په‌روه‌رده‌ی سوریا زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی خسته‌‌ نێو پڕۆگرامی خوێندنه‌وه‌
  2026-08-27       49       

وەزارەتی پەروەردەی سووریا، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان لە ناوچه‌ كوردییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ جێگیرکرد. بەپێی بڕیارەکە، نمرەی وانەی کوردی دەچێتە نێو کۆنمرەی کۆتایی خوێندكاران.

ئاوێنه‌: وەزیری پەروەردە و فێرکردنی سوریا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌،  بڕیارێکی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنماییە جێبەجێکارییەکانی مەرسومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 دەرکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەم بڕیارە "پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتورییەکان و بەهێزکردنی فرەچەشنییە لە سوریا."

به‌گوێره‌ی بڕیارەكه‌ خوێندنی زمانی کوردی لەو ناوچانەی "دانیشتوانی به‌رچاوییان كورده‌" دەبێتە ناچاری.

بڕیاره‌كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ له‌خۆده‌گرێت:

- زمانی کوردی دەبێتە بەشێک لە پڕۆگرامی پەسندکراوی هەموو قۆناخەکانی خوێندن (سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی).

- لە هەفتەیەکدا سێ وانە بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکرێ، جگە لە یەک وانەی دیکەی هەفتانە کە تایبەت دەبێت بە چالاکییەکان کە ئەویش بە زمانى کوردى دەبێت.

- وانەی کوردی وەک وانەیەکی بنەڕەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و نمرەکەی هاوشێوەی وانەکانی دیکە لە کۆنمرەی کۆتایی هەژمار دەکرێ.

وەزارەتی پەروەردەی سووریا ئاسانکارییەک بۆ ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکات و قوتابیان لەو ناوچانە دەتوانن وانەکانی (مێژو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە ویستی خۆیان بە زمانی کوردی یان زمانی عەرەبی بخوێنن و تاقیکردنەوەی تێدا بکەن.

دواتر (سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان) رادەسپێردرێ بۆ ئامادەکردنی پەرتوک و پڕۆگرامی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ هەمو قۆناغەکانى خوێندن.

بۆ دابینکردنی میلاکی مامۆستا، وەزارەت بڕیاری داوە مامۆستایان لەنێو میلاک یان لە دەرەوەی میلاک بەم مەرجانە دابمەزرێنێت:

- دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ یان پەیمانگای مامۆستایان بن و زمانی کوردی بە باشی بزانن.

- لە کاتی زۆر پێویستدا، رێگە بە هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی دەدرێت وانەکە بڵێنەوە.

- هەموو ئەو مامۆستایانەی داواکاری پێشکه‌ش دەکەن، دەبێت تاقیکردنەوەیەکی نووسین و زارەکی  بکەن بۆ سەلماندنی ئاستی زمانەوانییان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×