لە سنووری باڵەکایەتی، جووتیاران لە کاردانەوەی داخستنی گۆڕەپانێکی تایبەت بە ساغکردنەوە و فرۆشتنی بەروبوومەکانیان لەلایەن ئیدارەی ناوچەکەوە، ڕێگای سەرەکی هامڵتۆنیان داخست و ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ جووتیاران هۆشداری دەدەن کە تێچووی زۆری گواستنەوە بەرەو شارەکانی دیکە و گومانی هەبوونی قۆرغکاری لە بازاڕدا، زیانی گەورەی دارایی پێگەیاندوون.
ئاوێنە: ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە هات کە جووتیارانی ناوچەکە پێش دوو ڕۆژ دەستپێشخەرییەکیان بۆ ئامادەکردنی گۆڕەپانێک کردبوو تا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیانی تێدا ساغ بکەنەوە و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەیان بکرێت، بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە کارکردنی، لەلایەن ئیدارەی ناوچەکەوە ڕێگری لە چالاکییەکانی گۆڕەپانەکە کرا و داخران. ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتی بەرچاوی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە جووتیاران ڕێگای هامڵتۆنیان داخست.
سەبارەت بە گرفتەکان، جووتیارانی سنوورەکە، دەڵێن: دوای ئەوەی شوێنێکمان بۆ کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان ئامادە کرد، دەرکەوت بازاڕەکە قۆرغ کراوە، هەربۆیە ڕێگریمان لێکرا بەرهەمەکانمان لە سنوورەکەماندا ساغ بکەینەوە؛ جووتیار هەیە بە ناچاری تەماتە بە نرخێکی زۆر کەم، لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ دینار دەفرۆشێت کە بەراورد بە ناوچەکانی تر زۆر کەمە.
ئاماژە بەوەش دەکەن گەیاندنی بەرهەمی تەماتە بۆ هەولێر و شارەکانی دیکە نزیکەی شەش کاتژمێری پێدەچێت، لە کاتێکدا ئەو گۆڕەپانەی دروستیان کردبوو ئاسانکارییەکی گەورە بوو، بەڵام بە بڕوای ئەو جووتیارە، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هاوکار نەبوون لە فەراهەمکردنی ئەم ئاسانکارییە بۆ بەروبوومی ناوخۆ.
جوتیاران هۆکاری ناڕەزایەتییەکەیان دەبەستنەوە بە نەمانی قازانجی بەرهەمەکانیان؛ ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە نرخی یەک کیلۆ تەماتە لە هەولێر لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دیناردایە، لە بەرامبەردا بەنزین و کرێی گواستنەوە زۆر بەرزە، بە جۆرێک ئەگەر تەماتەکە بە ٣٠٠ دینار بفرۆشرێت، تەنها ١٢٠ دیناری بۆ کرێی گواستنەوە دەڕوات و هیچی بۆ جووتیار نامێنێتەوە.