وهفدی ئیمرالیی دهم پارتی پهیامێكی نوێی عهبدوڵا ئۆجهلانی بڵاوكردهوه كه تێیدا دهڵێت، ئامانجی من ئەوەیە ئاشتی و سیاسیبون بێنە دی. ئاشتی واتە چەکدانان، سیاسیبونیش واتە سیاسەتی دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
ئاوێنه: وهفدی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئهمڕۆ دوشهممه، سەبارەت بە دیدارەکەی دوێنێیان لهگهڵ عهبدوڵا ئۆجهلان راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه كه پهیامێكی نوێی ناوبراو بۆ رایگشتی لهخۆدهگرێت.
بهپێی راگهیهندراوهكه، لە دیدارەکەدا، دۆخی ئێستای تورکیا، پێشخستنی چارەسەری دیموکراسی و ئاشتییەکی بەردەوام، ئەو هەنگاوە کۆنکرێتیانەی کە پێویستن بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بنرێن، لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە گەنگەشە کران.
وهك وهفدی ئیمرالیی دهم پارتی هێمای بۆ كردوه، پهیامی نوێی ئۆجهلان بۆ رایگشتی بهم شێوهیه بوه:
"پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە قۆناغێکدایە کە پێویستییەکی بەپەلە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە مێژوییەکان هەیە. لە قۆناغی دوای پەسەندکردنی یاساکەدا، زۆر گرنگە کە لە چوارچێوەی ئەم بەرپرسیارێتیانەدا هەنگاوی کردەیی و هاوبەش بنرێن و لیژنەکان دەستبەجێ دەست بە کاری چالاکانەی خۆیان بکەن.
ئامانجی من ئەوەیە کە ئاشتی و سیاسیبون بێنەدی. ئاشتی واتە چەکدانان، سیاسیبونیش واتە سیاسەتی دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
دەرفەتێکی مێژویی لە پێش تورکیادایە. من هیوا و بڕوام وایە کە هەر کەس بەم هۆشیارییەوە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئاشتییەکی بەردەوام و چارەسەرێکی دیموکراسی. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی خێرا و لەپێشینەیە کە ئیرادەی ئاشتی بێ بنەما نەهێڵدرێتەوەو لە ڕێگەی ڕێکخستنی یاسایی و سیاسی کۆنکرێتییەوە مسۆگەر بکرێت.
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی ئامانجیەتی کە هەمو گەلان و بیروباوەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێکەوەیی لە ناو ئاشتی، ئازادی و یەکسانییدا بژین. پێشهاتەکانی ناوچەکە بەڕونی نیشانی دەدەن کە پرۆسەکە لەسەر هاوسەنگییەکی هەستیار وەستاوە و ئەم پێشهاتانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە. لەبەر ئەوە، بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی دەستوەردان و ئاژاوەگێڕییەک، گرنگە کە کێشەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن. پێویستە ڕوداوەکانی ڕۆژئاوایش لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت."
وهفدهكهی ئیمرالی وتوشیهتی، ئێمە وەک شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە ڕێبازی بنەڕەتیی ئۆجهلان؛ بەردەوامکردنی ئاشتی، بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراسی و دیموکراتیزهكردنی تورکیایە.
ئاماژهی بهوهشداوه، ڕێگای ئاشتی کراوەیە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی و کردەیی بۆ پێشخستنی ئەم ڕێگایە بخرێتەگەڕ.