​پەرلەمانتارێک سێ پرسی هەستیاری فەرمانبەران، مامۆستایان و پزیشکان ئاراستەی لیژنەی دارایی عێراق دەکات
  2026-08-31       60       

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پشتگیریی سەرۆکی پەرلەمان، سێ داواکاریی تایبەت بە مووچەخۆران و دەرچووانی زانکۆیان ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمان کردووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دارایی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی داهاتوودا.

​ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران و بەدەستهێنانی پشتگیریی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، یاداشتێکی فەرمی کە سێ دۆسیەی گرنگ لەخۆدەگرێت گەیەندراوەتە لیژنەی دارایی.

​دۆسیە و داواکارییەکان بەم شێوەیە خراونەتەڕوو:

​دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی: داوا کراوە دەرفەتی دامەزراندن و پلەی وەزیفیی تایبەت بۆ ئەو دەرچووانە دابین بکرێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابوورییەوە دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ نەڕەخساوە؛ بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستیی بەردەوامی کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان بە پسپۆڕییەکانیان.

​پلەبەرزکردنەوە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: داواکارییەکە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی ماف و شایستە دارایی و کارگێڕییەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکاتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا دواخراون، تاوەکو هیچ جیاوازییەک لەنێوان مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا نەمێنێت.

​مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو (لادراو): پشتیوانی لە داواکاریی نزیکەی ٧٠٠ مامۆستای وانەبێژ کراوە، کە بەشێکیان ماوەی ١٠ بۆ ١٢ ساڵ خزمەتیان هەبووە بەڵام لە پرۆسەی گۆڕینی وانەبێژان بۆ گرێبەست بێبەش کراون؛ داوا کراوە ماف و خزمەتەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و تەرخانکراوی دارایی پێویست بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کەرتی پەروەردە دابین بکرێت.

​ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ئەرک و بەدواداچوونی پەرلەمانیدان و بە مانای دڵنیایی تەواوی جێبەجێبوون نین، بەڵام بەدواداچوونی بەردەوامیان بۆ دەکرێت. هاوکات داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، بە تایبەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کردووە، کە هاوکار و پشتیوانی ئەم داواکارییانە بن تا لە یاسای بودجەدا بگەنە ئەنجامی کۆتایی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×