شەوی ڕابردوو لە سنووری قەزای کۆیە، ڕووداوێکی تەقینەوە ڕوویدا و لە ئەنجامدا چوار گەنج بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، ڕووداوەکە لە گوندی «کڵێسە»ی سەر بە قەزای کۆیە ڕوویداوە. دیاکۆ هەڵۆ، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە ڕایگەیاند، کاتژمێر ٩:٠٠ی شەوی ڕابردوو چوار گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدایە و خەڵکی گوندی کڵێسەن، بە برینداری گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە.
بە وتەی ناوبراو، هۆکاری ڕووداوەکە بۆ دەستکاریکردنی کەرەستەیەکی تەقەمەنی لەلایەن ئەو گەنجانەوە دەگەڕێتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، دوو لە بریندارەکان پاش وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کراون، دوو بریندارەکەی دیکەش لە نەخۆشخانەی کۆیە ماونەتەوە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.