دابەشکردنی مووچەی مانگی ٨ـی هەموو وەزارەتەکانی فیدراڵ کۆتایی هات، پەرلەمانتارێکی عێراقیش ئاماژە بەوەدەکات، دەبێت کۆتایی هەفتە واتە رۆژی پێنجشەممە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا تەمویلی هەرێم بکات.
ئاوێنە: جەمال کۆچەر، ئەندامی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی ٨ لە بەغداوە لە گفتوگۆیەکی ئاوێنەدا وردەکاری ئاشکراکرد و وتی "دابەشکردنی مووچەی مانگی ٨ لەبەغدا کۆتایی هاتووە و پێویستە بەغدا دەست بە تەومولیکردنی مووچەی هەرێم بکات. ئەگەر تا کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچە نەنێردرێت، ئەگەری هەیە لە دەستپێکی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ٨ بۆ هەرێم بێت".
سەبارەت بە زیادبوونی داهاتی نەوتی و کاریگەری لەسەر مووچە، ناوبراو دەڵێت "راستە داهاتی نەوتی زیادیکردووە بەڵام هێشتا ئەو بڕە کێشەی مووچە زیاد ناکات، چونکە داهاتی فرۆشتنی نەوت هێشتا نزیکەی ٣ ملیۆنە، دەبێت لە بنەڕەتدا ٤ بۆ ٥ ملیۆن زیاتر بێت، بەڵام گرفتە گەورەکە ئەوەیە کە تێچووی زۆرە و فرۆشتنەکەشی هەرزانترە، بەنمونە برێنت بە ٩٩ بیفرۆشێت؛ نەوتی عێراق لە بازاڕەکاندا بە ٧٠ و شتێک دەفرۆشرێت".
زیاتری رونکردەوە "بە مەرجێک داهاتی نەوت زیاد دەکات، ئەویش بەرهەمهێنان زیاد ببێت و لە سێ ملیۆن زیاتر بێت، دووەم بەغدا لە رێگەیەکەوە بیفرۆشێت کە تێچووی زۆر نەبێت".
پەیوەست بە فەوتانی مووچەیەک بۆ ئەمساڵی هەرێم، جەمال کۆچەر ئاشکرایکرد "من لەو باوەڕەدا نییم ئەمساڵ مووچەیەکی فەرمانبەران بفەوتێت، ئەوەندەی من مێژووی عێراقم خوێندبێتەوە هیچ مووچەیەکی نەفەوتاوە، بەڵام دواکەوتووە".