بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوزەوە بڵاوکراونەتەوە، دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکراون و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵە بە ناوی "پەژمان ئەمانی" کە خەڵکی شاری سەقزە. لە کاتی چوونە سەر ماڵەکەیان بۆ دەستگیرکردنی، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی تایبەتیی پەژمان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیدا گرتووە، لەوانەش مۆبایلی دایک، باوک و براکەی و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەر لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "شاهین مستەفازادە"، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات چوونەتە سەر ماڵەکەی، دەستبەسەر کراوە و ئەویش بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، هیچ جۆرە ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، جۆری ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە ئارادا نییە و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.