەندکرا. ئەمەش وایکرد کە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا ناوچەی دژە فڕین ڕابگەیەنن بەسەر کوردستاندا (گاڵانت ١٩٩٢).

بێجگە لە گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی نێودەوڵەتی و سەروەری لە دەوڵەتی عێراقەوە بۆ بەرەی کوردستانی، ڕاپەڕینیش بوو بە هۆی ڕەخساندنی دەسکەوتێکی تر. لە کاتی ڕاپەڕیندا، پێشمەرگە دەستی بەسەر ٢٥,١٨ تۆن بەڵگەنامەی نهێنیی دەوڵەتی عێراقدا گرت لە سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و تا ڕادەیەکی کەمتریش لە کەرکووک. دوای ڕێککەوتنی نێوان لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، یەکێتی و پارتی و میدڵ ئیست وۆچ / هیومان ڕایتس وۆچ، ئەم بەڵگەنامانەی حکوومەت یان دەوڵەتی عێراق لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ بە فڕۆکە گواسترانەوە بۆ ئەمریکا و دواجار لە ئەرشیفی مافی مرۆڤی زانکۆی کۆلۆرادۆ بۆڵدەر پارێزران و لەوێ پەیوەندییان بە کۆمەڵەیەکی نێودەوڵەتیی ئەرشیفەکانەوە کرد و ماوەکەیان درێژ کردەوە (مۆنتگۆمەری ٢٠٠١، ٤٤٣). ئەو 5,5 ملیۆن لاپەڕەیە لە بەڵگەنامە و فەرمانی دەوڵەت و ڕاپۆرت و بەیاننامەکان کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوی میدڵ ئیست وۆچ / هیومان ڕایتس وۆچ کە بەکاریان هێنا وەک بنەمایەک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ساڵی 1993 بە ناوی "جینۆساید لە عێراقدا: پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد". دەوڵەتی عێراق خۆی لە ڕاپۆرتەکە و بەڵگەنامەکان بەدوورگرت و ئیددیعای ئەوەی کرد کە ساختەن (هیڵتەرمان ١٩٩٤، ٢٢ - ٢٣). ئەم بەڵگەنامانە بۆ ئەوە دەشێن کە یادەوەریی نەتەوەیی و جیهانیی کورد بنووسنەوە بۆ سەدەی بیست و یەک لە دوای ڕێککەوتننامەی سایکس -  پیکۆ، پەیمانی سیڤەر، پەیمانی لۆزان، ڕێککەوتننامەی جەزائیر و دەستووری کاتیی ساڵی ١٩٧٠. واتە دادگاییەکەی بەغداد، کە بۆ دابینکردنی بەڵگە و دادگاییکردنی تاوانەکانی حکوومەتی بەعسی عێراق دامەزرا لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣، گەڕایەوە بۆ  هێنایەوەیان و بۆ ئەو فەرمان و بەڵگەنامانەی تری دەوڵەت کە پێشتر بووبوون بە ئەرشیفی ئەنفال و ڕەتکرابوونەوە وەک "بەڵگەنامەی ساختە" لەلایەن هەمان دەوڵەتەوە لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا (زیاتر لەسەر دادگاکە لە بەشی ٤).

ڕاپەڕینی کورد و دواتر بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاگەیاندنی ناوچەی قەدەغەکردنی فڕین، هاتە سەر ئەوەی کە لێرەدا وەک ژیان و گوزەرانی دوای ئەنفال تێیبگەین، واتە کۆتایی زنجیرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال، بەڵام هەمدیس یادەوەرییەکانی بێدەنگ کرد و ڕێگریی لە هەر یادهێنانەوەیەکی ڕێکخراو و هەر ئیددیعایەک بۆ هەق کرد. هەرچەندە دەستێوەردانی سیاسیی نێودەوڵەتی و دەرئەنجامەکەی ساتێکی مێژوویی بێوێنەی بۆ مێژووی سیاسیی کورد لە عێراقدا دەرخست، بەڵام توندوتیژییەکان وەرچەرخانێکی تری بەخۆیەوە بینی. دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە ساڵی 1994دا وەستا، کاتێک پارتی و یەکێتی دەستیان دایە کارێک  کە ئەمڕۆ بە "شەڕی براکوژی" ناوی دەهێنرێت و چوار ساڵی دوور و درێژی خایاند تا ساڵی 1998. بەردەوامیی کردەوەی توندوتیژیی سیاسی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کە ئازار و زیانی زۆر و فرەلایەنی بەو کەسانە گەیاند کە لە ئەنفال ڕزگاریان بوو و مەسەلەکە درێژتر بووەوە بۆ دابەشبوونێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و جوگرافیایی لە هەرێمەکەدا و ناوچەکانی حوکمڕانیی یەکێتی لەو بەشە جیاکردەوە کە لەلایەن پارتییەوە حوکمڕانیی دەکرا. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانی لە نێوان (پ د ک) و حکوومەتی بەعسی عێراق، کە لە ساڵی ١٩٩٦دا سوپایان نارد بۆ بەرگریکردن لە (پ د ک) و  دۆخی ژیان و گوزەرانی دوای ئەنفال گەڕایەوە بۆ هەولێر. لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٦، کاتێک ژنە ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە ئایا سەددام حوسێن "دۆست یان دوژمن"ی مەسعوود بارزانیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەمیش بە زمانی ئینگلیزی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: “ئەو دوژمنی ئێمە بوو، بەڵام ئێستا ناتوانم بڵێم دوژمنمانە، ئەگەر ئامادە بێت کێشەکەمان [لەگەڵ یەکێتی] چارەسەر بکات"2 دەوڵەتی عێراق پشتیوانیی سەربازی و زرێپۆش و تۆپخانەی بۆ (پ د ک) دابینکرد بە مەبەستی نەهێشتنی کاریگەریی سیاسیی (ی ن ک) لە ناوچەکەدا. شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی، دابەشبوونی هەرێمی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی و کولتووریی لێکەوتەوە کە بەردەوام بوو تەنانەت تا دوای دادگاییکردنی ئەنفالیش لە بەغدا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧دا.

 

سەرچاوە: بەشی دووەمی کتێبی:

"مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق"

بێ میوانداریی مۆدێرنیتەی سیاسی

Being Human

Political Modernity and Hospitality in Kurdistan-Iraq

Fazil Moradi

2024

 

*  تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبێک، کە لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجیی مەیدانییە بەو ناونیشانەی سەرەوە و توێژەری کورد د. فازڵ مورادی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە.  ئێمە ئەم کتێبەمان کردووەتە کوردی و هێشتا وەرگێڕانە کوردییەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە - وەرگێڕ.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×