بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کەمپی نیشتەجێبوونی پەنابەران لە ناوچەی سورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، و بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانیش ڕووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە نێوان کاتژمێر 04:45 بۆ 05:05ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، کەمپی پەنابەران لە سورداش بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کراوەتە ئامانج. ئاسایش جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا هیچ جۆرە زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی ڕەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران زانیاریی زیاتری لەبارەی شوێنی هێرشەکە خستەڕوو و ڕایگەیاند، کاتژمێر 04:40ی بەرەبەیان بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر ئەو کەمپەی کە بنەماڵەکانی ئەو حزبەی تێدا نیشتەجێن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوچەی بەئامانجگیراو هیچ بنکە و پێگەیەکی سەربازی یان حیزبیی تێدا نییە و تەنها شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی ژنان، منداڵان و هاووڵاتییانی مەدەنییە.
بەئامانجگرتنی بارەگا و کەمپەکانی پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا پرسێکی نوێ نییە، بەڵکو یەکێکە لە دۆسیە ئەمنییە ئاڵۆز و گرژەکانی ناوچەکە. لە ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی مووشەکی دوورمەودا، تۆپبارانی چڕ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چەندین جار بنکە، بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو لایەنانەی لە دەڤەرەکانی کۆیە، زڕگوێز، جێژنیکان و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.