حزبی پارتی سۆسیال دیموکرات لە سوید یەکێکە لە کاندیدەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و چەندین کورد کاندیدی ئەو حزبەن و یەکێک لەوانە هونەرمەند و گۆرانیبێژ تارا رەسولە و بەهۆیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئاوێنە: تارا رەسول، هونەرمەند و کاندیدی حزبی پارتی سۆسیال دیموکرات لەپێگەی فەرمی خۆی نوسیویەتی "سوپاس بۆ خوا، دوێنێ لە کەشێکی هێمن و ئارامدا، هەڵبژاردنەکانی وڵاتی سوید بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات".
نوسیویشیەتی "لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی تەواوی ئەو کەسانە بکەم کە بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کرد و دەنگیان بە پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید دا، و لەناوی ئەواندا متمانەیان بە من، وەک کاندیدێک، بەخشی، ڕێزو سوپاسیشم بۆ ئەو خۆشەویستانەی لەم ماوەیە هاوکارو پاڵپشتم بوون لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە".
تارا رەسول وتوشیەتی "سوپاس بۆ خوا، پارتی سۆسیال دیموکرات بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێش حیزبەکانی تری سویدە. ڕەنگە چەند ڕۆژێکی تر بخایەنێت تا دەنگەکان بە تەواوی دەژمێردرێنەوە؛ ئەوسا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە کام پارت زۆرترین دەنگی هێناوە و بۆ چوار ساڵی داهاتوو کێ حکومەت پێکدەهێنێت و پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵات وەردەگرێت".
وەک نابراو دەڵێت "سەبارەت بە دەرچوون یان دەرنەچوونی من و هاوڕێ کاندیدەکانم، کە لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا بە شانازییەوە بەشداریمان کردووە و کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید بووین، کە گەورەترین پارتی ئەم وڵاتەیە، ڕەنگە پرۆسەی ژمێرکردن و دڵنیابوون لە ئەنجامەکان دوو هەفتەی تر بخایەنێت. پاشان ئەنجامە کۆتاییەکان ڕادەگەیەنرێن و ئێمەش ئاگادار دەکرێینەوە".
"لێرەوە ڕایدەگەیەنم و بەڵێن دەدەم، بە دەرچوون یان دەرنەچوونم هەرگیز سارد نابمەوە لە خزمەتکردنی پارتەکەم و وڵاتی سوید و تەواوی هاونیشتیمانیانی ئەم وڵاتە، بەبێ جیاوازی". هونەرمەند و گۆرانیبێژ تارا رەسول وای وتووە