لە کاتێکدا وەرزی هاوینە، نرخی نەوتی سپی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکاندا گەیشتووەتە ٣٢٥ هەزار دینار.
ئاوێنە: بەگوێرەی لێدوانی فرۆشیارانی سوتەمەنی، ڕێگری لە گەیشتنی نەوتی سپی لە بازگەکانەوە دەکرێت، هاوکات چارەنووسی ئەو بڕە نەوتەی لە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت نادیارە کە بە چ شێوازێک و بۆ کوێ دەچێت.
لەم بارەیەوە، کاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، شیکارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا تیشکی خستووەتە سەر ئاستی بەرهەمهێنان و تێچووی پاڵاوتن بەراورد بەو نرخەی کە بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت:
قەبارەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی: ئەگەر تەنیا ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەبەرچاو بگرین کە بۆ پێداویستی ناوخۆ تەرخان دەکرێت، لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی ٩١ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەرهەم دێت، کە دەکاتە نزیکەی ٤٥٥ هەزار بەرمیلی ٢٠٠ لیتری. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکان، بڕی نەوتی پاڵێوراو لە پاڵاوگەکانی هەرێم زۆر زیاترە لەو ڕێژەیە و بەرهەمی ڕاستەقینەی نەوتی سپی دەکرێت بگاتە دوو هێندەی ئەو ژمارەیە.
جیاوازیی بەرچاوی تێچوو و نرخی فرۆشتن: بەپێی ئەو تێچوونەی لەلایەن وەزارەتەوە بۆ دەرهێنان، گواستنەوە و پاڵاوتن دانراوە (کە تێبینی لەسەر زۆریی نرخەکە هەیە)، تێچووی پاڵاوتنی هەر لیترێک بە تێکڕا نزیکەی ٢١٠ دینار دەکەوێت؛ بەو پێیەش تێچووی کۆی بەرمیلێکی ٢٠٠ لیتری دەگاتە نزیکەی ٤٢ هەزار دینار. سەرەڕای ئەوەش، لە ئێستادا هاووڵاتیان هەر لیترێک بە نزیکەی ١,٥٠٠ دینار و هەر بەرمیلێک بە ٣٢٥ هەزار دینار لە بازاڕدا دەکڕن.
ڕێگەچارە و داواکارییەکان: دەکرا لانی کەم ئەو ٤٥٥ هەزار بەرمیلە بەرهەمهێنراوە، بە نرخێکی گونجاو بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە ساردەکاندا دابەش بکرێت و بەشەکەی دیکەش وەک ساڵانی ڕابردوو لە حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە دابین بکرێت بۆ ئەوەی فشار لەسەر بازاڕ کەم بێتەوە، بەڵام لە ئێستادا نە چارەنووسی بەرهەمی پاڵاوگەکانی وەک «کار» و «لاناز» ڕوونە، نە هیچ پلانێکی فەرمی بۆ دابەشکردن و چارەسەر دەبینرێت.
ئەو پەرلەمانتارە لە کۆتایی شیکارییەکەیدا ڕەخنە لەوە دەگرێت کە بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیاکان دەست بۆ ئەو بەرهەمە ناوخۆییە نابرێت، بەرزبوونەوەی نرخەکانیش بووەتە هۆی ئەوەی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوتەمەنی پەکبخرێن.