شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پلانی سهرهكییان ڕوخاندنی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە و ئەوان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە خاوەنی 60 کورسین، هاوکات جەخت دەکاتەوە تاوەکو پارتی دان بە هاوپەیمانی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتیدا نەنێت، هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵدا ئەنجام نادەن.
ئاوێنه: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئهمڕۆ دوشهممه، لە کۆنگرهیهكی رۆژنامەنیدا لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وتی، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ئەواندا نەکراوە.
ئاماژەی بەوەکرد، "ڕێککەوتنی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتی ڕێککەوتنێکە لە پێناو بەرژەوەندی و خزمەتکردنی هاووڵاتییاندا. هەروەها تا پارتی بە فەرمی دان بە هاوپەیمانی نێوان ئێمە و یەکێتیدا نەنێت، ئێمە هیچ کۆبونەوەیەکیان لەگەڵدا ناکەین."
وتیشی، ئەگەر هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەکەی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی نەبووایە، پارتی سەرجەم پۆستە گرنگەکانی بۆ خۆی دەبرد و چی بویستایە دەیکرد. هەروەها، هەر کاتێک پارتی داوای کۆبوونەوەی لە یەکێتی کردبێت، یەکێتی ئاگاداری کردوونەتەوە.
باسی لەوەکرد، "لە ئێستادا کاتی قسەکردن نەماوە بەو شێوازەی کە هەندێک لە حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان دەیکەن و پلانی سەرەکی ئێمە ڕوخاندنی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە".
سهرۆكی جوڵانهوهی نهوهی نوێ وتیشی "لە ئێستادا ئێمە لەگەڵ هێزەکانی دیکە خاوەنی 60 کورسیی پەرلەمانین و دەتوانین حکومەت بڕوخێنین، بۆیە هەر هێزێک دەیەوێت ئەم دۆخە چاک بکات، با بێت لەگەڵماندا بە کردار حکومەت بڕوخێنین."
ئهوهشی خستهڕو، پارتی دەیەوێت سەرجەم گەلی کورد بکاتە قوربانی تەنیا لە پێناو دەستکەوتنی پۆستێک بۆ کەسێک.