دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماری کاروچالاکییەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، هەزاران پەیجی سۆشیاڵ میدیا داخراون و سەدان هێرشی سایبەریکردنە سەر ماڵپەڕە حکومییەکان لە عێراق پووچەڵ کراونەتەوە.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە دۆسیە سەرەکییەکان و لەپێشینەکانیان ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وتارانەیە کە ڕقوکینە بڵاودەکەنەوە و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن. ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە ئەم جۆرە وتارانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونیان هەیە و بەتایبەتی لە کاتی بۆنە ئایینییەکاندا زیاتر چالاک دەبن.
سەبارەت بە قەبارەی سەرپێچییەکان، وتەبێژەکەی ئاسایشی نیشتمانی باسی لەوە کرد کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، چاودێریی نزیکەی پێنج هەزار پەیج کراوە. ئەم پەیجانە تۆمەتبارن بە بڵاوکردنەوەی وتاری ڕقوکینە و توندوتیژی، بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، و هەروەها پڕوپاگەندەکردن بۆ حزبی بەعسی قەدەغەکراو. هاوکات، بەشێک لەو پەیجانە تێوەگلاون لە پرۆسەی هەڕەشەکردن و فێڵبازیی ئەلیکترۆنی، کە لە کۆتاییدا هەموویان مەترسی بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن.
بۆ ڕێگریکردن لەم سەرپێچییانە، دەزگاکە زنجیرەیەک ڕێکاری تەکنیکی و یاسایی گرتووەتەبەر، کە بە هۆیانەوە توانراوە نزیکەی ٢٧٠٠ پەیج بەتەواوی دابخرێن. پرۆسەی داخستنەکە بە چەند هەنگاوێکی یەک لەدوای یەک ئەنجام دراوە، کە پێکهاتوون لە:
چاودێریکردن و بەدواداچوون.
ئەنجامدانی هەوڵی تەکنیکی بۆ ئاشکراکردنی خاوەندارێتیی پەیجەکان.
وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری.
بلۆککردنی پەیجەکان و کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی نیشتمانی بۆ مەبەستی چارەسەرکردنیان.
ئەرشەد حاکم جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هەنگاوانە بە هەماهەنگییەکی ئاستبەرز لە نێوان خاڵی پەیوەندیی نیشتمانی، کۆمپانیا جیهانییەکان، دادوەریی دەزگاکە لە بەغدا و دادوەرەکانی پارێزگاکانی دیکە جێبەجێ کراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وتەبێژەکەی ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای کرد کە تیمەکانیان لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا سەرکەوتوو بوون لە ڕێگریکردن و پووچەڵکردنەوەی ٧٥٠ هێرشی ئەلیکترۆنیی سایبەری، کە ئامانجیان هێرشکردنە سەر ماڵپەڕە حکومییەکانی عێراق بووە.