ئەدهەم بارزانی لەمیانی بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەستخۆشی لە هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و بەڵام دەبوو زووتر دەربچن لە خاکی عێراق، دەشڵێت "ئەمە یەکێکە لە هەواڵە خۆشەکان وەک جەژنێک سەیری کۆتایهێنانی داگیرکاری وڵات دەکەین".
ئاوێنە: ئەدهەم بارزانی بڵاویکردەوە "وەک ئاشکرایە ساڵی ٢٠٠٣ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشێکی گەورەو بەرفراوانی کردە سەر خاکی عێراق بۆ گۆڕینی ڕژێمی بەعس، کە ئەمە جێگەی دەستخۆشی زۆر بوو، لەو سەردەمەشدا هەموومان دەستخۆشیمان لێکردن، کە توانی دیکتاتۆرێکی گەورەی وەک سەدام حوسێن لەسەر حکوم لابات".
بەڵام وتیشی "پاش لابردنی سەدام پێویست بوو ئەمریکا لە خاکی عێراق بەزووترین کات دەربچێت، بەداخەوە لەو کاتەوە تا ئێستا کە دەکاتە ٢٣ ساڵ لە عێراق و کوردستان ماوەتەوە، خۆی و هێرشەکەی بۆسەر عێراق وەک داگیرکاریەک و داگیرکەرێک ناساند و حاکمێکی دانا بۆ عێراق بەناوی پۆل برێمەر".
ئەدهەم بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە کە هێزەکانی ئەمریکا دوای ئەو هەموو ساڵە کە بڕیاری دەرچوونیان داوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، "ئەمە یەکێکە لە هەواڵە خۆشەکان وەک جەژنێک سەیری کۆتایهێنانی داگیرکاری وڵات دەکەین، کە سەروەری خۆی بە دەست دێنێ و وڵاتمان لە داگیرکاری ڕزگاری دەبێت، لە بەسرەوە تاکوو زاخۆ پێویستە بۆ ئازادی ئاهەنگ بگێڕین".
لە کۆتایدا ناوبراو هیوای خواست شوێنەکانی تریش لە هەرێمی کوردستان تەنها "بستێکی خاکی وڵاتمان" لەژێر دەستی هیچ داگیرکەرێکدا نەمێنێت و لەگەڵ هەموو گەلانی تری رۆژهەڵاتی "ناڤین پێکەوە و بەوپەڕی ئاسودەییەوە لەسەر خاکمان بژین".