تا درەنگانی شەوی رابردوو، ژمارەیەک لە گەنجان و دانیشتووانی ناحیەی پردێ لەسەر شەقامەکان مانەوە و لە رێگەی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەوە ناڕەزایەتیی توندیان دەربڕی. وەک بەشێک لە هەڵوێستەکانیان، خۆپیشاندەران رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و کەرکوکیان بەڕووی هاتوچۆدا داخست.
ئاوێنە: هۆکاری سەرەکیی ئەم گرژییانە دەگەڕێتەوە بۆ رووداوی کوژرانی دوو گەنجی کوردی دانیشتووی ناوچەکە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆری عێراقەوە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکدا و بە بیانووی راوەدوونانی چەکدارانی داعش تەقەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا. توڕەیی خۆپیشاندەران دوای ئەوە زیاتر بوو کە تەرمی یەکێک لە گەنجەکان بە ناوی (محەممەد هێمن)، دوای دوو رۆژ هێشتنەوەی لای هێزە ئەمنییەکان، رادەستی خانەوادەکەی کرایەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر لەلایەن ئەو هێزانەوە وەک چەکدارێکی داعش ناسێنرابوو.
لە میانی گردبوونەوەکەدا، گەنجانی پردێ کۆمەڵێک داواکارییان خستەڕوو، لە دیارترینیان دەرچوون و کشانەوەی ئەو هێزە ئەمنییەیە لە ناوچەکە کە بەرپرسە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەنجە. هەروەها هۆشدارییان دا کە تاوەکو دادپەروەری جێبەجێ نەکرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ بکەرانی ئەو کارەدا نەکرێت، بەردەوام دەبن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان.
لەسەر ئاستی فەرمیش، رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ بە بڕیار و فەرمانی راستەوخۆی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونێکی ورد لەسەر ئەو رووداوەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەنجە. ناوبراو دڵنیاییشی دا کە ئەو هێزەی لەوێ ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە، بەپێی یاسا لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی تەواوی لەگەڵدا دەکرێت.