گەنجێکی تەمەن 24 ساڵ لە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و وەرگرتنی دەرزی لە سەنتەرێکی پزیشکیی تایبەتدا، بینایی چاوێکی بە تەواوی لەدەستدا.
ئاوێنه: ئەلەند، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵە، خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە و پیشەی دەرمانسازە.
ناوبراو بەهۆی بونی هێڵێکی ڕەش و لێڵ لە پێش چاویدا، سەردانی پزیشکێکی لە سەنتەرێکی تایبەتی لە هەولێر کردوە.
بەوتەی ئەلەند و هاوسەرەکەی كه قسهیان بۆ میدیاكان كردوه، پزیشکەکە پێی راگەیاندوە، نەشتەرگەرییەکە بە رێژەی 85% سەرکەوتوو دەبێت و پێویستی بە دەرزی و نەشتەرگەرییە و دواتر بە لێزەر چارەسەر دەکرێت و تەنیا ماوەیەک چاوی کەمێک سوور دەبێتەوە؛ بەڵام دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و وەرگرتنی دەرزییەکان، بە تەواوی بینایی چاوێکی لەدەستداوە.
گەنجەکە ڕایگەیاندوە، کێشەکەی دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی یەکەم لە 27ـی حوزەیراندا دەستیپێکردوە و دوای سێ ڕۆژ بینایی لەدەستداوە، دواتر و دوای لێدانی چوار دەرزی بێ بەنج، نەشتەرگەریی دوەمی بۆ ئەنجامدراوە کە بەهۆیەوە تۆڕی چاوی پچڕاوە.
وهك خۆی وتویهتی، کاتێک پزیشکەکەی داوای نەشتەرگەریی سێیەمی کردوە، ڕەتیکردوەتەوە و چۆته ئێران و سەردانی پزیشکی کردوە، بەڵام لەوێ لەلایەن شەش پڕۆفیسۆرەوە پێی ڕاگەیەندراوە کە هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی بینایی چاوی نەماوە.
دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاندوه، بۆ بەدواداچونی ئەم کەیسە لیژنەیەکی زانستی لە چەندین پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو پێکهێنراوە، تاوەکو بە وردی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکەن لەسەر ئەوەی ئایا پزیشکەکە یان سەنتەرەکە لە کارەکەیاندا کەمتەرخەم بون، یان پێویستی بە کەرەستە و رێکاری زیاتر بوە و بۆی نەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ههولێر جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی دەرەنجامی راپۆرتی لیژنە پزیشکییە پسپۆڕەکە، ئەگەر هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک لە لایەن سەنتەرەکە یان پزیشکەکەوە بسەلمێنرێت، بەپێی یاسا سەرجەم رێکارە پێویستەکان بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.