جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دەدات لە ئەگەری دروستبوونی بۆشایی ئەمنی بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە و داوای خۆڕێکخستنەوەی هێزە ناوخۆییەکان دەکات. ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە مانەوەی هاوپەیمانان کاتییە و خۆیان بە ڕوونی ئەو پەیامەیان گەیاندووە کە ڕۆژێک دێت هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵن.
ئاوێنە: لە پەیامەکەیدا، جێگری سەرۆکی هەرێم داوا دەکات دامەزراوە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، لەبری پشتبەستنی هەمیشەیی بە هێزەکانی دەرەوە، کار بۆ بونیادنانی تواناکانی خۆیان بکەن، ئەو دەڵێت: خۆ دنیا کاول نابێت ئەگەر ئەمریکییەکان بڕۆن دەبێت وەرمان بەرز بێت.
ئاماژە بەوەش دەکات کە وەک خاوەنی سەرەکیی ئەم هەرێمە، ئەرکی هێزە ناوخۆییەکانە بەردەوام بن لە مەشقکردن و خۆئامادەکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە قۆناغی دوای هاوپەیماناندا، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بە پشتبەستن بە هێزەکانی خۆی ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان ببێتەوە.