لە سەردانێکدا بۆ تاران، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای ئەو حیزبە بەڕێوەچوو، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ناوچەکە کردووە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ کردووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان ڕێز لە ئاسایش و سەروەریی خاکی وڵاتانی دراوسێ دەگرێت، و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێرانیشی بە پەیوەندییەکی دێرین و خاوەن مێژوویەکی هاوبەش وەسف کردووە.
هاوکات، سەرۆکی یەکێتی هەوڵە بەردەوامەکانی حیزبەکەی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە.
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئێران پێزانینی خۆی دەربڕیوە بۆ ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بەگشتی دەیخەنە ڕوو.