لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، چوار نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کۆڵبەرانی کورد و کاسبکارانی بەلووچ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەربڕی. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە حکومەتی ئێران قەرەبووی زیانەکان بۆ خێزانی قوربانییان دابین بکات و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەسەر سەرجەم حاڵەتەکانی کوشتنی ئەو کەسانە ئەنجام بدات.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن نێردە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٢ کۆڵبەری کورد و ١٣ کاسبکاری سووتەمەنیی بەلووچ بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ژمارەیەک لەو کەسانە لە کاتی بەئامانجگرتنیاندا هیچ جۆرە کاڵایەکیان پێنەبووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە دامەزراوە فەرمییەکانی ئێران هیچ ئامارێک لەسەر ئەم بابەتە بڵاو ناکەنەوە، بەهۆیەوە ئەرکی تۆمارکردن و بەبەڵگەکردنی ئەم ڕووداوانە کەوتووەتە سەر شانی خێزانی قوربانییان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. هاوکات داوا کراوە دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان، وەڵامدانەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، هەروەها مافی ئەوە بەو هاووڵاتییانە بدرێت کە بژێوییەکی سەلامەتیان هەبێت بەبێ ئەوەی مەترسی بۆ سەر گیانیان دروست ببێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە بارودۆخی سەختی ئەم چینە کراوە و هاتووە: "کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بەلووچ لە ڕیزی پەراوێزخراوترین توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێراندان. ئەم کەسانە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچارن ڕوو لە گواستنەوەی کاڵا و سووتەمەنی بکەن لە ناوچە سنوورییەکان، کە باجی ئەم هەژارییەش بە گیانی خۆیان دەدەن."
ئەو بەرپرسە نێودەوڵەتییانەی واژۆیان لەسەر ئەم ڕاگەیەندراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بریتین لە: مای ساتۆ (نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران)، مووریس تیدباڵ-بینز (نێردەی تایبەت بۆ پرسی لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا و نایاسایی)، ئێلێنا کارۆلینا دیاز گێلان (نێردەی تایبەت بۆ پرسی هەژاریی سەخت و مافەکانی مرۆڤ)، لەگەڵ نیکۆلا لۆرات (نێردەی تایبەت بۆ کاروباری کەمینەکان).