له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوا واده بو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه كه هه‌ژماری من پڕناكاته‌وه‌و داوا له دیوانی په‌رله‌مان ده‌كات موچه‌كه‌ی به‌یه‌كجاری رابگیرێت و ئه‌و موچانه‌یشی كه پێشتر وه‌ری نه‌گرتون بدرێت به ده‌رزی و ده‌رمان بۆ منداڵانی توشبوی شێرپه‌نجه.
ئاوێنه: عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی هه‌ڵوێست، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له نوسراوێكدا بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له په‌رله‌مانی كوردستان نوسیویه‌تی "باوه‌ڕی منه موچه له به‌رامبه‌ر ئه‌رك و كاردایه، به‌هۆی په‌كخستنی په‌رله‌مان من به ئه‌ركی خۆم هه‌ڵنه‌ستاوم."
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه "7 مانگه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له به‌غداوه هاتوه، من موچه‌كه‌م راگیراوه به بیانوی پڕنه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری من. داواده‌كه‌م كۆی ئه‌و موچانه‌م بدرێته ده‌رزی و ده‌رمان بۆ منداڵانی توشبوی شێرپه‌نجه."
وتوشیه‌تی "ئه‌مڕۆش دوا واده بو، من هه‌ژماری من پڕناكه‌مه‌وه. كه‌واته: به‌یه‌كجاری موچه‌كه‌م رابگیرێت."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه "په‌رله‌مانتارێك به ئه‌ركی په‌رله‌مانتاری هه‌ڵنه‌سێت، په‌رله‌مانتار نییه."
