لە شارەدێی سیتەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ئەنجامی بەکارهێنانی یاریی ئاگرین، گرژی و پێکدادان لە نێوان کارمەندانی دوو چێشتخانەدا دروست بوو، کە لە ئاکامدا چوار کەس بریندار بوون.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، سەرەتای ڕووداوەکە لە کاتێکدا دەستی پێکردووە کە یەکێک لە چێشتخانەکان میوانداریی ئاهەنگێکی لەدایکبوونی کردووە و لە میانی ئاهەنگەکەدا یاریی ئاگرین تەقێنراوە. دواتر پارچەیەک لەو یارییە ئاگرینانە بەر بەردەم چێشتخانەکەی بەرامبەر کەوتووە و ئاگری لێ کەوتووەتەوە.
دوابەدوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، دەمەقاڵێ و مشتومڕی زارەکی لە نێوان شاگرد و کارمەندانی هەردوو چێشتخانەکەدا سەری هەڵداوە، پاشان گرژییەکە پەرەی سەندووە بۆ شەڕەدەست و هێرشکردنە سەر یەکتر. بەهۆی ئەم پێکدادانەشەوە، چوار کەس لە بەشداربووانی شەڕەکە برینی سووکیان پێگەیشتووە.