حکومەتی هەرێم: ​قەرزی کۆنی کارەبا یان بە داشکاندنەوە بیدەوە یان دەبێتە قیستێکی ناچاری
  2026-09-23     

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕووناکی". بەپێی بڕیارەکە، بۆ دواجار دەرفەت دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا تاوەکو لە داشکاندنی قەرزەکانیان بەڕێژەی تاوەکو ٪٥٠ سوودمەند بن، پێش ئەوەی قەرزەکانیان بەشێوەیەکی ناچاری بکرێتە قیستی مانگانە.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی زانیارییەکان، پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم داشکاندنە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ئەیلوولەوە (مانگی ٩) دەست پێدەکات و تاوەکو ١٨ی تشرینی یەکەم (مانگی ١٠) بەردەوام دەبێت. لەدوای کۆتاییهاتنی ئەم وادەیە، هەر هاوبەشێک قەرزەکانی پاکتاو نەکردبێت، ئەوا ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی خۆکارانە، بڕی قەرزەکەی دەکرێتە قیستی مانگانە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە داشکاندنێکی بۆ بکرێت، ئەمەش پاڵپشت بە ڕاگەیەندراوی پڕۆژەی ڕووناکی کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بڵاوکرایەوە.

​لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، هاوبەشانی کارەبا دەتوانن یەکێک لەم دوو شێوازە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان هەڵبژێرن:

​شێوازی یەکەم: پاکتاوکردنی قەرزەکە لە ماوەی نێوان ٢٤ی ئەیلوول بۆ ١٨ی تشرینی یەکەم، کە تێیدا هاوبەشەکە سوودمەند دەبێت لە داشکاندنێک کە دەگاتە ٪٥٠.

​شێوازی دووەم: مانەوەی قەرزەکە بۆ دوای بەرواری ١٨ی تشرینی یەکەم، کە لەم حاڵەتەدا بڕی قەرزەکە دەکرێتە قیست لەسەر بنەمای کەمترین بڕی پارەدان، و ماوەی دانەوەکە لە نێوان ٦ بۆ ٢٤ مانگ دەبێت.

​بۆ ئەوانەی دەکەونە شێوازی دووەم (واتە دوای ١٨ی مانگی ١٠)، بڕی قیستەکە دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانەی کارەبای "ڕووناکی" و پێویستە لەگەڵیدا بدرێت. هاوکات، ڕێکاری تایبەت بە ماوەی پارەدان (کە ٥٠ ڕۆژە بۆ درەنگکەوتن) بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت.

​سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی داشکاندنەکان لە ماوەی دیاریکراودا، بڕیارەکە هەمان سیستەمی پێشووی پەسەند کردووە، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

​داشکاندنی ٪٥٠ بۆ سەرجەم هاوبەشانی پۆلەکانی ماڵان و کشتوکاڵی.

​داشکاندنی ٪٢٥ بۆ سەرجەم هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی، و دامەزراوەکانی حکومەت (میری)، بەدەر لەو هاوبەشانەی کە فیدەری کارەبای تایبەت بەخۆیان هەیە.

​مەرجی سوودمەندبوون: داشکاندنەکە تەنها لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە هاوبەشەکە پاش شکاندنی بڕی لێخۆشبوونەکە، تەواوی پارەی قەرزەکە بەیەکجار بدات. ئەم پرۆسەیەش لە ڕێگەی سیستەمی "ئی-پسوولە" یان سەردانیکردنی هۆبەکانی فرۆشتنی وزە دەبێت.

​جێی ئاماژەیە، ئامارەکان دەریدەخەن کە لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی تۆمارکراوی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا نزیکەی ٨٠٠ هەزار هاوبەش قەرزی کەڵەکەبووی پێش پڕۆژەی ڕووناکییان لەئەستۆدایە. 

زۆرترین بینراو
لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
مەرجەکانی ناردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران
ئەمریکا مەرج بۆ عەلی زەیدی دادەنێت: دوورخستنەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان سزای دارایی قورس
گەرمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوول بەڕێوەیە؛ کەشناسیی هەرێم پێشبینییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە
بەڵگەنامەکان لەنێو ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە؛ دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرد
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
ئەردۆغان: کۆتایی بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە دەهێنین
کۆمەڵەی پەنابەران: هەواڵی خنکانی کۆچبەرانی ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست ڕاست نییە
پێشنیازێک کارمەندانی بەرگری، ناوخۆ و دژەتیرۆر سەرپشک دەکات لە گۆڕینی میلاکەکەیان بۆ مەدەنی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×