پارێزگاری کەرکوک، محەمەد سەمعان ئاغا، بڕیاریدا ئەو دوو گەنجە کوردەی لە ناحیەی پردێ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقدا گیانیان لەدەستدا، وەک شەهید هەژمار بکرێن و فەرمانی بە دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگاکە کردووە ڕێکارە یاساییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، پارێزگاری کەرکوک ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕاسپاردەی ئاڕاستەی دامەزراوەی شەهیدانی کەرکوک کردووە تاوەکو مامەڵەی فەرمیی شەهیدبوون بۆ هەریەک لە (موراد زانا) و (محەمەد هێمن) بکەن، کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بەهەڵە بوونە قوربانی.
ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی یەکشەممە (٢٧ی مانگ)، کاتێک هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکوک چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارییەوە لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری داعش. لە ئەنجامی شەڕەکەدا و بەهۆی تەقەی هەڕەمەکییەوە، ئەو دوو مێردمنداڵە گیانیان لەدەستدا.
سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای ڕووداوەکەدا هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژراوەکانیان وەک چەکداری داعش ناساندبوو، بەڵام دواتر بەدواداچوونەکان سەلماندیان کە هەردووکیان هاووڵاتیی مەدەنین و تەنها وەک کرێکار لەو مارکێتەدا کاریان کردووە کە بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانەکە.