سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆرى عێراق بۆ داواى لێبووردن دەچێتە پردێ
  2026-09-30     

سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بڕیارە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ئەم دواییە، سەردانی شارەدێی پردێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک بکات. ئامانج لە سەردانەکە بەشداریکردنە لە پرسەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە کوردانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەست دا، لەگەڵ پێشکەشکردنی داوای لێبووردن بە کەسوکاریان و لێپرسینەوە لە تەواوی ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا کەمتەرخەم بوون.

ئاوێنە: ​لەم بارەیەوە، مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وردەکاریی زیاتری لەسەر سەردانەکەی زەید حوشی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق خستەڕوو. ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند، بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی دەزگاکە بە شێوەیەکی مەیدانی بگاتە کەرکووک و ڕاستەوخۆ سەردانی ماڵی قوربانییەکانی پردێ بکات بۆ بەشداریکردن لە پرسەکانیان.

​مازن غەریب ئاماژەی بەوەش کرد، زەید حوشی لە پەیامێکدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بێتە کەرکووک و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکان بکات. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ڕێکاری یاسایی و لێپرسینەوە بەرامبەر بە تەواوی ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکەدا کەمتەرخەم بوون. هاوکات، ئامادەیی خۆیشی نیشان داوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی ماددی و مەعنەوی بە خانەوادەی قوربانییەکان.

​سەبارەت بە پاشخانی ڕووداوەکەش، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە شارەدێی پردێ ئۆپەراسیۆنێکیان دژی چەکدارێکی ڕێکخراوی داعش ئەنجام دا. لە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوو چەکداری داعشیان کوشتووە و هاووڵاتییەکی مەدەنییش گیانی لەدەست داوە. بەڵام دواتر لە بەدواداچوونەکاندا دەرکەوت کە تەنیا یەک چەکداری داعش کوژراوە، و ئەو کەسەی دیکە کە وەک چەکدار ناسێندرابوو، هاووڵاتییەکی مەدەنیی کوردی دانیشتووی ناوچەکەیە. ئاشکرابوونی ئەم ڕاستییە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی توندی دانیشتووانی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شارەدێکە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×