ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆی وه‌فدی هه‌رێم له به‌غدا ده‌خاته‌ڕو و ده‌شڵێت، وه‌زیری دارایی عێراق دڵنیایی دا كه دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن.
ئاوێنه: ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتویه‌تی، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه، وه‌فدی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە کۆبونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستوری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئومێد سه‌باح وتوشیه‌تی، له كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی، وه‌فدی هه‌رێم، تێڕوانین و پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجه خستەڕو.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستور و یاسا کراوە، بە مەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و ڕون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەردو حکومەت.
به‌قسه‌ی ئومێد سه‌باح، لە بەرامبەردا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ جەختی لە گرنگی بەردەوامبونی گفتوگۆ و هەماهەنگییه‌كان کردەوەو هەروەها دڵنیایی دا کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، لەبه‌ر ڕۆشنایی دەستور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم دواتر سەردانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقییان كردوه‌و کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان بە ئامادەبونی بریکارانی وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حکومی ئەنجامدرا.
وه‌ك سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئاماژه‌ی پێداوه، لە کۆبونەوەکەدا، شاندی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بە گوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و پترۆدۆلار. هەروەها، داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرد، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سودەکانیان بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سودەکانیانیش بە هەمان بنەما بەشدار بێت.
وتوشیه‌تی، لە بەرامبەردا، وه‌فدی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەکان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەربڕی. هەردو لاش لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی تەکنیکی و یاسایی لەم بوارەدا ڕێککەوتن.
له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتی عێراق، ئومێد سه‌باح هێمای بۆ ئه‌وه كردوه "ئەجیندای کۆبونەوەکە تایبەت بو بە تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن، بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی دارایی 2027 و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ."
وتوشیه‌تی "وه‌فدی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتوی هەرێم بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردو حکومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ."
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، لە بەرامبەردا، وەزیری نەوت و وه‌فدی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و مسۆگەرکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
ئومێد سه‌باح ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "لە کۆی کۆبونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبون بە بنەما دەستوری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و بەهێزکردنی هاوکاری دارایی و ئابوری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ."
ئومێد سه‌باح وتوشیه‌تی "وه‌فدی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستوری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرامبەردا جەختی لە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی موچە و ماف و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق."