شارەزایەکی بواری کەشناسی و گەردوونناسی ئاماژە بەوە دەکات کە لە دیاریکردنی یەکەمین ڕۆژی وەرزی پایزدا، دوو بۆچوونی جیاواز لە نێوان نەریتی کوردی و لێکدانەوە فەلەکییەکاندا هەیە، هاوکات پێشبینی دەکات ئەمساڵ ناوچەکە پایزێکی پڕباران بەخۆیەوە ببینێت.
ئاوێنە: سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و فەلەکناسی، ڕایگەیاندووە کە لەسەر بنەمای نەریتی کوردی و گوتەی پێشینان، ڕۆژی ٢١ی ئەیلول وەک یەکەمین ڕۆژی وەرزی پایز هەژمار دەکرێت. ئەم وەرزە بەپێی ئەو نەریتە لە ٢٠ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت و ماوەکەی دەگاتە نزیکەی ٩٠ ڕۆژ، بەدوایدا و لە ٢١ی کانوونی یەکەمیشدا وەرزی زستان بە فەرمی دەستپێدەکات.
لەلایەکی دیکەوە و لە ڕووی لێکدانەوە فەلەکییەکانەوە، وادەی دەستپێکردنەکە جیاوازە؛ ئەو شارەزایە ڕوونیکردووەتەوە کە وەرزی پایز لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٦، لە کاتژمێر ٠٣:٠٥ی بەرەبەیان بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ کاتژمێر ٢٣:٥٠ خولەکی شەو کۆتایی پێدێت. بەم پێیەش، ماوەی ئەم وەرزە بەپێی پێوەرە فەلەکییەکان دەکاتە ٨٩ ڕۆژ و ٢٠ کاتژمێر و ٤٥ خولەک.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەم وەرزەدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت پلەکانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەکەن و بارستە هەوایەکی فێنک کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین و گۆڕانی ڕەنگی گەڵای دارەکان بۆ زەرد، سوور و نارنجی، پێشبینییەکان بەرەو ئەوە دەچن کە وەرزی پایزی ئەمساڵ لە ڕووی ڕێژەی بارانبارینەوە دەوڵەمەند و پڕباران بێت.