مەزڵوم عەبدی پەیامێکی لەسەر پەروەردەی زمانی کوردی لە سوریا بڵاوکردەوە
  2026-09-29     

مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا، پەیامێکی بۆ قوتابیان و خێزانەکانیان نارد و داوای کرد ساڵی نوێی خوێندن بەردەوام بێت و دەڵێت "هەموو ئەو خێزانانەی کە بە هەموو ئەو شەڕ و زۆر و زەحمەتانەوە منداڵەکانیان ناردووە بۆ خوێندنی زمانی کوردی، سڵاویان لێ دەکەم".

 

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە بابەتی پەروەردەی زمانی کوردی، بارودۆخی قوتابخانەکان، زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانی، پەیامێکی ڤیدیۆیی لەڕێگەی هاوارەوە بڵاوکردەوە.

ناوەڕۆکی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
گەلی بەڕێزی ئێمە، زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە. پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی خەباتی ئێمە تا ئەمڕۆ. فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سروشتیی هەموو گەلانە، و بۆ گەلی کوردیش فێربوون بە زمانی کوردی مافێکی سەرەکی و سروشتییە. لەماوەی ئەو ١٤ ساڵەی قەیرانەدا، لە شۆڕشی ڕۆژئاوا هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر بۆ فێرکردن و خوێندنی زمانی کوردی دراوە. لە کاتێکدا کە لە شەڕدا بووین، سیستەمێکی خوێندن دامەزرا. هەرچەندە کەموکوڕی و لاوازیی خۆی هەبوو، بەڵام شتێکی نوێ بوو و هەنگاوێکی مێژوویی بوو لە مێژووی ڕۆژئاوا.
بەم بۆنەیەوە، هەموو ئەو خێزانانەی کە بە هەموو ئەو شەڕ و زۆر و زەحمەتانەوە منداڵەکانیان ناردووە بۆ خوێندنی زمانی کوردی، سڵاویان لێ دەکەم. هەموو مامۆستا و کارمەندەکانمانیش کە لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەی ڕابردوودا لەپێناوی فێرکردن و خوێندنی زمانی کوردی ماندوونەبوون و کۆشش و تێکۆشانیان کردووە، پیرۆزباییان لێ دەکەم.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، کە ساڵێک و ٨ مانگ تێپەڕیوە، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە بەشێکی فەرمی لە سیستەمی پەروەردەی سوریە بەردەوامن. بۆ ئەمە چەندین کۆبوونەوە، هەوڵ و گفتوگۆ کراوە. لە ئەنجامی ئەوانەدا، وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی سەبارەت بە زمانی کوردی دا. گەل و قوتابییەکانمان بەهۆی ئەوەی ئەو بڕیارەیان بەس نەزانی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕی و خەباتیان کردووە. ئەمە مافی قوتابییەکانمانە و ئێمەش لە پاڵیانین.
بەڵام، چونکە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێکردووە، ئێمە لە قۆناغێکی گواستنەوەداین. پێویستە سیستەمی خوێندن بە سەرکەوتوویی بەردەوام بکەین و ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی کە لە قوتابخانە کوردییەکان خوێندوویانە تووشی کێشە و زەحمەت نەبن، ڕێکارەکان وەرگیراون. ئەو منداڵانە کێشە و زەحمەتیان نابێت؛ لەلایەک فێری زمانی عەرەبی دەبن و لەلایەکی دیکەش خوێندنەکانیان بە زمانی کوردی بەردەوام دەکەن.
داواکاریی ئێمە لە خێزان و قوتابییەکانمان ئەوەیە کە منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەو قوتابخانانەی کە زمانی کوردی تێیاندا بنەما و سەرەکییە، بۆ ئەوەی ئەم ساڵی نوێی خوێندنە لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت و ساڵی داهاتوو بتوانین لە بابەتی زمانی کوردیدا بە ئاستێکی بەرزتر دەستکەوت بەدەست بهێنین. ئەمەش دەبێتە بناغەیەکی سەرەکی بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانی خۆمان بە تەواوی لە بابەتی زمانی کوردی بەدەست بهێنین.
ئەمساڵ خوێندنی پۆلی ٩ و بەکالۆریا بەپێی سیستەمی ڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بەڕێوە دەچێت.
بۆیە داواکاریی من لە هەموو قوتابییەکان ئەوەیە کە خوێندنەکانیان لەم دوو پۆلەدا، بەپێی سیستەمی پێشووی خوێندنی کوردی بەردەوام بکەن، بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان زیاتر مسۆگەر بکەن.
هێشتا کۆبوونەوە و گفتوگۆکان بۆ فەرمیبوونی زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانی بەردەوامن، بڕیاری کۆتایی هێشتا نەدراوەتە دەرەوە، بەڵام ئێمە بەو هیوایەین کە لەم بابەتەشدا بڕیارێکی گونجاو بۆ قوتابییەکانی هەردوو زانکۆکەمان بدرێت.
داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی هەردوو زانکۆکە، ئەو قوتابییانەی بەکالۆریایان بە زمانی کوردی تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن شوێنی خۆیان لە هەردوو زانکۆکەدا بەدەست بهێنن، مۆعادەلەکانیان بەپێی سیستەمی وەزارەتی پەروەردەی باڵا دەرخەن و پێشکەشی بکەن.
لە کۆتاییدا، ساڵی نوێی خوێندن پیرۆز دەکەم و بۆ هەمووان سەرکەوتن بەئاوات دەخوازم.

 

زۆرترین بینراو
لەسەر هێرشەکانی دژی کورد و پارەدارکردنی حەماس، نەتەنیاهۆ سکاڵا دژی ئەردۆغان تۆمار دەکات
"عێراق له‌به‌رده‌م دو بژارده‌دایه‌ كه‌ شیرینتره‌كه‌یشیان هه‌ر تاڵه‌"
پەردە لەسەر هێرشەکەی سەر بۆری نەوتی سعوودیە لادەدرێت؛ عێراق گروپەکانی سەر بە ئێران و حوسییەکان تۆمەتبار دەکات
عێراق بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغداد وەردەگرێتەوە و جەخت لە سەروەریی بڕیاری ئەمنی دەکاتەوە
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان: بڕیاره‌كه‌ی دادگا كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كاركردن
باڵاپۆشی زۆرەملێ لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خرایە بواری جێبەجێکردنەوە
منداڵ لە جینۆسایدی ئەرمەندا
وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆشداری دەداتە زانکۆ تایبەتەکان: وەرگرتنی پێشوەختەی کرێی خوێندن قەدەغەیە
​لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا ٨ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون
میدیای ره‌سمی عێراق: گه‌شته‌كانی نێوان فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف و فڕۆكه‌خانه‌كانی ئێران ده‌ستیانپێكرده‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×