وهزارهتی كارهبای حكومهتی ههرێم رایگهیاند، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش سودییان لە داشکاندنی قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی ڕووناکی بهرێژهی 50% وەرگرتوە.
ئاوێنه: وهزارهتی كارهبا، ئهمڕۆ یهكشهممه، له راگهیهندراوێكدا وتی، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سودییان لە داشکاندنە تایبەتەکەی قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی ڕوناکی وەرگرتوە، کە لە رۆژی سێی ئاب تا (10)ی ئەم مانگە بۆ ماوەی نزیکەی چل رۆژێک بەردەوام بو.
ئاماژهی بهوهشداوه "ئەم داشکاندنە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەرانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانەوە پەسەند کرابو، بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە قەرزی کارەبا ڕزگاریان ببێت، کە لە ڕێگەی داشکاندنێکی تایبەتەوە بە ڕێژەی (50%) جێبەجێ کرا و تا ئێستا لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت وێنەی نەبوه."
هێمای بۆ ئهوهش كردوه "ئەم داشکاندنە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆژەی ڕووناکی و گواستنەوە لە قەرزە کۆنەکانەوە بۆ سیستەمێک کە تیایدا هەموو بەکارهێنەران بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن."
ئاماژهی بهوهشداوه "جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی ئەو هابەشانەی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە قەرزی کۆنیان هەبو، توانیویانە سود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە."
ئهوهشی خستۆتهڕو "وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان هاوبەشانی کارەبادا، لەسەر پشتگیریکردنی هاوڵاتیان و هاوبەشانی لە هەموو کەرتەکانی بەردەوام دەبێت."