حکومەتی عێراق بڕی 500 ملیار دیناری دیکەی شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی ساڵی رابردووی خەرجکرد، کە لەو بڕە زیاتر لە 76 ملیار دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە و لە سبەینێوە رێکارەکانی دابەشکردنی دەستپێدەکەن.
ئاوێنە: رۆژی سێشەممە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند "بەغدا 500 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی خەرجکرد. لەو بڕە 76 ملیار و 294 ملیۆن و 184 هەزار دیناری پشکی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە."
سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی پارەکە بەسەر جووتیاراندا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی وتی "ئەمڕۆ بڕەکەیان بۆ دیاری کردووین و لە سبەینێوە رێکارەکان دەستپێدەکەن. بەپێی پارێزگاکانیش جووتیاران لێی سوودمەند دەبن."
ناوبراو زیاتری وت "ئەم بڕە پارەیە گوژمەی هەشتەمی شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانە و پێش خەرجکردنی ئەم بڕە، 83 ملیار و 120 ملیۆن دینار مابوو.
پشکی پارێزگاکان لە گوژمەی هەشتەمی پارەی گەنم بەم شێوەیە دەبێت:
سلێمانی و هەڵەبجە: 29 ملیار و 93 ملیۆن و 449 هەزار دینار
هەولێر: 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دینار
دهۆک: 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دینار
جێی ئاماژەیە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بڕیارێکدا ئاشکرایکرد، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابوو، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەرگیرا، ئەوەی بەشێوازی کۆن ئاودرابوو هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەرگیرا.