حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بە هۆی مامەڵەنەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێرییە گشتییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەم کراوەتەوە مەترسیش لەسەر پشکەکەی لە بودجەدا دروست بووە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق گرت و ڕایگەیاند، دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2024، حکومەتی فیدراڵی بەپێچەوانەی ڕێککەوتنە پێشوەختەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بەشێوەیەکی تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەکانی پڕۆسەکە کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە دیارترین پێشێلکارییش کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە لە 14.14٪ بۆ 12.68٪، کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027، دروست دەکات.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند پڕۆژەی بودجەی بۆ ئەنجومەنی وەزاری ئابووری ناردووە و دوای ڕۆژێکیش لەلایەن ئەنجومەنەکەوە پەسەند کرا.