سیپان حه‌مۆ، جێگری وه‌زیری به‌رگریی سوریا له پشكی كورد، ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه ده‌كاته كه ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێكی چه‌كداره‌وه كرانه سه‌ر ئاواره كورده‌كان له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ سه‌رێ كانی و ده‌شڵێت، رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشانه ده‌گیرێته‌به‌ر.
ئاوێنه: سیپان حه‌مۆ، جێگری وه‌زیری به‌رگریی سوریا بۆ كاروباری ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات، له لێدوانێكدا رایگه‌یاند، سه‌ركۆنه و ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه ده‌كه‌ین كه كراونه‌ته سه‌ر ئاواره گه‌ڕاوه‌كانی سه‌رێ كانی به‌مه‌به‌ستی رێگری له گه‌ڕانه‌وه‌یان.
جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان شوێنپێی ئه‌وانه هه‌ڵده‌گرن كه تێوه‌گلاون له‌و ده‌ستدرێژیانه‌و رێكاری یاساییان له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.
دوپاتیشیكردۆته‌وه كه مافی ئاواره‌كانه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شار‌و شارۆچكه‌كانی خۆیان و ئه‌و مافه‌شیان پارێزراو ده‌بێت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و رێكاری ئه‌منی پێویست بۆ پاراستنیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت ده‌گیرێته‌به‌ر.
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، چه‌كدارانی عه‌ره‌ب هێرشیان كرده سه‌ر خێزانه ئاواره‌كانی كورد له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ "سه‌رێ كانی"
هێرشه‌كه كاردانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی له شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان لێكه‌وتۆته‌وه‌و ده‌ستیان به خۆپیشاندان كردوه.
روداوه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌ردانی به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، كۆمسیاری باڵای په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ دیمه‌شق و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌باره‌ی پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان.