پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی چەند پەیامێکەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، بۆ سبەی چوارشەممە مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بە داخراوی بمێننەوە.
ئاوێنە: ئەم بانگەوازە لە کاتێکدایە کە چوار ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی "ژینا ئەمینی"دا تێدەپەڕێت. لە ڕوانگەی چاودێرانەوە، ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی گیانلەدەستدانی کچێکی کورددا نەماوەتەوە، بەڵکوو وەک خاڵێکی وەرچەرخان و دەستپێکێکی نوێ بۆ داواکارییە مافخوازانەکانی هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێراندا سەیر دەکرێت.
دوابەدوای ئەو ڕووداوە، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی سەریهەڵدا کە بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» ناسرا و دواتر تەواوی شارەکانی ئێرانی گرتەوە. ئەم جووڵانەوەیە تەنها وەک خۆپیشاندانێکی کاتی نەبینرا، بەڵکوو گۆڕانکارییەکی قووڵی لە هزری کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەدا دروست کرد و بووە هۆی یەکخستنی خواستە گشتییەکان بۆ ڕەتکردنەوەی پێشێلکارییەکان و داواکردنی مافە بنەڕەتییەکان.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ژینا ئەمینی لەدایکبووی ٢١ی ئەیلوولی ١٩٩٩ و خەڵکی شاری سەقز بوو. ناوبراو لە کاتی گەشتێکیدا بۆ شاری تاران، لەلایەن "پۆلیسی ڕەوشت"ـی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تەنها چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەسەرکردنی، لە ژێر بارودۆخێکی تەمومژاویدا و بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە، دەکەوێتە کۆماوە. سەرەنجام لە ڕێکەوتی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیانی لەدەستدا. ئەم ڕووداوەش بووە چەخماخەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.