لە درێژەی هەنگاوەکانی دابینکردنی مافی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی کەرتی گشتی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند کە چوار هەزار پارچە زەویی نوێ بەسەر فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکەدا دابەش کراون. زەوییە تەرخانکراوەکانی ئەم قۆناغە دەکەونە هەردوو ناوچەی داربەڕوو و بەردەکەڕ کە هاوسنوورن لەگەڵ شاری لاوان.
ئاوێنە: پڕۆسەی تیروپشک و دابەشکردنەکە، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و لەیلا عومەر عەلی، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و ژمارەیەک لە نوێنەرانی فەرمانگە جیاوازەکانی شارەکە بەڕێوەچوو.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، لەپێناو پاراستنی شەفافیەت و خێرایی لە کارەکاندا، پرۆسەی دابەشکردنەکە بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی ئەنجام دراوە و بەتەواوی پشتی بەو لیستە فەرمیانە بەستووە کە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە ئاراستەی شارەوانی کراون.
ئەم هەنگاوەی شارەوانیی سلێمانی تەواوکەری قۆناغەکانی پێشووە، کە تێیدا ٢٣ هەزار پارچە زەویی دیکە لە ناوچەکانی (فەرمانبەران، لاوان و سۆتکە) بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش کرابوون کە مەرجەکانی سوودمەندبوونیان تێدا جێبەجێ ببوو.
لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و لیژنەی باڵای دابەشکردنی زەوی دڵنیاییان داوەتە فەرمانبەران کە مافەکانیان بەتەواوی پارێزراوە. هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پڕۆسەکە ناوەستێت و تا ئەو کاتەی سەرجەم سوودمەندبووان بەپێی لیستە پەسەندکراوەکان زەویی خۆیان وەردەگرن، کارەکانیان بەردەوام دەبێت.
لەم بەستەرەوە لیستی ناوەکان ببینە