وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، له سبه‌ی پێنجشه‌ممه، زانكۆلاین بۆ ده‌رچوانی 12ی ئاماده‌یی كارا ده‌بێت. ده‌شڵێت، ئەمساڵ 40 هه‌زارو 716 دەرچوى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن.
ئاوێنه: وه‌زاره‌ته‌كه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، پڕۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی 12ی ئاماده‌یی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە سبەینێ پێنجشەممە ڕێکەوتى (17/ ئەیلولی/ 2026) سەعات 8:30ى سەرلەبەیانىیه‌وه، زانكۆلاین بۆ ماوەى (هەشت) ڕۆژ تاکو ڕێکەوتى (24/ ئەیلولى/ 2026) بۆ دەرچوانى 12ی ئامادەیى کارا دەبێت.
لەو بارەیەوە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە شارى سلێمانى د. خەتاب ئەحمەد شێخانى، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند "لە سبەینێوە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى 17/ئەیلولی/2026 وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، نێودەوڵەتییەکان)، تا ڕۆژى 24/ ئەیلولی/2026، واتە بۆ ماوەى (هەشت) ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچوان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچوان ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).
وتیشى؛ بۆ به‌رچاوڕونی زیاترى ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ى ئامادەیی و ئاشنابونیان به سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به سیستمه جیاوازه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی دەرچوان به‌رله‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نییە لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگه‌یاند، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا وتیشی؛ بۆ ئەمساڵ (40716) دەرچوى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە یەک کاتدا داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک (30847) دەرچو لە بەشى زانستى، (7923) دەرچو لە بەشى وێژەیی، (1240) دەرچوى ئامادەییە پیشەیی، (706) دەرچوى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکارى بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) لە (16) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.
لە کۆتاییدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، رایگه‌یاند: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بەم ناونیشانە: (وەزارەتى خوێندنى باڵا‌و توێژینەوەى زانستى).