دوو کرێکار لە کەلار و چەمچەماڵ گیانیان لەدەستدا
  2026-09-06       37       

لە درێژەی زنجیرە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی په‌یوەست بە ژینگەی کاردا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کرێکار لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ بەهۆی رووداوی جیاوازەوە گیانیان لەدەستدا، و سەندیکای بیناسازیش هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئامارەکانی مەرگی کرێکاران لە سەرەتای ئەم ساڵەوە.

ئاوێنە: ڕووداوی یەکەم لە سنووری کەلار تۆمارکراوە، تێیدا حەمید فەرەجی تەمەن ٤٦ ساڵ کە پیشەی کارەباچی بووە، لە کاتی کارکردندا بەهۆی بەرکەوتنی بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستداوە. ڕووداوی دووەمیش لە چەمچەماڵ ڕوویداوە، تێیدا خەلیل ئەحمەدی تەمەن ٦٠ ساڵ، لە کاتی پرۆسەی ڕووخاندنی بینایەکدا کەوتووەتە ژێر شۆفڵەوە و گیانی لەدەستداوە.

کاردانەوە و هەڵوێستی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی 

عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کە هەردوو ڕووداوەکە لە ڕۆژی شەممەدا ڕوویان داوە، و ئەنجامدانی کار لەو ڕۆژەدا بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێت. سەندیکاکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتانە بۆ کەمترخەمی حکومەت و خاوەنکارەکان دەگەڕێتەوە لە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و ژینگەیەکی دڵنیاکەرەوە بۆ کرێکاران.

ئامارە مەترسیدارەکانی ساڵی ٢٠٢٦

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تاوەکو ئێستا تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٢٢ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە لە نێویاندا ژنێکیش هەیە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی قوربانیانی ژینگەی کار بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە و توندکردنەوەی چاودێرییەکان هەیە بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران لە شوێنە کارکردنەکاندا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×