وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستپێکى ساڵی نوێی خوێندن و ڕێنماییەکانی ساڵنامەی خوێندنى زانکۆی بڵاوکردەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) ساڵنامەى خوێندنى زانکۆ لە ٢٠٢٦/٩/١ دەست پێدەکات و لە ٢٠٢٧/٦/٣٠ کۆتایی دێت، بە ڕێچکەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- لەو زانکۆ/ کۆلێژ و پەیمانگایانەى کە سیستمی خوێندنی ساڵانە یان وەرزى پەیرەو دەکەن، بۆ سیستمی خوێندنی ساڵانە ماوەی خوێندن لە (٣٠) هەفتە کەمتر نەبێت و بۆ سیستەمی خوێندنی وەرزی پێویستە بۆ هەر وەرزێک ماوەی خوێندنی لە (١٥) هەفتە کەمتر نەبێت، ئەم ماوەیەش ڕۆژانی تاقیکردنەوە و پشوەکان ناگرێتەوە.
٢- لەو زانکۆ/ کۆلێژ و پەیمانگایانەى کە پێواژۆى بۆلۆنیا پەیرەو دەکەن پێویستە هەر وەرزێکى خوێندن لە (٢٠) هەفتە کەمتر نەبێت، کە لە لایەنى یەکەم (١٤) هەفتە لەهەر وەرزێک بۆ پرۆسەى خوێندن تەرخان بکرێت، هەفتەکانی تر بۆ خوتۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان دەبێت، پاڵپشت بە مادەی (٣) لە ڕێبەری جێبەجێکردنی پێواژۆى بۆلۆنیا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
٣- لەو زانکۆ/کۆلێژ و پەیمانگایانەى کە سیستمی خوێندنی (٣) وەرزی پەیرەو دەکەن، پێویستە ماوەى هەر وەرزێکى خوێندن لە (١٣) هەفتە کەمتر نەبێت، کە لایەنى کەم (١٠) هەفتە بۆ پرۆسەى خوێندن تەرخانبکرێت، هەفتەکانی تر بۆ خۆ تۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان دەبێت.
٤- لەو زانکۆ/ کۆلێژ و پەیمانگایانەى پێواژۆى بۆلۆنیا پەیرەو دەکەن قوتابى و خوێندکار لە ماوەی یەک ساڵی ئەکادیمی خوێندن دا بۆیان هەیە تەنها دوو هەوڵى تاقیکردنەوەى کۆتایی ئەنجام بدەن