قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی لە شارەدێی سەنگاو دەستپێدەکات و 100 پارچە زەوی بە تیروپشک بەسەر فەمانبەران و خانەنشیناندا دابەش دەکرێت.
ئاوێنە: بە پێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی سەنگاو ئەمڕۆ چوارشەممە، دەست بە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی دەکرێت و تێیدا 100 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنوورەکەدا دابەشدەکرێت.
پڕۆسەکە بەپێی خاڵبەندی بەڕێوەدەچێت و لەم قۆناغەدا ئەو کەسانەی خاڵەکانیان لە نێوان (35 بۆ 17) خاڵدایە بەشێوەی تیروپشک زەوییان پێدەدرێت، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری شارەدێکە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی.
شارەوانى سەنگاو ڕایگەیاندبوو هەر فەرمانبەر و خانەنشینێک ڕەخنەی لەشێوازی خاڵبەندیەکە هەیە ئەوا دەتوانێت پێش دابەشکردنەکە سەردانی شارەوانی بکات بەمەبەستی وردبینیکردنی فەرمانی زەوییەکەی، هەرچەندە “شارەوانی سەنگاو لەڕێگەی لیژنەیەکەوە بەشێوەیەکی زۆر شەفاف و دادپەروەرانە وردبینی تەواوی بۆ فەرمانەکان کردووە”.
لەهەمانکاتدا لە ئاگاداریەکەى شارەوانى سەنگاودا هاتووە؛ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە لە قۆناغی دووەمدا زەوییان پێنادرێت، ئەوا دڵنیایان دەکەینەوە کە لە قۆناغەکانی داهاتووتر سودمەند دەبن.
ئەم ڕوونکردنەوانەش لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکەدا بڵاوکراوەتەوە؛
ئەو فەرمانبەرانەی کە خاڵەکانیان لەنێوان ( 35 بۆ 17) خاڵە لەم لیستەدا بەشێوەی تیروپشک زەوییان پێدەدرێت .
پێویستە فەرمانبەر یاخود خانەنشین (کارتی نیشتیمانی و کارتی زانیاری ) پێبێت و خۆی لەکاتی تیروپشکەکە ئامادەبێت.
ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانەی کە دوای پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی وەفاتیان کردوە پێویستە وارسەکەی (شەهادە وەفات و کارتی زانیاری وکارتی نیشتمانی) پێبێت.
سەرجەم ڕاگەیاندنکاران بانگهێشت دەکەین بۆ کاتی دابەشکردنەکە کە بەشێوەیەکى شەفاف بەڕێوەدەچێت.
نوێنەری هەر وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەک بیەوێت لەکاتی تیروپشکەکە ئامادەبێت و چاودێری پڕۆسەکە بکات، ئەوا بەخۆشحاڵییەوە بانگهیشتیان دەکەین.
6.ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە بە تیروپشک زەوییەکەیان بۆ دەردەچێت ناتوانن کڕین و فرۆشتنی پێوە بکەن تا ئەو کاتەی تۆماردەکرێت بەناویانەوە.