ڕێککەوتنێکی نوێ: تورکیا بنکەی سەربازیی بەعشیقە ڕادەستی عێراق دەکات
  2026-09-24     

تورکیا و عێراق بە فەرمی ڕێککەوتنی خۆیان ڕاگەیاند سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی بنکەی سەربازیی بەعشیقە لە هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵی، ئەمەش لەسەر بنەمای میکانیزم و خشتەیەکی کاتیی هاوبەش. ئەم ڕاگەیاندنە دوای دیداری نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، و عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هات.

ئاوێنە: ​بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی سەرۆکایەتیی تورکیا و سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق، "لە چوارچێوەی ئەو بەرەوپێشچوونانەی عێراق لە بواری ئەمنیدا بەدەستی هێناوە، هێزەکانی تورکیا کەمپی بەعشیقە - زێلکان بەپێی میکانیزم و کاتێکی دیاریکراو بەشێوەیەکی پلەبەپلە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەن." لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوولا وادە و کاتی دروستی جێبەجێکردنی پرۆسەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

​لە بەشێکی تری ڕێککەوتنەکەدا، هەردولایەن جەختیان لە قووڵکردنەوەی هەماهەنگیی ئەمنی کردووەتەوە لە چوارچێوەی ئەو دانوستانانەی کە تێیدا پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراون. هەروەها هاوڕابوون لەسەر "سەپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق بەسەر قەزای شنگالدا و کۆتاییهێنان بە بوونی هەر توخمێکی چەکداریی بیانیی قەدەغەکراو."

​پێشتر هێزەکانی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەم ناوچەیەی هەرێمی کوردستان دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامداوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە، بەپێی ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ تورکیا، پەکەکە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥ هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و دواتر لە تەممووزی هەمان ساڵدا لە مەراسیمێکدا لە سنوری سلێمانی چەکەکانی ڕادەست کرد. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا، هێشتا ژمارەیەکی کەم لە چەکدارەکانیان لەو ناوچەیەدا ماونەتەوە.

​لە سەرەتای ئەم مانگەدا، حکومەتی عێراق دووپاتیکردەوە کە شنگال دەخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکانی، و ئاماژەی بەوە کرد کە قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خەڵکی قەزاکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دڵنیاییدان بە داهاتووی ناوچەکە.

​ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئەنقەرە و بەغدا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە مەیدانییەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی شنگال لەگەڵ سووریا و دەرکردنی چەکدارە ناعێراقییەکان. قاسم محەممەد ساڵح، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی عێراق، ڕایگەیاندبوو کە عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپا، ڕاسپێردراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی ئەمنیی شارەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە مانەوەی هەر چەکدارێکی دەرەوەی یاسا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنی چەکدارە عێراقییەکان لەناو دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا.

​بەپێی زانیارییە ناوخۆیی و ئەمنییەکان، زۆرینەی گرووپە چەکدارە ئێزیدییەکانی ناو شنگال و دەوروبەری، ڕەزامەندییان داوە لەسەر ڕادەستکردنی چەکە قورس و جۆراوجۆرەکانیان لە بەرامبەر دامەزراندنیان لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. ئەم لێکتێگەیشتنە چەندین گرووپ دەگرێتەوە، وەک "یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، لالش، پێشمەرگەی شنگال، ئێزیدیخان، و هێزەکانی چیای شنگال"، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ چوونە ناوەوەی سوپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە و کۆتاییهێنان بە ناوچە سەربازییە داخراوەکان.

​مێژووی بوونی چەکدارانی نزیک لە پەکەکە لە شنگال دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێرشەکانی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤، کە دواتر چەندین گرووپی چەکداریان لە ناو پێکهاتەی ئێزیدی لە ناوچەکە پێکهێنا. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەم دۆخە بووەتە هۆی چەندین پێکدادان لە نێوان ئەو گرووپانە و سوپای عێراق، و بوونی چەکی بێمۆڵەتیش وەک بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم گەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارە و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە و دەوروبەری سەیر دەکرا.

زۆرترین بینراو
كچه‌ خوێندكارێكی 10 ساڵان له‌ خوێندنگه‌یه‌كی سلێمانی گیانی له‌ده‌ستدا
بڕیارەکانی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران
پزیشكیان بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌: هیچ كه‌س به‌ته‌نیا خاوه‌نی ئاسایش نابێت
سزاکانی ئەمریکا گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ چەندین وڵات پەکدەخات؛ تاران پەیامێکی دیپلۆماسی ئاراستەی سعودیە دەکات
ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ سێ سیناریۆی سەربازی دژی ئێران دەکات
دەم پارتی: لە ڕۆژانی داهاتودا چاوەڕوانی پێشهاتی گرنگ دەکەین بۆ چه‌كدانان
حکومەتی هەرێم: ​قەرزی کۆنی کارەبا یان بە داشکاندنەوە بیدەوە یان دەبێتە قیستێکی ناچاری
بە تۆمەتی "دەوڵەمەندبوونی نایاسایی"؛ سزای ٧ ساڵ زیندانیکردن بەسەر پەرلەمانتار ئەشواق سالم سەپێندرا و دەست بەسەر سامانەکەیدا گیرا
زه‌یدی و تره‌مپ هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا له‌پێناو سه‌قامگیریی ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كه‌ن
زه‌یدی و ئه‌ردۆغان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا سه‌ربازگه‌ی باشیك راده‌ستی عێراق بكه‌نه‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×