ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم
  2026-09-23     

ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات لە بودجەی 2027 موچەو شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ جێگیربکرێن. هه‌روه‌ها بڕیاریشیدا ماوەی سودمەندبون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبوەکانی کارەبا تا 2026/10/18 درێژبكاته‌وه‌. هه‌روه‌ك بڕیاریشیدا به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان بە مه‌به‌ستی هەماهەنگکردنی چوارچێوە یاساییەکان لەگەڵ یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، داشکاندنی قەرزە کۆنەکانی کارەبا و ڕێکخستنی چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکان، تاوتوێ کرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئەنجومەنی وەزیران، شاندی باڵای دانوستانکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027دا بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی موچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ. هەروەها گرنگیی ڕۆڵی نوێنەر و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی 2027 دوپات کرایەوە.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دوه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌، به‌پێی راگه‌ندراوه‌كه‌، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا ماوەی سودمەندبون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبوەکانی کارەبا لە 2026/9/24 تا 2026/10/18 بە هەمان مەرج و بڕگەکانی بڕیاری پێشو درێژ بکرێتەوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ له‌ بڕگه‌ی سێیه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌دا،  بڕیاری دا به‌ جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان، هاوشانی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە (21)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو، وەک دو یاسای تەواوکاری یەکتر؛ بەمەبەستی کاراکردنی دامەزراوە گشتییەکان، پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی و ئابوریی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگکردنی چوارچێوە یاساییەکان لەگەڵ یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلولی 2026، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، داشکاندنی قەرزە کۆنەکانی کارەبا و ڕێکخستنی چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکانی تاوتوێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە پرۆسەی ڕێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خستەڕو و هەنگاوە ئەنجامدراوەکان و پلان و پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتوی پرۆسەکەی ڕون کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا، هەروەها باس لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بۆ یەکسانکردنی موچە، پلە، دەرماڵە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵ و جێگیرکردنی پێداویستییە دارایییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵی؛ بەو پێیەی هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، لەوانە خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ دەکات؛ بۆیە پێویستە موچە، دەرماڵە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ خەرجییەکانی بەکاربردن، ڕاهێنان، پڕچەککردن و پڕۆژەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێوەری یەکسان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیدا جێگیر بکرێن.

پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەنگاوی گرنگی بڕیوە؛ سەرجەم پێشمەرگەکان تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە، پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەکانیان ئەنجامدراوە و لیستی ناو و زانیارییەکانیان لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ وردبینی کراوە.

دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە دەسکەوتێکی مێژویی و نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان دانا و جەختی لەوە کردەوە، کە یەکخستنەوە تەنها ڕێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دامەزراوەییە بۆ ڕێکخستنی هەمو هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و یەک فەرماندەیی و بڕیاری دامەزراوەیی بە جۆرێک پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی نیشتمانی کە ئامانجی سەرەکی بەرگریکردن بێت لە خاک و خەڵکی کوردستان.

سەرۆک وەزیران جەختیشی لە گرنگی پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و یەکسانکردنی بە هاوتاکانیان لە سوپای عێراق کردەوە .

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و بە دەسکەوتێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی ناوی برد و جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی و پیشەییکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و پاراستنی دەسکەوتەکانی کردەوە. هەروەها پێداگریی لەسەر یەکسانکردنی موچە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵ کرد.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بۆ ئەم هەنگاوە مێژوییە و سوپاسی هەمو ئەو لایەنانەی کرد کە ڕۆڵیان لە سەرخستنی پرۆسەکە هەبوە، بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشانی پرۆسەی ڕێکخستن، چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها داوای لە هەمو لایەنە سیاسییەکان کرد بە گیانی بەرپرسیارییەتی نیشتمانی، پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە بکەن.

ئەنجومەنی وەزیران، شاندی باڵای دانوستانکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027دا بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی موچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ. هەروەها گرنگیی ڕۆڵی نوێنەر و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی 2027 دوپات کرایەوە.

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەدا، دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (299) لە 2026/7/22، سەبارەت بە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبوەکانی هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی سودمەندبون لە بڕیارەکە تاوتوێ کرا.

وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی وردی لەمبارەیەوە خستەڕو و ئاستی وەڵامدانەوەی هاوڵاتییان، بڕی قەرزی یەکلاییکراوە و کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر ڕێکخستنەوەی دۆسیەی قەرزە کەڵەکەبوەکان و دابینکردنی بەشێک لە خەرجییەکانی کەرتی کارەبای ڕونکردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی بڕیارەکە، لە لایەکەوە سوککردنی بارگرانیی دارایی لەسەر هاوڵاتیان و هاندانیانە بۆ یەکلاییکردنەوەی قەرزە کۆنەکانە و لە لایەکی دیکەشەوە، زیادکردنی توانای داراییی وەزارەتی کارەبایە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان، لەوانە کڕینی غازی سروشتی و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزاریی کارەبا.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا ماوەی سودمەندبون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبوەکانی کارەبا لە 2026/9/24 تا 2026/10/18 بە هەمان مەرج و بڕگەکانی بڕیاری پێشو درێژ بکرێتەوە؛ بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێت لە داشکاندنەکە سودمەند بن و قەرزەکانیان یەکلایی بکەنەوە و داهاتی بەدەستهاتوش جارێکی دیکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا خەرج بکرێتەوە.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبونەوەدا، پێشنیاری دەستپێکردنی ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان خرایەڕو؛ بە مەبەستی نزیککردنەوە و هەماهەنگکردنی چوارچێوە یاسایی و ڕێکارییەکانی چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

لە پێشکەشکردنی بابەتەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکانیش بۆ ئەم مەبەستە میوانداری کرا بو، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گرنگیی کۆمپانیا گشتییەکانی وەک ئامرازێکی گرنگی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییە ئابوری، بازرگانی، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان ڕون کردەوە. هەروەها باسی لە چۆنیەتی سودوەرگرتن لە ئەزمونی حکومەتی فیدراڵ لەم بوارەدا کرد، بە شێوەیەک کە دامەزراوە گشتییەکان بتوانن بە کارایی و خێرایی زیاتر چالاکی بکەن و لە هەمان کاتدا پابەند بن بە بنەماکانی چاودێری، شەفافیەت و پاراستنی سامانی گشتی.

دواتر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان، جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیکردنی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان لە بوارەکانی کۆمپانیا، بازرگانی، وەبەرهێنان و چالاکییە ئابورییەکان کردەوە؛ بە مەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازییە یاسایی و ڕێکارییەکان، ئاسانکاریکردن بۆ کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێم بۆ چالاکیکردن لە سەرانسەری عێراق و دروستکردنی ژینگەیەکی یاسایی ڕونتر و گونجاوتر بۆ کەرتی گشتی و تایبەت.

لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری   جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان دا ، هاوشانی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە (21)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو، وەک دو یاسای تەواوکاری یەکتر؛ بە مەبەستی کاراکردنی دامەزراوە گشتییەکان، پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی و ئابوریی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگکردنی چوارچێوە یاساییەکان لەگەڵ یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان.

زۆرترین بینراو
لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
مەرجەکانی ناردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران
ئەمریکا مەرج بۆ عەلی زەیدی دادەنێت: دوورخستنەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان سزای دارایی قورس
گەرمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوول بەڕێوەیە؛ کەشناسیی هەرێم پێشبینییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە
بەڵگەنامەکان لەنێو ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە؛ دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرد
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
ئەردۆغان: کۆتایی بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە دەهێنین
کۆمەڵەی پەنابەران: هەواڵی خنکانی کۆچبەرانی ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست ڕاست نییە
پێشنیازێک کارمەندانی بەرگری، ناوخۆ و دژەتیرۆر سەرپشک دەکات لە گۆڕینی میلاکەکەیان بۆ مەدەنی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×