"هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ داوای بەرزکردنەوەی پشکەکەی بۆ ١٤.٦٧% دەکات"
  2026-09-26     

میدیای کودستان24 بڵاویکردەوە، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بە قەبارەی نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینار و کورتهێنانی ٧٠ ترلیۆن دینار گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی؛ هاوکات پرسی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نێوان ١٢.٦٧% بۆ ١٤.٦٧% و هەڵوەشاندنەوەی مەرجی 'ئینفاقی فیعلی' دوو گرنگترین خاڵی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدان.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە بەپێی زانیارییەکانی میدیای نزیک لە پارتی، دوابەدوای گەڕانەوەی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک، لیژنەی تایبەتمەندی نوسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ لە وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکو بەپێی وادەی دیاریکراو، پڕۆژەکە تا ١٥ـی تشرینی یەکەم لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، قەبارەی گشتیی بودجەی ٢٠٢٧ی عێراق بە نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینار و قەبارەی کورتهێنانیش لەنێوان ٦٥ تا ٧٠ ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. هەروەها بەهۆی دۆخی ناجێگیری هەناردەکردن و گرژییەکانی گەرووی هورمز، نرخی نەوت لەنێو پڕۆژەکەدا لە نێوان ٥٥ بۆ ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری دەکرێت.

هر بەپێی میدیاکە، سەرەڕای ئەرێنیبوونی کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەم دواییە، دوو کێشەی سەرەکی هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

هاوکات، وەزارەتی دارایی عێراق لە رەشنووسەکەدا دەیەوێت مامەڵەی ئینفاقی فیعلی لەگەڵ شایستەکانی هەرێم بکات، لەکاتێکدا شاندی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی ئەم بڕگەیە بە تەواوی لاببرێت، چونکە هۆکاری سەرەکیی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بووە لە رابردوودا.

هەروەها هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەپێی دواین داتاکانی سەرژمێریی گشتی پشکەکەی بۆ ١٤.٦٧% بەرز بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تائێستا پشکی هەرێمی بە ١٢.٦٧% دیاری کردووە.

خاڵێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەستە بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست، کرێی ڕۆژانە و دەرچووانی پەیمانگاکانی نەوت، کە هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەپێی رێژەی شایستە، ئەو دەرفەتانە دەرچووان و کارمەندانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و لە بودجەدا جێگیر بکرێت.

ئەو میدیا پارتیە بڵاویشیکردووەتەوە، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، شاندی باڵا و تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەنەوە، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەم خاڵانە و داڕشتنی دەقی کۆتایی پێش ئەوەی پڕۆژەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دەنگی لەسەر بدرێت.
 

زۆرترین بینراو
گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیی دۆلار بازاڕەکانی عێراقی شڵەژاند
پژاک پەیامێک ئاراستەی ئێران دەکات: بژاردەکانتان یان جەنگ و وێرانییە یان ئاشتی و دیموکراسی
بانکی ناوەندی عێراق: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە
فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا: به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار، موچه‌ی هاوڵاتیان به‌ڕێژه‌ی 20% كه‌م ده‌بێته‌وه‌
لە بەغداد خۆپیشاندان دژی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار دەستیپێکرد و بەشێک لە بازاڕەکان داخران
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ سیسته‌مێكی به‌رگریی ئاسمانیمان وه‌رنه‌گرتوه‌
بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا کرد و بڕیارێکی گومرگیشی هەڵوەشاندەوە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: په‌رله‌مان ناتوانێت نرخی دۆلار دیاری بكات
حوسییەکان فڕۆکەخانەی عەدەنیان موشەکباران کرد؛ گرژییە سەربازییەکان لە یەمەن و سنوورەکانی سعودیە پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە
بانکی ناوەندی ئاشکرای دەکات: چەندین نوسراومان بۆ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کردووە و وەڵامیان نەداوینەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×