قاسم ئەعرەجی: ڕێکخستنەوەى چەک هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە
  2026-08-30       63       

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی «جەزیرە» تیشکی خستە سەر دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و پڕۆسەی کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی چەک لە وڵاتدا.

ئاوێنە: ​ئەعرەجی ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق لە گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا، بە ئامانجی سنووردارکردن و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی داهاتوودا، زەمینەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بچنە قۆناغێکی جدیتر و ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.

​سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جەختی کردەوە کە کشانەوەی هاوپەیمانان بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەت، بەڵکو هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکان لە نێوان هەردوولادا بەردەوام دەبێت. هەروەها ڕوونیکردەوە کە عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا هەیە و هەوڵ دەدات وەک پردێکی پەیوەندی ڕۆڵ بگێڕێت تاوەکو ڕێککەوتنێک بێتە کایەوە کە ماف و بەرژەوەندیی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە پارێزراو بکات.

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەعرەجی دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەی چەکداماڵین و ڕێکخستنەوەی چەک هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە و تایبەتە بە گرووپە چەکدارەکان.

​ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق ڕۆژی ٣٠ـی ئەیلولی وەک وادەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق و هەروەها ڕێکخستنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان دیاری کردووە، لە کاتێکدا تا ئێستا بەشێک لەو گرووپانە ئامادەیی خۆیان بۆ دانانی چەکەکانیان نیشان نەداوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×