وهزارهتی خوێندنی باڵاو توێژینهوهی زانستیی ههریم رایگهیاند، زانکۆلاین بۆ ماوهی 48 سەعات درێژکرایەوە. دهشڵێت، تاوهكو ئێستا 70%ی دەرچوانی ئەمساڵ داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەشکردوە.
ئاوێنه: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی ههرێم، ئێوارهی ئهمڕۆ پێنجشهممه، لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (48) سەعاتى دیکە واتە تا سەعات (12)ی شەوی رۆژی شەممە رێکەوتى (2026/9/26) بۆ دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.
ئهوهشی خستۆتهڕو، تاوەکو ئێستا (70%)ی دەرچوانی ئەمساڵ داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەشکردوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیگهیاندوه، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى ئەمساڵ، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەرچوانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 سەعاتەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژهی بهوهشداوه، ئەمە دوایین دەرفەتەو چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى زانکۆلاین یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو 48 سەعاتەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.