لە درێژەی گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە توندی وەڵامی ئەو لێدوانانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای دایەوە کە پێشتر هێرشی کردبووە سەر ئیسرائیل.
ئاوێنە: لە پەیامێکدا، کاتز سەرۆک کۆماری تورکیای بە "سوڵتانی کاغەز" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەردۆغان تەنها لە کاتی وتارداندا کەسێکی بەهێزە، بەڵام لە ڕووی کردارەوە لاوازە. وەک پاساوێکیش بۆ ئەم قسەیە، ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی تورکیا تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بۆ ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئێران نەبووە کە کراونەتە سەر وڵاتەکەی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەنقەرە گرت لە پەیوەندی بە هاوپەیمانییە ناوچەییەکانەوە و وتی: "ئەردۆغان ڕێککەوتننامەی 'مەککە'ی بۆ بەرگریکردن لە سعوودیە واژۆ کردووە، بەڵام کاتێک چەکدارە حووسییەکان مووشەکیان ئاراستەی شاری مەککە کرد و داوای لێکرا پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت، بە تەواوی ون بوو و بێدەنگی هەڵبژارد."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کاتز پێشنیاری بۆ سەرۆکی تورکیا کرد کە دەست لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئیسرائیل هەڵبگرێت و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل وڵاتێکی بەهێزە و زۆر باش دەزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات. هەروەها وتیشی: "ئێمە کورد و ئەو خەڵکە بێدەسەڵاتە نین کە تا ئەمڕۆش لە ناوخۆی تورکیادا دەیانچەوسێنیتەوە."