لە سنە ژنێک لە کاتی چوونی بۆ سەر کار لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژرا
  2026-08-23       74       

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٦، ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕووداوێکی کوشتن لە شاری سنە بڵاو کردەوە کە تێیدا ژنێک بەدەستی هاوژینی پێشووی کوژراوە.

ئاوێنە: ​بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، قوربانییەکە ناوی (ئاتووسا جەعفەری)یە و تەمەنی ٢٧ ساڵە، کە وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆستەی شاری سنە کاری دەکرد. ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە ناوبراو سواری ئۆتۆمبێلەکەی بووە و بەرەو شوێنی کارەکەی بەڕێکەوتووە، بەڵام لەسەر شەقام لە دواوە لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە هێرشی کراوەتە سەر.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاودا هاتووە، هێرشبەرەکە چەندین چەقۆی لە ئاتووسا جەعفەری داوە، کە یەکێکیان بەر دڵی کەوتووە؛ بەهۆی سەختیی برینەکانی و خوێنبەربوونی زۆرەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

​هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، ئاتووسا جەعفەری چەند ساڵ پێش ئێستا بەهۆی ناکۆکیی خێزانییەوە لە هاوژینەکەی جیا بووبووەوە و لەگەڵ دایکیدا دەژیا. سەرەڕای جیابوونەوەشیان، ناوبراو لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئازارپێگەیاندن بووەتەوە لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەنجامدەری تاوانەکە دوای ڕووداوەکە لە شوێنی تاوانەکە هەڵاتووە و تا ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×