دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکگرتنەوەی تەواوەتی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕێگەی هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەکەوە، پرۆسەکەی بە "شکڵی و ڕوکەشی میدیایی" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەو هەنگاوە تەنیا لەژێر فشاری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیماناندا ئەنجامدراوە.
ئاوێنە: لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوکرایەوە، وتەبێژی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەم پرۆسەیەوە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لاواز دەبێت. بەپێی وتەکانی ئەو، هێزەکان لەبری یەکگرتنەوە، دەخرێنە ژێر دەستی دوو دەڤەری سەربازییەوە؛ دەڤەری یەکەم کە تایبەتە بە هێزەکانی ٨٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٦ فیرقە و ١٨ لیوا پێکدێت، دەڤەری دووەمیش کە تایبەتە بە هێزەکانی ٧٠ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ٥ فیرقە و ١٥ لیوا پێکدێت.
هیمداد شاهین جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکان هێشتا بڕیار و ڕێنماییەکانیان ڕاستەوخۆ لە حزبەوە وەردەگرن، وەزارەتی پێشمەرگەش تەنیا پرسە کارگێڕییە لاوەکییەکانی وەک دابینکردنی ئازوقە، هاوکاری و موچەی پێسپێردراوە. بە وتەی ئەو، هێزە حزبییەکان لە جاران بەهێزتر دەبن و وەزارەتیش تەنیا ڕوکەشێک دەبێت بۆ ڕازیکردنی لایەنە دەرەکییەکان.
سەبارەت بە گوزەرانی هێزە چەکدارەکان، وتەبێژەکەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: "ژیانی پێشمەرگە لە ڕابردودا چۆن خراپ بوە، ئێستاش هەر ئاوا دەبێت." هەروەها وتیشی کە ئەو دۆخە نالەبارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت، بە "پینە و پەڕۆ" چارەسەر ناکرێت.
ئەم کاردانەوەیە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە شاری هەولێر، پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕاگەیەندرا. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا جەختیان لەوە کردەوە کە پرۆسەکە بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان جێبەجێ کراوە، بە ئامانجی ئەوەی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی پیشەیی و نیشتمانیی دور لە دەستتێوەردانی حزبی و پارێزەری سەرجەم پێکهاتەکان بێت.